نامە

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  760 بینین
دوێنێ شەوێ...
هەورێکی تەڕ
پرچی سەوزی ڕاوشاند و
بە گوێی دەشتا
موژدەی شینکە و گوڵی چرپاند.
هەر لەو کاتا
باڵندەیەکی سپی هات
سەری کردە ژوورەکەما و
خۆی داتەکاند
بۆنی بەفر و چیای پێ بوو!
کوێستانێکی پڕ لەخوێن و
پڕ لە بێن و پڕ لە زام و پڕ لە ئەوین
بە شەقامی دڵما پرژاند!
ئەو باڵندە نامەی تۆ بوو...
کوێستان لەناو نامەکەتا
ئامێزی بۆ ڕادەگرتم
دەستی تاسەی ڕادەکێشام!
بۆ سەرچاوکەی عەشقی جارانی ئەبردم!
دوێنێ شەوێ...
هەورێکی شێت
پڕ لە برووسکە و بێقەراری
لەم ئاسمانە نامۆیەوە
بەرەو کوێستان سەری هەڵگرت
چی تاسە بوو لەنێو دڵما
هەمووی کردە کۆڵەبار و
لەگەڵ خۆی برد.