خەزانی ناڕەوا

لە کتێبی:
کەژاوەی دڵ
بەرهەمی:
ناسر ئاغابرا (1968-2020)
 1 خولەک  656 بینین
ڕەفیقان نەوبەهاری من، خەزانی ناڕەوا بردی
مەلی ساوای هومێدی دڵ، قەل و داڵی چیا بردی
شکا پەیمانە، ساقی تازیەدارە و موتریبان بێدەنگ
بەهار و دەشت و سەیرانگەم، بەڵای قەومی سەبا بردی
شەت و سەرچاوە تەڕڕایی بڕا، خوڕڕەی نەما قەلپەز
قەناری مرد و لاڵ و کەڕ بوو بولبول، خونچە با بردی
وەرە ئەی نەی وەکوو تۆ کونکون و ناڵان و ڕەنگزەردم
فریشتەی خەمڕەوێن و هاودەمم دێوی سیا بردی
خەمین و دڵشکەستی دەستی گەردوونی جەفاکارم
هەوار و خێڵ و ڕەشماڵم نەما، سۆزی سەبا بردی
بنووسن مەدحی تاڵان و برۆی سەرمایەیی ژینم
دڵی ساوا تەمەن ئاوا، گوڵێکی بێ وەفا بردی
دڵم ئامادە بوو، تیری ڕەقیبان تۆزی نەشکێنی
کەچی شۆخێ بە یەک غەمزە و سڵاو و مەرحەبا بردی
هەڵاڵەی تازە پشکوتووم تەری ئاونگ نەبوو ئێستا
شنەی سەردی پشووی پاییز لەژێر چەتری شەوا بردی
کچی قژزەردی چاوشین جارێ قاقای لێ نەدا بۆ من
کە گورگی چارەنووس هات و لە دەم شیرین خەوا بردی