گڕی کورەی دڵی من هێند بە تابە ئیمشەو
لە کتێبی:
ڕۆحی مەولانا خالید
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
616 بینین
گڕی کورەی دڵی من هێند بە تابە ئیمشەو
سەبر و ئارامی لەلا نەخشی سەر ئابە ئیمشەو
بە هەوای سوێری لێو و مەیی دیدەیی تۆوە
دڵ لەباتی مەزە وا عەینی کەبابە ئیمشەو
گوڵی ڕووی تۆ کە لە چاوی منا نەخشی بەست
ئاوی چاوم دەتکێ عەینی گوڵابە ئیمشەو
ڕووی زەمین پاکی لە لافاوی سروشکم پڕ بووە
ماڵی خۆیشم وەها بەو سەیلە خەرابە ئیمشەو
خۆم خەوم نایێتە چاو تاکوو بە خەو بتبینم
کەچی بەختی کەچم چاوی بە خوابە ئیمشەو
هێندە تینووم بە تنۆکێکی زوڵاڵی لێوی تۆ
هەموو مەعموورە لە لام، مەوجی سەرابە ئیمشەو
بە خەیاڵی نیگەهی دیدەیی مەست و خاڵت
ئەو چ دەربەستی مەیی و یادەیی نابە ئیمشەو