لە خۆشی چاوەکەت، دڵ کاری ناقۆڵا نەکا چ بکا؟
لە کتێبی:
دیوانی ڕاجی
بەرهەمی:
ڕاجی (1912-1969)
1 خولەک
234 بینین
لە خۆشی چاوەکەت، دڵ کاری ناقۆڵا نەکا چ بکا؟
بە ناوی نارەوەن باڵات بە دەم سەودا نەکا چ بکا؟
لە پێ ئاهەنگی کوردانا، لە مەیدانی هونەرمەندی
بە نووکی نێزەوە دڵ هەمسەری ئاڵا نەکا چ بکا؟
سەحەر پەردەی کە لادا، تووشی هەر کۆمەڵ ئەبێ، هەرلا
لە ڕازی ڕۆژەوە سۆزی دڵان پەیدا نەکا چ بکا؟
سەری سەودازەدەم، سەر تەختەیی جامی خەراباتە
کە دامێنی بە مەستی، ماڵەیی سەهبا نەکا چ بکا؟
بە بەزمی بادەوە ساقی، کەوای پیرانی گوڵگوون کرد
کە گۆیندە چریکەی ڕوو لە عەرشی خوا نەکا چ بکا؟
لە تاریکی خەیاڵاتا نەفەوتاوم، دڵی سافم
بە نووری عیشقەوە، ئەم چاوە گەر بینا نەکا چ بکا؟
لە عالەمدا هومێدی دڵ نەما، بێچارە وا ماوە
لە ناو پەردەی تەوەککول، خۆی ئەگەر تەنیا نەکا چ بکا؟
بە شیرینی ستاندی لێوی گوڵڕوویان، دڵی ئێمە
کە تاڵاوی هەموو جێگای بە جەرگیدا نەکا چ بکا؟
دڵی پڕ حەسرەتی ڕاجیناسناوی ئەدەبی، لە کونجی سینە ناگونجێ
لە ڕێی سەرکەوتنی کوردی، کە واوەیلا نەکا چ بکا؟