شیعری لاسار

لە کتێبی:
زڕەی زنجیری وشە دیلەکان
بەرهەمی:
جەلال مەلەکشا (1952-2020)
 1 خولەک  1558 بینین
دیوارێکیان بەدەور شیعرەکانما کێشا و
پەرژینیان کرد...
ئەو دیویان لێ پاوان کردم...
لەم دیو دیوار
تابلۆی ژنێکیان هەڵواسی
وتیان فەرموو
ئەوە باخی سینگ و مەمک
ئەوە نازی چاوی جوان و
شەکری لێو و
باڵای سەرو و
ئەمەش قەڵەم!
تا ئەتوانی
تا هێزی هەستت بڕ ئەکا، پێیان بێژە
وشەکانت
لە قاڵبی قاچ و قول و سمت و کەمەریا داڕێژە!
***
شیعرێکم هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانیا
بزۆز و شێت و لاسار بوو
بە گژ دار و بەردا ئەچوو...
هەڵدەبەزی
بۆ ئەو دیوی دیوارەکە سەری ئەبرد
لە ئاکامدا...
بڕیاری دا،
شوورەی دەسکرد بڕووخێنێ...
نهێنی و ڕازی ئەو دیو دیوارەکە بدرکێنێ
بە قاڵدرمەی وشەکانا،
هەر کە گەیشتە سەر دیوار
خێرا هاتن، بەدەستوبرد
پێی و دەست و دەمیان بەست و...
ئاگریان دا و...
جەستەیان بە خۆڵەمێش کرد!