ماچی شیرین
لە کتێبی:
تاریک و ڕوون
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
1 خولەک
4123 بینین
بە منداڵی لە لێوی ئاڵی تۆم ئەستاندووە ماچێ
بە پیریش لەززەتی ئەو ماچە شیرینەم لەبیر ناچێ
بە سەد دکتۆر و دەرمان و پەرستار ناکرێ چارەی
کەسێک تیری مژۆڵی ئەو کچە کوردەی لە دڵ ڕاچێ
دەکا گیرۆدەتر پیرانی دڵتەڕ ئەو کچە کوردەی
بچێتە مەکتەب و بسکی بە مۆدەی تازە هەڵپاچێ
خەم و دەردی زەمانە پیری کردم وشک و بێ زەوقم
کە شاعیر وشک و بێ شۆر بوو لەناو خەڵکی دەبێ لاچێ
لە گۆشەی بێکەسیدا ئێستە وا دڵتەنگ و خەمبارم
نییە باکم ئەگەر ماڵم بە جارێکی بە قوڕدا چێ
بەشی کوردێکی زانا لەم وڵاتە مەینەت و دەردە
ئەوەی نەتویست بڵێ ڕەببی بە دەردی کوردی زانا چێ
لەناو بازاڕی ئەوڕۆکەی ئەدەبدا شێعری تۆ هێمنناسناوی ئەدەبی
وەکوو پووڵی چرووکە، هیچ ڕەواجێکی نییە، ناچێ