خەدەنگی تیری موژگانت
لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
1 خولەک
533 بینین
سووتا جەرگ و هەناو و دڵ لەبەر ڕووت
دەناڵێنم لەژێر داو داوی گێسووت
چەماو و خوار، زەبوونی عیشقی تۆمە
دڵت گرتم بە دانەی خاڵی هیندووت
لەنێو چاهی زەنەخدانت ئەسیرم
دەچێژم ئەزیەتی هارووت و مارووت
لە ناکامی عیشقدا فەردی دەهرم
سەراپا کونکونە سینەم بە ئەبرووت
خەدەنگی تیری موژگانت لە دڵ دام
وەکوو قەقنەس وجودی ناتەوان سووت
کەمەندی زوڵفەکەت حەلقەی ملم کە
لە من بۆچی زویرە چاوی ئاهووت
حەیاتبەخشە دەزانم ماچی لێوت
کە لەودا تێکەڵاون دوڕڕ و یاقووت
لە ئاوی زەمزەمی قەترەی گوڵی ڕووت
ببەخشە بەو هەژاری نیوەمردووت
ئەسیری پێچی ئەگریجەی بڵاوم
نەخۆشی غەمزەیی دوو چاوی جادووت
بە کوردی چووم، گوتم: ماچێ کەرەم کە
گوتی: لاچۆ، کە نایێمە تەرازووت
لە دەوری مانگی ڕوخسارت هەتا کەی؟
وەکوو هەوری بەهار دایگرتووە ڕووت
خەیاڵت ڕۆژ و شەو سەرمەشقە بۆ خەم
ئەدی کوا ناز و عیشوەی بەزمی پێشووت
مەکۆی خەم «فاتیحیناسناوی ئەدەبی» میوانە ئەمشەو
بەسە، یادی شەوانی بەزمەکەی زووت