١٨
نزیکەی مانگێک دوای ئەو شەوە ئێوارەیەک لاوە بەرەو ماڵ ئەبووەوە، دوو سێ ڕۆژ بوو لە وەخت و ناوەختا جوامێری ئەکەوتەوە بیر. لەو ڕۆژەوە کە پارەی جێخانووەکەی وەرگرتبوو لە کڕیارەکەی لە دایەرەی تاپۆ، لە هیچ کونێکەوە دەرنەکەوتبوو. لە کەسیشی نەبیستووە دوکانی کتێبفرۆشیی دانابێت! ئەگەر جوامێری باش نەناسیایە لێی ئەکەوتە گومان و ئەیوت:
کەوتۆتە دوای ئافرەت و قومار و خواردنەوەوە، ئەوەندەی پێ ناچێت پارەکەی لێ دەرئەهێنن و وەک ماسیی مردوو ئەکەوێتە سەر ئاو. بەڵام ئەیزانی کە جوامێر لەوانە نییە، مەگەر بەندیخانە گۆڕیبێتی! لەگەڵ ئەوەشا ڕەوشتی مانگ و نیوی ڕابردووی وای پیشان نەئەدا. بڵێ چی، دوور نییە لە لاتییا وا خۆی پیشان دابێت، پیاوی لات خواردنەوە و قومار تەرک نەکات چی ئەکات! منەتی نەبێ با بچێ هەر ویسکی بخواتەوە وەک «م.م»ی هاوڕێی قوتابخانەم لە ئیمتیحانا وتی: بنیادەم زاڵمە لە ئاوی نەهریشا مەلە ئەکات و لە ئاوی بەحریشا! هەر چۆنێک بێ ڕابواردنی لەمەولام ئەبێ بێ جوامێر ڕێک خەم. خوا لە بەڵای بپارێزێت زۆر دەرد و ئازاری دی. لەم چەشنە بیرانەدا بوو لە سووچی کۆڵانەکەیان پێچی کردەوە ئاسۆ مەمەند بەرەنگاری بوو، زەرفێکی دایە دەستی و بەئەسپایی وتی:
― ئەمە هیی جوامێرە!
ئیتر وەک ئەرز قووتی دابێت چۆن لەپڕ دەرکەوت واش لەچاو ون بوو.
لە کاتێکا لاوە بەحەپەساوی زەرفەکەی خستە گیرفانیەوە و خەریکی گلەیی بوو لە بێوێڵی و ساردیی ئاسۆ، کە لای خۆی دۆستی جارانی ئەم زۆرتر بوو تا جوامێر. لاوە ئاوڕی دایەوە دی دوو زەلام لە پشتیەوە ئەهاتن، یەکێکیان «ت...» کوڕێکی گەڕەکەکەیان بوو، خەڵک لێی کەوتبوونە گومان کە پەیوەندی بە دایەرەی ئاسایشەوە هەبێ. ئەمە بەهێزترین پاکانەی بۆ بێوێڵییەکەی ئاسۆ کرد و زۆر ڕەحمەتیشی نارد بۆ گۆڕی باوکی کەوا ئەوەندە بەخێرایی فەرمانەکەی تەواو کرد کەس هەر هەستیشی پێ نەکرد.
لاوە بۆ دڵنیایی نەختێ لەبەر دەرگاکەیان خۆی ڕاگرت. ویستی لەگەڵ «ت...» قسە بکات، بەڵام ئەم نەیخستە بەری وتی:
― چۆنی کاکە لاوە! ئەوە چی بوو کوڕی مەمەندە گۆج چاوی بە تۆ کەوت وەک ڕاوی نێن بۆی دەرچوو! ئەبێ ئیشی چیی هەبێ لە گەڕەکی ئێمە؟ خوا چاکی کات بەینێکە سەرمان سووکە!
― بەڕاست ئەوە چی بوو، تیژ بە لاما تێ پەڕی سەرم لێ تێک چوو ئەو بێ یا ئەو نەبێ؟
― نەء ئەو بوو، من باش ناسیم، بە لاما تێ پەڕی. دیارە بێ سەلام. چونکە ئێمە جاسووسین ئەوانیش نیشتمانین! نازانێ ئەگەر جاسووس بوومایە ئەوم بەگرتن ئەدا. قەی ناکات بەد بە خوا.
― بەد خوا، ئێستە ئۆغر بێت!
― بە خوا نیازم هەیە سەرێ لە ماڵی خوشکم بدەم لەگەڵ جەمالی خاڵم ئەچین. شەویش بەناچاری لەوێ ئەمێنینەوە. کەی خوا ئاوێ بەم ئاگرەدا ئەکات و خەڵک ڕزگاری ئەبێت. هەموو مردین، بەسەبەس! خوات لەگەڵ.
― خواتان لەگەڵ.
لەبەرخۆشییەوە وتی:
― ئافەرین ئاسۆ گیان بۆخۆت و دەستوبردت.
لاوە هەر کە گەیشتە ئەودیو دەرگاکەی خۆیان زەرفەکەی لە باخەڵی دەرهێنا و کردیەوە. لەپێش هەموو شتێکا کۆمەڵێ دە دیناری لێ کەوتە خوارێ، کە ژماردی پەنجا دانە بوو. ئینجا نووسراوەکەی خوێندەوە کە ئەمە بوو:
«کاکە گیان!
لێم گەڕێ با بەر لە هەموو شتێک جارێکی تر سوپاست بکەمەوە بەرامبەر بەو ئەرک و ئازارەی لە ڕووی خۆم و ماڵ و مناڵمەوە تووشت بوو.
کاکە! لێت ناشارمەوە کەوا بە درێژاییی سێ چوار مانگی دواییی بەندیخانە، مێشکم مەیدانی خەباتێکی بێوچان بوو لە میانی دەسکەوت و خۆشیی خۆم و دەسکەوت و خۆشیی کۆمەڵدا.
«کە ڕزگارم بوو چی بکەم! خەریکی پێگەیاندنی هیوا و کاڵێی خۆم بم، یا ژیانم بۆ هێنانەدی و پێگەیاندنی هیوا و خۆشیی گەل تەرخان بکەم؟ بۆ خۆم بژیم یا بۆ خەڵک؟» لەپاش ئەم خەباتە تاڵە «خۆم» سەرکەوت بەسەر خەڵکا بەو بەهانەیەی کە دە ساڵ لەپێناوی خەڵکا گیراوم و ژن و کوڕ و خۆم تووشی ئەوپەڕی ئازار و دەرد و کوێرەوەری بووین لەگەڵ ئەوەشا یەکێک دەروویەکی لێ نەکردینەوە. لەپاشا گەل کەسی زۆرە، هیوا و کاڵێ بێکەسن، لە من زیاتر کەس شک نابەن. ئەوەی تووشی بووم لەپێناوی گەلا بەسە ئیتر، لەمەولا خەریکی هیوا و کاڵێی خۆم ئەبم، هەموو ژیانم بۆ ئەوان تەرخان ئەکەم. بەڵێ بەسەرزاری ئەنجامی زۆرانەکەی مێشکم وا بوو، بەڵام ڕاستییەکەی ئەمە سەرکەوتنێکی فشەڵ و بێبناغە بوو. چونکە زۆر جار ئەهات بە بیرما ئاخۆ بەختیاری و خۆشیی هیوا و کاڵێی من ئەتوانرێت لە بەختیاری و خۆشیی خەڵک جیا بکرێتەوە؟! ئایا ئەتوانم گوڵی هیوای خۆم پێ بگەیەنم لە کاتێکا کە باخی هیوای گەل وشکی کات و خەڵک بە ئاواتی خۆی نەگات؟ ئایا دوژمن ڕێی ئەمە ئەدا و باوەڕ بەم خۆ لە گەل دابڕینەم ئەکات؟! ئایا ئەگەر خۆ لە گەل دابڕینەکەم ئەوەندە تەواو و یەکجارەکی بێ کە دوژمن باوەڕم پێ بکات نابێ بە مایەی نەنگی و سەرشۆڕی بۆ خۆم و ماڵ و مناڵم؟ کەس باوەڕ بەوە ئەکات کە دەستهەڵگرتنی ئەم ڕژێمە بۆگەنە خوێنمژە لە یەکێکی وەکوو من، بێنرخی بووە؟
نەء من خۆشم لەو باوەڕەدا نیم کە بەبێ نرخێکی گران جێبەجێ ببێت! ئەمە باری بیر و لێکدانەوەم بوو تا هاتمەوە. کە هاتیشمەوە بەسەر وڵاتی وێران و ماڵی کاول و دۆستی گیراو و کوژراو و خزمی ماڵ تاڵانکراو و خەڵکی بێتاوانی لە ژێر دارا ڕزێنراوا هاتمەوە، زیاتر لە جاران ئەو نزمی و ناپیاوییەم بۆ دەرکەوت کە لە ڕێگەی دەست بە کڵاوی خۆگرتن و خەتەسوورێ لە خۆم دوورێدا بە سەرم دێت. ڕەنگە پیاو لە کاتێکی ناپیاوی و ترسنۆکی و بێورەیی و زارەترەکیدا بڵێ «حیز و سەلامەت»، ئەی ئەگەر وەکوو مامە ڕەشەی خۆمان ئەیوت: حیزیش سەلامەتیت دەست نەخات، چی ئەکەی؟ لە ئەنجاما دامنا هەموو ئەم ڕاستییانە بخەمە پێش چاوی کاڵێ و لێی بگەڕێم ئەو دڵی خۆی بکات بە سەرپشک، کام ڕێی بۆ هەڵبژاردم ئەوە بگرم. ڕەنگە لەم بڕیارەما ترسنۆکی و لە لێپرسینەوە و لە ئەنجام خۆدزینەوەیەکی تیا بێت، بەڵام سەبارەت بەو دەرد و پەژارەیەی دە ساڵ کردبووم بە گەرووی کاڵێدا بە خاوەن هەقم ئەزانی ئەم جارە چارەنووسی هەموومان بخەمە دەستی ئەو، ئەگەرچی جاری پێشووش وە نەبێ بەدەست من بووبێت. بەڵام وەکوو دیت حسابی کاڵێ و هیواشم ئەوە بوو بە هیچ دەرچوو، هەر وەکوو خوا ویستبێتی ئەو بەهانەیەشم ببڕێت!
جا کاکی خۆم دوای ئەوەی کە بەسەر من و ماڵ و مناڵی من هات، دوای ئەوەی بینیم بە بەر چاومەوە چی بەسەر گەل و وڵاتەکەشم دێت، ئەوەندەی سەری دەرزییەک پیاوەتی و جوامێری لەوەدا ئەبینیت کە یەکێکی وەکوو من سەڵت و قوڵت و هەست بە لێپرسینەوەکەر و فرمانی نیشتمانی و نەتەوەییخوازان، سەری خۆی کز بگرێت و مل بداتە نان پەیداکردن. نانی چی و بۆ کێ؟ کێ هەیە نانێ بەو نرخە بهێنێ؟ نامەردت نەکەن با خوێنی ئەم هەموو لاو و پیر و ژن و پیاوە هیچ بێ، کە نابێ لای هیچ خاوەنویژدان و شەرەفێک ئەمەش وەها بێ، بەڵام گریمان هەمووی هیچ! ئەی خوێنی مناڵەکانی خۆم؟ ئەی تۆڵەی هیوای گیان و شیرینی ژیانم هەروا بەفیڕۆ بڕوا؟ ئەگەر لێبوردن و چاوپۆشینی دەستدار پڕ بێ لە پیاوەتی، لێبووردن و دەستهەڵگرتنی بێدەست پڕە لە ناپیاوەتی و سەرشۆڕی و نزمی و گیانی بەندایەتی! جا بیرم کردەوە و هەموو لایەکی مەسەلەکەم بەراورد کرد لەگەڵ یەک، لە خۆری نیوەڕۆی قرچەی هاوین باشتر دیار بوو کە شوێنی من شاخە نەک شار، فرمانی من خەباتی چەکداری دژی داگیرکەر و چەوسێنەرەوەیە نەک دوکانداری و حیزەبخۆیی! هیوای من هەر هیوای من بوو، بەڵام شۆڕش هیوای هەموو گەلە. هیوای بێهیوایان و هیوادارانە! بۆیە بڕیارم دا کە بچمە ڕیزی خەباتەوە و هەر بۆ ئەوەی باری خۆشم سووکتر کەم جێخانووەکەم فرۆشت، کەوا نیوەی پارەکەیم بۆ ناردیت. هەندێکی، واتە «پەنجا»ی لەبریتی ئەو دەست قەرزەی داتمێ و ئەوی کەیم بۆ هەڵگرە بۆ تەنگانە! نیوەکەی کەشی ئەدەم بە سەرکردایەتیی شۆڕش. هیوام هەیە لە ڕووی ونبوونی منەوە تووشی هیچ ناخۆشییەک نەبن. هەر بەم نیازەش بوو کە لە ماڵتان گواستمەوە و لە هەندێ جێ قسەشم پێ وتبوون. ئەبێ لێم ببووریت ...
تێبینی: ئەگەر نامە یا شتێکت بوو ئەتوانی بەهۆی ئەو کەسەوە بۆمی بنێری کە ئەم نامەیەت ئەداتێ.
برات ج....» لاوە هەردوو چاوی پڕ بوو لە ئاو. تفەکەی گەرووی قووت دا و لەبەرخۆیەوە وتی:
― هەقی بوو، ئەی چی بکات؟ هەموو پیاوێکی تریش هەر ئەبوو وا بکات. بەڕاستی کوڕێکی بەدبەخت بوو. هیچ شتێکی بۆ نەهات. خوا بکات لە خەباتا وا نەبێ، ئەگینا سەریشی ئەنێتە بانی. خوا لێی نەگرێ زۆر سووچی دایکمی تیا بوو، ئاسکۆڵی بدایە مێژووی ژیانی هەردووکیان ئەگۆڕا و بەتەواویش ئەگۆڕا. مەگەر منیش بچمە سەر ڕەئی جوامێر خۆی کە ئەڵێ لەوای بوونەوە لە چارەی نووسراوە وەها بێ وەکوو بوو، کە ئەمەش هیچ مانای نییە. ئەو داستانی بریندارکردنەی خۆی بۆی گێڕامەوە، بوو بە بنچینە بۆ هەموو ئەم کوێرەوەرییەی دوایی. بەهەنگاوێک، بەباوێشکێک، بەئیستێک، بەقەیتانی قۆندەرەکرانەوەیەک، بەهەڵئەنگوتنێ هەمووی ئەگۆڕا. ناڵێم چاتر ئەبوو یا خراپتر بەڵام هەرگیز ئەمە نەئەبوو کە بوو.
ڕەنگە هەندێ کەس بڵێن کەوا ئەنجام هەر ئەمە ئەبوو کە بوو، بەڵام ئەم قسەیە ڕاست نییە. ئەمە بەڕێکەوت بوو، ڕێکەوت و بەس.
بیرێکی هات بە مێشکا زەردەخەنەیە گرتی و وتی: دەی ئەویش بەسەر چوو. ئەگەر لە شار بمایەوە ڕەنگە بە درێژاییی ڕۆژ برینی ساڕێژ ببێت و بیر لە ماڵ پێکەوەنانەوە بکاتەوە، بەڵام ئێستە. هەیهوو! هەیهوو! وەیش جوامێر گیان بەڕاستی هەقتە ئەوەندە بڕوا بە بەخت بکەیت!