من کە ئاشوفتەم

لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
 2 خولەک  633 بینین
ئەی خودای سەتتار و غەففار، لوتف و ئیحسانم دەوێ
باری سەرشانم گرانە، سەتر و غوفرانم دەوێ
بەو هەموو فیسق و گوناهەم، ڕووم نییە بێمە حزوور
بۆ شیفای دەردی دەروونم، خوایە دەرمانم دەوێ
غەرقی گێژاوی گوناهم، کردەوەم ڕووزەردییە
هەر بە ئومێدی عەتای تۆم، حور و غیلمانم دەوێ
ڕووسیاهـ و کۆڵەوار و هاودەمی ئەعداییی تۆم
یا «رسول اللهعەرەبی» شەفاعەت، عەفوی تاوانم دەوێ
کوێر و سەرگەردان لە سەحرای نەگبەتا، دێم و دەچم
لەو بیابانە بە تەنیام، نووری ئیمانم دەوێ
ڕووم لە کاری نالەبارە و بوومە پەندی خاس و عام
سەد گوناهـ و تۆبەیەک، یاڕەببی ڕیزوانم دەوێ
وەک سەگی ئەسحابی کەهفم، شوێنی چاکان کەوتووم
جێ پەنام هەر تۆی خودایە، باخی جینانم دەوێ
پیر و بێهێز و نەخۆشم، ڕۆژ و شەو هەر ناڵەمە
چاوەڕێی لوتفم خودایە، نوور و بورهانم دەوێ
نەمخەیە سەر ڕێی نیفاق و دوودڵی و شکک و گومان
پەیڕەوی عیلم و شەریعەت، دەرسی قورئانم دەوەێ
من سەگێکی با وەفای یارانی خاسی حەزرەتم
هاودەمی حۆریی بەهەشت و قەسر و ویلدانم دەوێ
ڕوو لە دەرکەی تۆ دەکەم، هەر تۆی پەنای ڕۆژی بەقا
من کە « ئاشوفتە»م هەمیشە، زیکری یەزدانم دەوێ