بولبولی شەیدا
لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
1 خولەک
481 بینین
شەماڵ قوربانی سۆزت بم، وەرە دڵ زۆر پەرێشانە
لە دەس یاری جەفاپیشە، لە ژینی خۆی هەراسانە
ئەگەرچی وەعدە وا بوو، بێ بە دیداری دڵم شاد کا
وەفا هەر ناوی ماوە، عەهد و پەیمان بوونە ئەفسانە
گوڵم، هێزی دڵم، نووری دوو چاوم، تاقەت و تینم
وەرە بۆ دەفعی غەم جارێ، بپرسە حاڵی دێوانە
ئەمن جێگەم سیاکێوە و، بە تەنیام نیمە هاوڕازێ
ئەتۆش جێگەت «گەدەشوێن» و «لەندەشوێن» هەتە ژینێکی شاهانە
ئەمن دەردەدڵم زۆرە، لەسەد جێڕا هەڵی داوە
ئەتۆش خۆشی نەبێ نیتە، شەڕابت ئاوی حەیوانە
لە سایەی عیشقی تۆ وام لێ بەسەر هات، ڕووت و بێ ماڵم
کەسێ عیشقی حەقیقی بێ، لە دنیا شاهـ و سوڵتانە
خەزانە و گوڵوەرێنە، شەختە دایگرت ئەو دەر و دەشتە
دەناڵێ بولبولی شەیدا، لە تاو گوڵ مات و حەیرانە
بە کۆڵێک ڕیشەوە زۆر عەیبە دڵداری لە تۆ نایە
وەکوو پیرێک دەچی، بەرماڵ بەشان و بچیە مەیخانە
هەڵاڵە و خاو و بیزا، سەیرە لەو کوێستانە تێکچڕژان
وەرە «فاتیحیناسناوی ئەدەبی» ڕوو لەو شاخە کەین، سەرمەست و شێتانە