تەنیا

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  1024 بینین
تەنیا و غەریب
لە چوار ڕێیانی گەردوونا ڕاوەستاوم
وەکو باوە ئادەم تەنیا
لە خاکێکی ڕەش خوڵقاوم!
بەهەشتی خوام لەبەر حەوا فڕێ داوە
بەڵام حەوا...
لە دواژوانگەی بەر جەننەتی چاوەکانیا
سێوی کاڵی دڵی بردم
ڕۆیی و ئیتر نەهاتەوە!
ئێستا، تەنیا، تەنیا، تەنیا
لە شەقامە چۆڵەکانی ڕۆحی خۆمدا، سەرگەردانم!
وەک شەپۆلێکی یاخیم و
لە دەریای خۆم هەڵبڕاوم
هیچ بەندەرێک باوەشم بۆ ناکاتەوە!
ئێستا لێرە، شاعیرێکم
زامەکانم دەهۆنمەوە
گۆرانیبێژێکی تەنیام و
لە شەوێکی بێ بواردا...
دەنک دەنک
خەمەکانم دەنووسمەوە!