١٩

لە کتێبی:
ژانی گەل
بەرهەمی:
ئیبراهیم ئەحمەد (1914-2000)
 5 خولەک  1503 بینین

چێشتەنگاوێکی درەنگ بوو فڕۆکە بە ئاسمانا وەک واشە بۆ نێچیر ئەسووڕایەوە، کە هیچی بەدی نەئەکرد ئەو دارودەوەن و کەژوکێوەی ئەدایە بەر لێزمەی شەستیر و گرمەی بۆمبا! چەکدارەکانی لەشکر تاکوتەرا بڵاوەیان لێ کردبوو. هەر یەکە خۆی لەپەنا بەرد، چاڵ، بن بنچک و کوێرەشیوێکا مەڵاس کردبوو. جوامێر کە لەپەنا تاوێرێکا دانیشتبوو چاوی بڕیبووە ئاسمان. هەر گڤەی فڕۆکە دوور کەوتەوە دەستی کرد بە گیرفانیا نامەیەکی دەرهێنا کە لە لاوەوە بۆی هاتبوو. دەری هێنا و بۆ سێیەمین جار خوێندییەوە.

جوامێر!

گیانە من داوای لێبوردن لە تۆ ئەکەم، چونکە هیچ چاکەیەکم لەگەڵ تۆدا نەکردووە لە درۆ زیاتر. لەو ڕۆژەوە تۆ گیراویت هەتا ئێستا من درۆ لەگەڵ تۆ ئەکەم. ئەمەش هەمووی سووچی یەکەم درۆم بوو. ئیتر وەک مارەکەی شێخ ئۆمەر لە گەردنم ئاڵا، هەرچەندم ئەکرد و ئەکۆشا نەمئەتوانی خۆمی لە دەست ڕزگار کەم، بەناچاری درۆی کەم ئەدایە بەری بۆ ئەوەی ڕایگرم و هەرەس نەهێنێ. ئاوها بەم جۆرە کاتێکم زانی کێوێکی درۆ کەوتووەتە بەینمان، کە بە درێژاییی ئەمساڵ من لە خوام ویستووە بە هەر چەشنێ بێت بتوانم هەڵی کەنم لە بن و نەیهێڵم، بەڵام هەر چەندم ئەکرد زاتم نەئەکرد. پێش ئەوەی تۆ بێیتەوە ئەترسام، ئەترسام ئەگەر ڕاستی بزانیت ڕقت لێم هەڵبستێ و لەکیسم بچیت. بەڵام کە چاوم پێت کەوت تێ گەیشتم کە ئەگەر ئاگاداری خۆم نەبم و زۆر لەسەرخۆ و بەشێنەیی ئەم کێوی درۆیەت لەبەر چاو لا نەبەم، لەوانەیە لەکیس خۆشت بچیت و شێت ببیت، بۆیە کەوتمە درۆی زیاتر هەڵبەستن. نەخێر ئەمجا ناچار بووم خەڵکی کەشی بەچەشنێکی زیاتر تێوە بگلێنم!

لەگەڵ ئەوەشا هەتا باشتر لەوە ئەگەیشتم کە ئەم کەڵەکە درۆیە سەر ناگرێت و لە چاوترووکانێکا ڕاستیت بۆ دەرئەکەوێت و هەموو ڕەنجم با ئەیبا.

کە تۆ گیرایت کەس نەیزانی لە کوێیت و چیت بەسەر هاتووە. لەپاش شەش حەوت مانگێک هەوڵ و تەقەڵا و تکا توانیمان شوێن و بەندیخانەکەت بدۆزینەوە، ئەویش بەیارمەتیی خزمێکی دووری دایکی داراوە کە لەو شارە قۆمیسەر بوو کە تۆی لێ گیرابوویت. نەک هەر تۆشمان لە پاش‌ملە پێ ناساند و دەستەبەر بوو کە هەرچۆنێک بێت نامەیەکمانت بگەیەنێتێ، چونکە ئەوسا قەدەغە بوو، ماوەی کەسیان نەئەدا پەیوەندیتان پێوە بکات، بەتایبەت بە تۆوە کە بە سەرکردەیەکی گەورەی «پارتی...» دانرابوویت. کە هاتمە سەر نامەنووسین سەرم سوڕ ما چیت بۆ بنووسم؟

چ دڵخۆشییەکت بدەمەوە؟ چی هەیە پێتی بڵێم و شێت‌وهارت نەکات؟ جا ئەوە ڕەوای هەقە؟ ئەی چی بکەم؟ واز بێنم هیچت بۆ نەنووسم، شەرمە و دڵیشم نایهێنێ. نامەت بۆ بنووسم و باسی ژنەکەتی تیا بکەم کە بەدەم ژانەوە بەجێت هێشتووە شایەتیی ناپیاوییە لە خۆمی ئەدەم، چونکە وای دەرئەخا ئاگام لێیان نییە، هات بە بیرما لەو شەوەزەنگەی ژیانت مۆمێ داگیرسێنم ترووسکایی بخاتە تاریکستانی زیندانەکەتەوە، هیوایەکت بدەمە دەست بە درێژاییی ساڵانی بەندیخانە کاوێژی پێوە بکەیت و خەوی پێوە ببینیت. هیوایەک بۆی بمێنی و خۆتی بۆ هەڵگری. دامنا ئەوەت بۆ بنووسم کە نووسیم، «کاڵێ کوڕێکی جوانی ئێسک‌سووکی بووە ناومان ناوە هیوا». ئەمە سەرەتای درۆکەم یا درۆی یەکەمم بوو. بڕوا بکە ئەوسا کە کردم هیچ بە بیرما نەئەهات ڕاگرتنی ئەم درۆیە ئەوەندە ئەکەوێت لەسەرم، ئەگینا ڕەنگە هەڵم نەبەستایە. دوای ئەمە کە حاڵی بەندیخانەتان گۆڕا و گوێزرایتەوە بۆ «ن...» و نامەت بۆ ناردم و داوای نامەی کاڵێ و وێنەی هیوات کرد، ناچار بووم ئاسکۆڵی خوشکیشم ڕاکێشمە ناو داوی درۆکەمەوە کە جاروبار نامەت بۆ بنووسێت بە ناوی کاڵێوە. ئەوەبوو زوو وێنەم بۆ نەناردیت، بەڵام تۆ ئەوەندە سەرت کردە سەرم ناچار بووم وێنەیەکی دارای کوڕمم بۆ ناردیت.

ئیتر بەم چەشنە هەر درۆیەکم کۆمەڵێ درۆی کەی ئەویست بۆ پاڵپشتی.

هەموو پاکانە و بیانووشم ئەوە بوو کە نیازەکەم چاکە و ئەشمبینی کەوا چ ڕۆشنایییەکم خستووەتە ژیانی تاریکی ناو زیندانتەوە و چ خوێنێکم لە دەمارتا هێناوەتە جۆش. بۆیە هەتا نزیکی بەربوونت هیچ پەشیمان نەبووم لە درۆکەم! بەڵام لەوساوە، پەشیمانان شاخیان لێ بڕوایە لە من ئەڕوا، بەتایبەتی دوای بەربوون و هاتنەوەت هەر وەختە بوو شێت ببم، نەمئەزانی چی بکەم و چۆن خۆم ڕزگار کەم و چۆن ڕاستیت پێ بڵێم. ئەو ڕۆژە کە پێم وتی: چوون بۆ ماڵی پووری هەروا هات بە دەمما، نەمزانی خوا وێرانی ئەکات بۆ ئەوەی درۆکەی من بشارێتەوە، شاردرابووشەوە، هیچ نەبێ تا بەینێک. بەڵام چوونە ناو «ل. ا. ن»ت ماوەی درۆی نەهێشتم.

پێویستە ڕاستی بزانیت، بەتایبەتی کە بە مردنیانت زانیوە و شیوەنی خۆت بۆ کردوون، ئیتر بۆچی نەشزانی کە چۆن مردوون.

بەڵێ کاکە جوامێر کاڵێ مرد، بەڵام بەسەر مناڵەوە، خۆی و کوڕەکەی هەر ئەو ڕۆژە مردن کە تۆی تیا بریندار کرایت. بێگومان گوناهکاری گەورە و سەبەبکاریش لە مردنیانا ئەو دوژمنە زۆردارە خوێنخۆرەیە کە تۆی بەناهەقی ناگوناح بریندار و حەپس کرد و ئەوانی بەو حاڵە هێشتەوە و هاتوچۆی تیا قەدەغە کرد، کە خەڵک و خواش نەتوانن دکتۆرێکیشی بگەیەنن بە سەرا، هەر نەبێ بۆ داخ لە دڵ‌دەرکردن.

ئەمە بوو داستانی درۆکەی من، ئیتر لێم ئەبووریت یا نە!

برات: ل...

جوامێر ئەوەندە گریا هەموو نامەکەی بە فرمێسک تەڕ کرد. وەک لە خەوا بێت گوێی لە دەنگی هاوڕێکانی بوو بۆی ئەگەڕان و ئەیانوت:

― جوامێر! کوایت، لەکوێ خزاویت! وەرە دەرەوە با بڕۆین بۆردمان بڕایەوە ...

نامەکەی خستەوە گیرفانی سەر دڵی و چاوی سڕی و بەڕاکردن خۆی گەیانەوە هاوڕێکانی.