پێنجخشتەکی لەسەر هەڵبەستی «عوسان وەجاخی»
لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
2 خولەک
466 بینین
ئەو عیشوە و نیم نازە هەمووی پیشەیی زووتە
ئەو چاو و برۆیەت هەموو نەخشی جەبەرووتە
ئەو داوە چ داوێکە لەنێو حەڵقەیی مووتە؟
«ئەو خاڵە چ خاڵێکە لەسەر کەعبەیی ڕووتە؟
ئەو جامە چ جامێکە لەسەر زاری سەبووتە؟»
گیانبەخشە گوڵم خاڵ و خەت و دوو بەیی و سێوت
بۆنت کە دەکەم چونکە ئەتۆ خونچەیە نێوت
مەفرۆشە بە من چی دی قسەی تاڵ و جنێوت
«ساڵێکە بە ڕۆژووم بە تەمای بۆسەیی لێوت
ئەو ماچە چ ماچێکە لە بۆ من وەکوو قووتە»
گرتوومەتە بەر کێو و کەژ و دۆڵ و بیابان
لەو چۆڵ و چڕ و شاخە، سەراسیمە و حەیران
بێزارە لە من خەڵکی، لەبەر شیوەن و گریان
«ئاوارەیی تۆمە، دەگەڕێم پەرت و پەرێشان
ئەو ڕێیە چ ڕێگایە، تەلان و هەڵەمووتە»
ڕێگە بدە قوربان کە بکەم سەیری جەماڵت
بەینێکە منم سالکی بەر دەرکە و ماڵت
فەرمووتە کە هاتم ببمە سێبەری خاڵت
«دیسان بە جەفا چوو سەنەما وەعدی ویساڵت
ئەو جەور و جەفایە عەجەبا عادەت و خووتە»
تێکەڵ بووە لەو باخە لە ئەنواعی شەقایق
نەمدیوە لە تۆ جوانتر و مەحبوبتر و لایق
سەردەستەیی شۆخانە گوڵم، لایق و فایق
«وەک ڕەوزەیی ڕێزوانە موقابیل بە حەدایق
ئەو باخە چ باخێکە، بەری سێو و هوڵووتە»
من بولبولی خۆشخوانی گوڵی باخی بەهارم
مەجنوونی دوو چاوی ڕەش و، دوو سێو و هەنارم
هەر ناڵە و ڕۆڕۆمە، ئەوەند مەست و خوومارم
«هەر گۆنگەڵ و غەوغایە لە لای گوڵشەنی یارم
دا بزانە چ قەوماوە گوڵی لێ تەق و جووتە؟»
ئەو وەختە دڵم شادە، کە گوڵ بێتە عەیادەت
بۆ عاشقی بێچارە بکا جارێ ئیشارەت
ئەو زوڵمە لەسەر «فاتیحیناسناوی ئەدەبی» نابێتە کەفارەت
«حاشا مەکە لێمان، ئەوە بردووتە بە غارەت
نەقدی دڵی «عوسمانکەس» کە لەنێو بەندی قدووتە»