پێنجخشتەکی لەسەر هەڵبەستی «زوودی»

لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
 3 خولەک  470 بینین
گوڵی دڵ وشک و پەژموردەی گڕە و سۆزی شەماڵێکە
نەخۆش و لەرز و تامەزرۆی ویساڵی چاو کەژاڵێکە
بەبێ دڵبەر چ ژینێکە، چ شین و زاڵە زاڵەڵێکە
«دڵی من هەر ئەسیری داوی زوڵفی مەهـ مسالێکە
بە لەعنەت بێ دڵێکی هەر دەمەی مەحوی جەماڵێکە»
لە بازاڕی عیشقبازی بە دڵ من بووم خەریداری
بە دڵ پابەندی گیسوو بووم و مەمکی سەر بە گوڵناری
گوتم ئەی دڵ هەتا کەی تۆ ئەوەندە مات و خەمباری
«لە سینەی عالەمی عیشقا، هەیە سەودایی دڵداری
لە خانووچکەی دڵم تەنیا ئەوینێک و خەیاڵێکە»
لەبەر گریان و ناڵە و شین، دڵ و جەرگم بووە لەت لەت
بە فرمێسکی سوێر و سوور، کە جۆگە جۆگەیە و شەت شەت
نەماوە نووری چاوانم، هەموو سینەم بووە خەت خەت
«تریشقەی تەڵعەتی یارم، لە دڵ نابێ غرووبی قەت
ئەنیسێکی دڵئارایە، ئەوەش فەیز و کەماڵێکە»
بە قووەی جازبەی عیشقی، شەو و ڕۆژ هەر لەسەر ڕێمە
وەکوو مەجنوون لە کێوانم، کوژاوی دەستی لەیلێمە
تەماشای قەلبی پڕئێشم، سەراپا خوێن و پڕ کێمە
«ئەمن وەک زوڵفەکەی دڵبەر، ئەسیری خاکی ژێر پێمە
ئەویش قەت ڕوو لە من ناکا عەجایب سڵ غەزالێکە»
هەموو سامان و داهاتم، بە ئەگریجەی بڵاوم دا
دڵ و دینیش نەما، پاکی، بە زوڵفی تێکشکاوم دا
گوڵئەندام، تیری ئەبرۆکەی لە نێو جەرگ و هەناوم دا
«ئیتاعەی ڕۆژ و شەو لێکڕا دەکا حیرەت لە چاوم دا
کە عەبدی شەوقی کوڵمە، یا سیاهی زوڵف و خاڵێکە»
وەها مەستی مەیی عیشقم، نییە سەبر و قەرار و خەو
بە داوی پەرچەمی گیرام، وەکوو باز و شەهێن و کەو
خەیاڵ و فیکر و تەدبیرم، لەسەر ئەو بوو بە ڕۆژ و شەو
«ئەگەر نەقشی دڵئارامم لە دڵ لاچێ لە داخی ئەو
ژیانم تاڵ ئەبێ ئەمرم دەقیقێکم بە ساڵێکە»
دڵێ بێ سۆز و ناڵین بێ، بە نووکی خەنجەراندا بێ
دڵێ بێ هەمدەمی گوڵ بێ، بە نێزەی ئەفسەراندا بێ
دڵێ دووری لە یاران کا، بە نێشی نەشتەراندا بێ
«دڵێ بێ دڵبەر و خاڵی لە عیشقی دڵبەراندا بێ
جەمادێکی ڕەق و وشکە، عەجەب ئاشوفتە حاڵێکە»
مەحاڵە حۆریی جەننەت، بە غەمزە وەک گوڵی من بێ
مەگەر یاقووت و گەوهەر وەک شەمامەی سەرچڵی من بێ
عەجەب سەوداسەرم ئەوڕۆ خودایە گوڵ گوڵی من بێ
«بە ڕەحمەت بێ دڵێکی وا لە عیشقا وەک دڵی من بێ
کە بەندەی کوڵمە، بەستەی زوڵفە، کوشتەی چاو کەژالێکە»
ئومێدی ژینی من یارە، بەری نادەم هەتاکوو هەس
لە دنیادا هەمە یارێ، نەجیب و ناسک و نەوڕەس
دڵێکی سەر چڵانم بوو، گوڵێکی دوور لە خار و خەس
«دەبێ عاشق موەحید بێ، بە مەعشووقێکی زیبا و بەس
نەوەک وەک بولبولی شەیدا، کە حۆلی هەر گوڵاڵێکە»
وەرە ساقی دەخیلت بم، بە یادی چاو کەژاڵی من
بە سەرخۆشی لەبۆم تێکە، ببینە قیل و قاڵی من
وەکوو بولبول لە تاوی گوڵ، چ خۆشە ناڵەناڵی من
«وەرە دڵبەر، بە چاوی مەرحەمەت بنواڕە حاڵی من
لە وێرانەی دەروونی من، چ گریە و ناڵەناڵێکە»
نیگاهێکی دڵئارامم، بە مافیهای جیهان نادەم
ئەگەر ساتێ لە یادم چێ، دەبێتە شیوەن و ماتەم
بزانە «فاتیحیناسناوی ئەدەبی» چۆنە، غوڵامی تۆم هەتاکوو هەم
«ئەگەر بمکووژێ دڵبەر شادمانم، پێم دەڵێن عالەم
شەهیدی عیشقە «زوودیکەس» زامداری پەنجەئاڵێکە»