گازندە ٢
لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
3 خولەک
716 بینین
دیسان کرمی بوختانکەری نێو مۆبالی دەمتان کەوتە مەرگە نووزە
ئێوە چین من بتاندوێنم
هێندە چووکەن
تەنانەت بە مێروولەتان ناشوبهێنم
من شاعیری دڵی خۆمم
چیتان دەوێ بەرماوخۆران
بۆ چەقۆتان هەڵگرتووە
سینگی شیعرەکانم بدڕن!
ئاگادار بن، لەم بێشەدا شێر خەوتووە
کەم وەک داڵاش
بە سەر جەستەی ماندووی خەمڕێژمدا بفڕن
ئێوە چین من بتاندوێنم
من دارێکی باڵابەرزم
گەرچی تووشی مەرگەساتی وەرزی ڕەشم
بەڵام هەرگیز
سەرم بۆ چی دارکونکەری دنیا هەیە دانانوێنم
وەکوو تانە کەوتوومە سەر گلێنەی چاوتان
هاتووچۆم وەک خەنجەرێکە
ڕۆ دەچێتە دەروون و قوولایی هەست و هەناوتان!
ئێوە چقڵن
سیلەی ڕێگەی جێژوان ئەگرن
ئێوە بەکری مەرگەوەڕن
هەست و ڕۆحی ئەوینداران بریندار ئەکەن
بێژگە خۆتان کەس ناناسن
لە نێوانی گوڵ و دڵدا وەک لەمپەڕن
من شاعیری دڵی خۆمم
من هەر ئاواز بۆ خۆم و بۆ دڵدارەکەی خۆم ئەخوێنم
مشتێ خاکی دەشتی عەشقم،
بەڵام لە ئاستی ئێوەدا
لووتکەم، لووتکە!
ئێوەی تەڵخەک لە بنارما وەک چەقۆی کول
بۆ ڕووخانی باڵای بەرزم
بەردی خاراو هەڵدەکۆڵن
منی لووتکەش پێدەکەنێم
هێندە چووکەن
حەیام دەچێ بتاندوێنم.
تەماشا کەن...
وێڕای دەیان جار کەوتن و هەستانەوە
من هەر خۆمم
وەک جارانی خۆم ئەنوێنم
ئێوەش هەر خۆتان ئاسایی
وەکوو کرم، بێ دەست و پا
ژڵیوەتان دێ بە ناو یەکا
بەرەو لووتکە تف ئەکەن و جنێو ئەدەن
منیش لە ئەو بەرزانەوە
هەر بورکان و بوومەلەرزە دەخوڵقێنم
هێندە چووکەن
حەیام دەچێ بتاندوێنم
چیتان دەوێ؟
بۆچی هێندە ڕۆحی ماندووم ئازار دەدەن؟
نیگایەکی ڕۆحی پیسی خۆتان بکەن
دەردی من و دەردی ئێوە جیاوازە
شەرافەتی دەردێکی خۆم
بە گشت ژین و ماڵ و حاڵتان ناگۆڕمەوە
دەردی من دەردی ئینسانە
دەردی ئێوەش زۆر گەورەیە
بەڵام هەتا لای گونتانە!
قەڵەمێکی تیژ و تووڕەم
خۆتان لە من بپارێزن
دێڕ بە دێڕی نامیلکەی ژینتان دەزانم
من وەک ئێوە خۆم لە پشتی ئاوێنەوە ناشارمەوە
کانییەکی بەر تریفەی مانگەشەوم
ساکار و ڕوون وەک ئاسمانم
من گوڵێکم
بتانەوەێ و نەتانەوێ
لەم شۆرەکاتە ڕواوم
ئێوەی دڕکیش...
ڕەق و کینەی هەموو دنیا کۆ کەنەوە دڵنیابن... دەستان ناگا
بە ترۆپکی بەرزی ناوم!
ئێوە چین من بتاندوێنم
من شاعیری دڵی خۆمم
من هەر ئاواز بۆ خۆم و بۆ دڵدارەکەی خۆم دەخوێنم.
ئێوە چین من بتاندوێنم
هێندە چووکەن
تەنانەت بە مێروولەتان ناشوبهێنم
من شاعیری دڵی خۆمم
چیتان دەوێ بەرماوخۆران
بۆ چەقۆتان هەڵگرتووە
سینگی شیعرەکانم بدڕن!
ئاگادار بن، لەم بێشەدا شێر خەوتووە
کەم وەک داڵاش
بە سەر جەستەی ماندووی خەمڕێژمدا بفڕن
ئێوە چین من بتاندوێنم
من دارێکی باڵابەرزم
گەرچی تووشی مەرگەساتی وەرزی ڕەشم
بەڵام هەرگیز
سەرم بۆ چی دارکونکەری دنیا هەیە دانانوێنم
وەکوو تانە کەوتوومە سەر گلێنەی چاوتان
هاتووچۆم وەک خەنجەرێکە
ڕۆ دەچێتە دەروون و قوولایی هەست و هەناوتان!
ئێوە چقڵن
سیلەی ڕێگەی جێژوان ئەگرن
ئێوە بەکری مەرگەوەڕن
هەست و ڕۆحی ئەوینداران بریندار ئەکەن
بێژگە خۆتان کەس ناناسن
لە نێوانی گوڵ و دڵدا وەک لەمپەڕن
من شاعیری دڵی خۆمم
من هەر ئاواز بۆ خۆم و بۆ دڵدارەکەی خۆم ئەخوێنم
مشتێ خاکی دەشتی عەشقم،
بەڵام لە ئاستی ئێوەدا
لووتکەم، لووتکە!
ئێوەی تەڵخەک لە بنارما وەک چەقۆی کول
بۆ ڕووخانی باڵای بەرزم
بەردی خاراو هەڵدەکۆڵن
منی لووتکەش پێدەکەنێم
هێندە چووکەن
حەیام دەچێ بتاندوێنم.
تەماشا کەن...
وێڕای دەیان جار کەوتن و هەستانەوە
من هەر خۆمم
وەک جارانی خۆم ئەنوێنم
ئێوەش هەر خۆتان ئاسایی
وەکوو کرم، بێ دەست و پا
ژڵیوەتان دێ بە ناو یەکا
بەرەو لووتکە تف ئەکەن و جنێو ئەدەن
منیش لە ئەو بەرزانەوە
هەر بورکان و بوومەلەرزە دەخوڵقێنم
هێندە چووکەن
حەیام دەچێ بتاندوێنم
چیتان دەوێ؟
بۆچی هێندە ڕۆحی ماندووم ئازار دەدەن؟
نیگایەکی ڕۆحی پیسی خۆتان بکەن
دەردی من و دەردی ئێوە جیاوازە
شەرافەتی دەردێکی خۆم
بە گشت ژین و ماڵ و حاڵتان ناگۆڕمەوە
دەردی من دەردی ئینسانە
دەردی ئێوەش زۆر گەورەیە
بەڵام هەتا لای گونتانە!
قەڵەمێکی تیژ و تووڕەم
خۆتان لە من بپارێزن
دێڕ بە دێڕی نامیلکەی ژینتان دەزانم
من وەک ئێوە خۆم لە پشتی ئاوێنەوە ناشارمەوە
کانییەکی بەر تریفەی مانگەشەوم
ساکار و ڕوون وەک ئاسمانم
من گوڵێکم
بتانەوەێ و نەتانەوێ
لەم شۆرەکاتە ڕواوم
ئێوەی دڕکیش...
ڕەق و کینەی هەموو دنیا کۆ کەنەوە
بە ترۆپکی بەرزی ناوم!
ئێوە چین من بتاندوێنم
من شاعیری دڵی خۆمم
من هەر ئاواز بۆ خۆم و بۆ دڵدارەکەی خۆم دەخوێنم.