کوردی نەبەز

لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
 1 خولەک  422 بینین
ئەوەندەی تر دەربەدەر بم
تووشی هەزاران خەتەر بم
پاڵەو سەپان، کارەگەر بم
بەندی و دیل و دەسبەسەر بم
کوردێکی وامە نابەزم
گازینۆم بێ ئەشکەوت و شاخ
دڵم پڕ بێ لە دەرد و داخ
زیندان جێم بێ لەجیاتی باخ
هەڵکێشم هەزار ئۆف و ئاخ
فێرە هەرامە نابەزم
لە چیای کوردستان بە برسی
بێ ڕایەخ و لێفە و کورسی
دەورەم بدەن سەد مەترسی
دەردی ژیان، سووک و قورسی
سەنگەر جێگامە نابەزم
بە فەرمانی شوومی دوژمن
سەد جاری تر بێمە گرتن
بمدزن، بمکەن شوێنەون
قەنارە و لێدان و کوشتن
رێی پێشەوامە نابەزم
بۆ خزمەت بە گەل و هۆزم
بۆ مافی ڕەوای پیرۆزم
تێدەکۆشم، زۆر دڵسۆزم
گورگان دەردەکەم لە کۆزم
لە خەبات دامە نابەزم
بە فیشاڵ و درۆی دوژمن
بە فانتۆم و تانگی چیفتن
بە حەپس و لێدان و کوشتن
خەباتی گەل نایە لە بن
خاوەن بڕوامە نابەزم