عەزرەت

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  648 بینین
ئەوەندە ژین سامناک و تفت و تاڵە
ئەوەندە ڕێم سەخت و پڕ دڕک و داڵە
ئەوندە دڵ، کەوتۆتە بەر پەلامار
گیانم پڕە لە زەخم و ئێش و ئازار
هێندە هیوا و ئاواتم هەڵپڕووکا
پشتم لە ژێر باری خەما پڕووکا
هێندە خۆزگە و تاسە و حەزم ناشتووە
هەمووم بە خوێن، بە فرمێسکم شوشتووە
ئەوەندەیان خەنجەر لە گیانم چەقان
زووخی هەزار بلۆقی خەمیان تەقان
هێندە داخی خەمیان چزان بە جەرگا
(لە عەزرەتا باوەش ئەکەم بە مەرگا)