سەیران

لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
 1 خولەک  612 بینین
جەژنی نەورۆز ئەوە هات، وەعدەیی سەیرانە دەڕۆم
وا نەزانی خەفەتم زۆرە، لە خۆشییانە دەڕۆم
فەسڵی گوڵزارە دەر و دەشت، گوڵ و گوڵزارە دەچم
دڵەکەم تەنگە، خەفەتبارە، هەراسانە دەڕۆم
دەشت و دەر شینە، بە هەر لایە دەچی بۆتە بەهەشت
بۆ تەوافی گوڵی خۆم، لەو کەل و شاخانە دەڕۆم
شەنگەبیزایە ئەلەو یاڵە، بەناز هاتۆتە دەر
سەری خۆم هەڵدەگرم، عاشق و مەستانە دەڕۆم
«سێزدە» داهاتەوە، بۆ «کانیەڕەش» و«تۆرە» دەچین
جەژنی سەر ساڵە، هەواخۆریە، شاهانە دەڕۆم
کیژی نەشمیل و کوڕی قۆز و هەزار پیر و مناڵ
دەچنە سەیرانێ، منیش سەرکەش و شێتانە دەڕۆم
شادییە و، ورد و درشت کەوتنە سەحرا و چەمەن
ڕۆژی عەیش و تەڕەبە، بۆو خڕ و شیوانە دەڕۆم
خۆشە، زەونوێرە، سەفابەخشە، هەوارگەی گوڵ و مول
سەر زەوی جەننەتە، لەو کولبەیی ئەحزانە دەڕۆم
«فاتیحیناسناوی ئەدەبی» عاشقی گوڵزار و پەریزاد و گوڵە
بەو بەهارە بە هەوای دیدەنی یارانە دەڕۆم