دوایین نامە

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  374 بینین
دوایین نامەم
پەڵە هەورێکی دڵتەنگە
بە ئاخی دڵ ئاخنراوە!
وشەکانی
دڵۆپ دڵۆپ
بە خوێن، بە ئەسرین، نووسراوە!
کاتێ نامە هەورینەکەم دەکەیتەوە
ئاگات لێ بێ
سینگ و بەرۆکت تەڕ نەبێ
هەندێ وشەم
تینوون، تامەزرون، بەدفەڕن!
چمکی داوێنەکەت هەڵکە
نەکا وشەی خوێن سووری کا
ئاخر پۆلیس، ماوەیەکە
بۆ قاتڵی من دەگەڕێن!