گوڵبەدەم ڕەعناقەدەم
لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
1 خولەک
417 بینین
کیژەی کوردەی شۆخ و شەنگەی، کوڵمە ئاڵەی خونچەدەم
قەد سنەوبەر، مووکەمەر، شیرین نەزەر، زیبا قەدەم
کۆتر و سوێسکە و کەناری، نازدار و جوان و نازەنین
گوڵعوزاری لێوشەکەر، ئاسکی خوتەن، باڵا عەلەم
سوێسنە و لالە و هەڵاڵە و سونبول و گیابەند و خاو
گوڵبەدەم، ڕەعناقەدەم، ئاهووی حەرەم، کانی کەرەم
چاو خوماری، مەم هەناری، بەدقەراری کینەجوو
شۆڕەژن، سەروی مەزن، تاقانەکەی کورد و عەجەم
زوڵفی تار، میشکی تەتار، خونچەی بەهار، سەرو و چنار
شای گوڵان، لەیلای زەمان، دەرمانی قەلبی پڕ ئەلەم
وەک مەسیحا ڕوو لەلام کە، باوەژێ عەزمی ڕەمیم
پیر و پەڕکەوتە و نەخۆشم، عاجز و زار، دڵ بە خەم
کەی ڕەوایە بێ وەفایت هێندە بێ بۆ منی هەژار؟
چاوەکەم، ڕوحی ڕەوانم، بۆت دەسووتێم چەشنی شەم
عەنبەر و ڕیحان و مێخەک، بۆنی تۆ نادەن لە لام
چون دەزانی من ئەسیری زولفی خاوی ژێر پەچەم
چاوەکەت غەددارە مەیلی کوشتنە بۆ «فاتیحیناسناوی ئەدەبی»
شەرتە تا ماوم لە دەستی زوڵفی تۆ من ڕا دەکەم