کارتە پۆستاڵ

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  439 بینین
هەڤاڵەکان!
وتم پیرۆز باییتان لێ بکەم
بەهار دێت و
شیعرێک تازە بهۆنمەوە
بۆ کوردستان!
وتم بە جوانترین وشە
نەورۆز بکەم بە ملوانک
بۆ گەردنی بەرزی کوێستان!
زۆر هەوڵمدا
بۆتان بڵێم شێعرێکی تەڕ
هەزار وشەم ڕست کرد و هەر
نەهاتە بەر!
پەنام بردە بەر پیکاسۆ
گرینیکای بۆم ڕەسم کرد و وتی هانێ
وتم لۆرکا ئەی تۆ، وتی:
شیعرەکانم
لە کاستیلا بەجێماون
ڕێگا نادەن گورگەکانی
وتم بە هایکۆی ژاپۆنی
ئەرکی شانم بەجێ بێنم
هیرۆشیما گڕی گرت و
وشەی هایکۆ بوو بە فرمێسک
ڕژایە نێو گۆمی خوێنم!
هەڤاڵەکان!
ڕاستە بەهار جوان و شەنگە
نەورۆز جێژنێکی تایبەتی گەلی کوردە
لێم ببوورن
پیرۆز باییتان لێ ناکەم
چون ناوێرم.
بەڵام کارتە پۆستاڵێکی هەڵەبجەتان بۆ دەنێرم.