ڕۆژانە

لە کتێبی:
نسێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  606 بینین
لە «میترۆ»دا منیش خەونێکی درێژی کوناودەرم
هەموو ڕۆژێ چەندین کەڕەت
نیشتمانم بە تونێلدا ڕائەکێشم و
چەندین کەڕەت سلێمانی سەر ئەخەم و
شاخی «گۆیژە» دائەگرم و چەندین کەڕەت
یادگارم پێوە ئەدەم،
ئەیکەمەوە و چەندین کەڕەت
هێڵی وڕێنەم ئەگۆڕم!
لە «میترۆ»دا منیش خەونێکی درێژی کوناودەرم
ڕابوردووم تەقەتەقێتی و
لە ئێستەیشدا، شپرزەییم
واگۆنێکە و ڕامئەژەنێ و
بۆ سبەینێش
دیسانەوە
تۆنێلێک و ڕێیەکم: ون!