خونچەی سیس

لە کتێبی:
تاریک و ڕوون
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 1 خولەک  2523 بینین
دیتم لەناو دار و دەوەن
لەسەر چڵی سوورە گوڵێک
هەڵکورمابوو، دەیکرد شیوەن
بەری بەیانی بولبولێک
گوتم ئەی مەلی دڵسووتاو
چییە، بۆ دەناڵی بەتاو؟
کە ناڵینت بۆ ئەوەیە
گوڵت وا زوو هەڵوەریوە
ئەو ناڵینە بێ فایدەیە
بۆ چی نازانی، نەتدیوە؟
گوڵ حەفتە ناباتە سەرێ
سیس دەبێت و هەڵدەوەرێ
وەڵامی دامەوە بولبول
بە شێنەیی، بەکاوەخۆ
گوتی ناناڵێنم بۆ گوڵ
کە سیس بووە، دەزانی بۆ؟
ئەو عومرێکی ڕابواردووە
پشکووتووە جا سیس بووە
ناڵینی من بۆ خونچەیە
بۆ خونچە پەشێوە حاڵم
ئەو داخە لە دڵمدا هەیە
بۆیە هەمیشە دەناڵم
ئەو، پێش پشکووتن سیس بووە
بەجوانەمەرگی مردووە