تاراوگە

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  471 بینین
دەرفەت نەماوە
جیهان بە هەشتاو
بەرەو سەرەتای دەگەڕێتەوە!
خواکانی زەوی،
دەفری ئاسمانیان
لە ئەستێرە و ڕۆژ، لە مانگ داتەکان.
وەرز لە قۆناخی خۆی ڕاپەڕیوە
شێواوە و زەمان
دەسووڕێتەوە بە دەور مەداری مردنا، دنیا...
بەرەو کوێ دەبەن؟
بۆ کام تاراوگە
بۆ کام مەرگەجاڕ
ئینسانی تەنیا؟!
***
لە هەموو لاوە...
ڕووباری خوێنە
دەڕژێتە دەریای قووڵی سەدەی بیست!
ڕێگەی ڕزگاری مرۆڤ بەسراوە
لەم کەویرەدا،
شەکەت و ماندوو
ڕوو لە هەر لایێ دەکەی سەرابە
بارانی دەرد و ڕەنجە دەبارێ
بۆ باڵندەی دیل، پەرواز خەونێکە و
ئاسمان قۆرخە
زەوی بست بە بست
تەپکەی دەستکرد و تامووسک و داوە!