هیچ و پووچە کردەوەت

لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
 1 خولەک  525 بینین
بۆ سەفەر ئامادە بە، تێشووی دەوێ ئەو مەنزڵە
خۆشی نابینێ ئەوەی لەو ڕێگە مەست و غافڵە
نامەوێ خۆشی لە دنیا، بێ بەقایە و پڕ جەفا
ژینی دنیای پێ بەتاڵە، هەرچی ژیر و ئاقڵە
کۆشک و تالار و سەراوپەردەت لەگەڵ نایێتە گۆڕ
قوربەسەر خۆتی، بە دەستی خاڵی کوا چیت حاسڵە؟
هەستە خۆت ئامادە کە، بارگەوبنەی زۆرت دەوێ
هەر چی دەیکەی هیچ و پووچە، کردەوەت بێ کاکڵە
گوێت لە حەق کەڕ کرد و نەتبیست هەرچی پەند و نەسحەتە
تۆ بڵێی پۆڵا و ئاسن ڕەق بێ هێندەی ئەو دڵە!
باخی جەننەت خۆشییەکەی مەعلوومە، خوا فەرموویەتی
پڕ لە حۆری و شیر و هەنگوین و هەناری سەرچڵە
مردن ئەمری هەق تەعالایە و دەبێ هەر بێتە جێ
خۆتی بۆ ساز کە هەتا نەتگەیوەتێ ئەو عادڵە
قیمەتی ئەو باخ و قەسر و حۆریانەت پێ بڵێم؟
سەروەت و ماڵت سەرف کە و بۆی ببە پێش قافڵە
لادە، ئەی نەفسی خەبیس و پیس، لە کرداری بەدت
بار ئەگەر لەنگ بێ لە ڕێدا، خاوەنی هەر ماتڵە
گەر حەیات بێ «فاتیحیناسناوی ئەدەبی» پیری شەو و ڕۆژ پێت دەڵێ:
بکوڵە، وەک مەنجەڵ بجۆشە، زۆر بەتینە ئەو کڵە.