(...)
لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
1 خولەک
714 بینین
دڵم وەک هێلانەی باڵندەی ئازارە
تیایا هەر ناڵە و جریوە و هاوارە
دڵم وەک شمشاڵی شوانێکی بێ ناوە
لە چیای خەمێکی گەردەنکەش گیرساوە
ئەم دڵە، ئەم پلە گۆشتە پڕ لە ڕازە
نازانم بۆ لە گەڵ شادیا ناسازە
خەم نەبێ دنیایەک ناتوانێ بیدوێنێ
پاوانە و، غەریبە، شەقڵەکەی ناشکێنێ
ئەم دڵە، ئەم کۆنە شمشاڵە پڕ سۆزە
هێلانەی خەماژۆی عەشقێکی پیرۆزە
گیرۆدەی ئەوینە لێگەڕێن با تەنیا
پڕ بکات لە هاوار سەرانسەر ئەم دنیا
ئەم دڵە، ئەوەندە کەوتۆتە بەر پلار
کون کونە بە نیشی خەنجەری ڕۆژگار
بە قامکی خەم نەبێ هەرگیز ئەم شمشاڵە
بەستەیەک نابێژێ ناخرۆشێ بە ناڵە