فەرمان

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  779 بینین
ڕایەخێکیان بۆ ڕاخستم
قەڵەمێکی دەستەمۆیان دایە دەستم!
وتیان: بنووسە شەوەزەنگ
لەم وڵاتە سروشتیە...
بۆنی گوڵ و تیشک و هەتاو و دەمار ئەگرێ
ئەوەی بەرەو ئاسمان ئەفڕێ ئەشقیایە
عومری باڵندەی بەرزەفڕ
کورتە بە قەد تەمەنی گوڵ
- هەر زوو ئەمرێ! -
وتیان: بنووسە ئاسمان
قەلەمڕەوی یاسای داڵە
ئەوین، چیای یاخی بوونە
بۆنی گوڵ و بێنی ڕۆژ و پەڕپەڕووچکەی ئاسمانی بەرز
خەونە، خولیایە، خەیاڵە!
وتیان: بنووسە یاسای داڵ،
یاسای خوایە
چی باڵندە و پەلەوەرن، بێ سام و سڵ
هەتا بن میچی ئەو ڕکەی تێیدا دەژین
دەتوانن دەنگیان هەڵبڕن
ناوبەناویش بە سرتەسرت
قام و حەیران بۆ دڵ بچڕن
ئەتوانن لە شەقەی باڵ دەن.
تا بەر دەرکی قەفەز بفڕن!
***
لقی شکاوی گوڵێکم کردە قەڵەم
بە خوێناوی بولبولێکی کوژراو نووسیم:
نووسیم: ئاسمان قەڵەمڕەوی باڵندەیە
نووسیم ئەوین یاسای بێ خەوشی دڵدارە
گوڵ و ئاسمان و ئازادی
قانوونی خوای ئەویندارە