بێ قەرار

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  467 بینین
من تاسەیەکی ئاوارەم
هەر ئەڕۆم و
ڕێگا لە ناو تەم و مژدا ونم دەکا!
هەر ئەڕۆ و...
هەنگاوە فێ گرتووەکانم
بەرەو نامۆی دوورم دەبا!
من دڵداری دەریایەکم
بە شەپۆڵە یاخیەکانی
تینوویەتی هەموو وەرزە نامۆییەکانم بشکێنێ.
چەپکە گڕێکی دوور کەوتووی کڵپەی عەشقم
لرفە ئەکەم بەرەو ئاسمان
بەو ئاواتەی بمباتەوە بۆ ئاگردان!
گەردەلوولێ
نەرمە شنە بای ئەوینێ! ...
بێ قەرارم
نەهەنگێکی تووڕە لە نێو گۆمی خوێنما ئەنرکێنێ
گیانم هەڵمەت بۆ مەرگ ئەبات
زۆر هەوڵ ئەدەم
ڕەمزی ئەوین لە نێو دڵما بشارمەوە
نەکا لە پڕ ئەوین کوژێ
شوێن پێی ئاسکی سڵی دەشتی خەیاڵ هەڵکات!
خامەی یاخی ئۆقرە ناگرێ
ڕازەکانم ئەدرکێنێ
بێ قەرارم
وەک مۆم لە نێو ئاگردانی ئەوینێکا هەڵکورماوم!
تۆ دەریامی
منیش زامێکی ناسۆرم
تینووی قومێ، تنووکەیێ
چ
ۆ
ڕ
ێ
ئاوم!