گۆمی خوێن
لە کتێبی:
تاریک و ڕوون
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
1 خولەک
4286 بینین
عەزیزم بۆ چی تۆراوی لەخۆڕا؟
چ قەوماوە؟ دڵی تۆ بۆ چی گۆڕا؟
ئەتۆ وا زوو لە بیرت کردم ئەمما
فەرامۆشت نەکەم شەرتە لە گۆڕا
***
لە من ڕا خۆ خەتایەک ڕووی نەداوە
ئەدی بێ مەیلی بۆ ڕووی دا لە تۆ ڕا
ئەسیری کەزیەتە کۆتری دڵی من
دەبێ حاڵی چ بێ کۆتر لە تۆڕا؟
***
سەر و ماڵ و کەماڵ و بیر و هۆشم
لە نەردی عیشقی تۆدا پاکی دۆڕا
***
لە چاوم دێ بەخوڕ فرمێسکی خوێنین
کەچی ئەم گۆمە خوێنە هەڵنەچۆڕا
من و لاشەی پەپوولە ماینەوە و بەس
شەوی دووری، شەمیش تواوە لە کۆڕا