ماچی لێوی ئەو حەبیبە

لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
 1 خولەک  526 بینین
ئەی ڕەفیقان چارەیێ، چ بکەم لە دەس جەوری فیراق؟
وا لە دووری و بێ کەسی، نەزدیکە بمکووژێ مەراق
خەم لەسەر خەم بۆتە بارم، ناڵەمە وەک تار و نەی
کوشتەیی دوو چاوی بازم، چیم لە تریاکی عێراق
دوێ بە یادی بەزمی جاران، چووم بنۆشم جامی مەی
یاری دێرینم بە مەستی، خۆشی کرد کەیف و مەزاق
کاری من گریان و شینە، وێڵی سەحرای غوربەتم
خوێن لە چاوم دێتە خوار و سینە ئەگڕێ وەک ئوجاق
بۆ گوڵی ڕووی گوڵعوزارم، دڵ دەکا هاوار و داد
هەر وەکوو منداڵی ساوا شین دەکات و واقەواق
دڵبەری بێ ڕەحم و زاڵم، بۆتە هاوڕازی ڕەقیب
ئەی دڵە بۆخۆت بناڵە، بۆتە پیشەت زاقەزاق
ماچی لێوی ئەو حەبیبە، شەربەت و شیرە و شەراب
بۆ مەزەی خۆشیی دڵان، پڕ شەهدە لێی ئەتکێ ڕەواق
ساقیا! توبی خودا بۆم تێکە لەو جامی ئەلەست
گیانەکەم تا کەی بناڵم، تاڵە دەردی ئیشتیاق
دوێنێ فەرموویە بە ناز ئەی «فاتیحیناسناوی ئەدەبی» بۆ وا دەکەی
تیری ئەبرۆی من لە جەرگت هەڵچەقیوە جوت و تاق؟!