١٢

لە کتێبی:
ژانی گەل
بەرهەمی:
ئیبراهیم ئەحمەد (1914-2000)
 11 خولەک  907 بینین

بەیانییەک دوای بەرچاییکردن جوامێر بە لاوەی وت کەوا ئەیەوێت بچێت هەندێ قەوم و قیلەی بەسەر بکاتەوە. کە ناویانی پێ وت بۆی دەرکەوت هەندێکیان مردوون و زۆریشیان لە شوێنی جارانی نەماوە. جوامێر وتی:

― بەم پێیە بێت بە پانزە ڕۆژ بۆم بەسەر ناکرێنەوە! ئەوە چییە ئەڵێیت کەسیان هاتوچۆی ئێوە ناکەن؟

لاوە وتی:

― با هاتوچۆمان ئەکەن بەڵام ئەوەندە نا، خزمانی ماڵە خەزوورانم زۆرتر دێن و دەچن. لەگەڵ خزمانی باوکیشم جەژناوجەژن یا بە بۆنەی ئاهەنگ و شایی و شینەوە هاتوچۆی یەکتری ئەکەین.

جوامێر بەزەردەخەنەیەکی ساردەوە وتی:

― نە بابە من چاوەڕوانی هیچ یەکێ لەم شتانەم پێ ناکرێت، خۆم ئەچم بۆ لایان. بێگومان ئەوان نەیانزانیوە کە من بەر بووم، ئەگینا ئەهاتن بۆ لام.

ئەمەی وت و لێی دا ڕۆیشتە دەرەوە. یەکەم شوێن چووە ماڵی نەسرینی پوورزای، خۆشی و چۆنییەکی گەرمیان کرد. نەسرین بەدەم گریانەوە باوەشی پیا کرد لاملی ماچ کرد. ئەویش سوور هەڵگەڕا و بەبێزارییەکەوە خۆی لەناو دەست دەرهێنا و هەواڵی منداڵ و مێردەکەی لێ پرسی.

نەسرین بەسەربەرزییەکەوە پێی وت: کەوا هەردوو کوڕەکەی لە لەشکری ئازادکەری نیشتماندان، مێردەکەشی ئەوە ساڵ و نیوێکە گیراوە. ئەڵێن هەتا کوڕەکانت نەگەڕێنەوە بەر نادرێیت.

ئێستە ئەمیش خۆی و کچێکی شەش حەوت ساڵەی بە جلشۆری و نانکەری بەڕێوە ئەچن. «مالە»ی براشی کە ئێستە وا لە شاری «ک...» کاسبی ئەکا، جاروبار دەروویەکیان لێ ئەکاتەوە هەر باشە.

لەوێ هاتە دەرێ چووە ماڵی خاڵۆزایەکی باوکی. کابرا خۆی لە ماڵ نەبوو.

ژنەکەی و دوو مناڵی پێنچ و شەش ساڵەی لەوێ بوون، خانووەکەیان تازە چاک کرابووەوە و سپیکاری کرابوو، ژن و مناڵەکانی تێری و تەسەلییان لێ ئەباری، دوای خۆشی و چۆنی، هەواڵی مێردەکەی لێ پرسی کە لەکوێیە و چی ئەکات.

ژنەکە بەلووتبەرزییەکەوە وتی:

― مەئموورە، لە دایەرەیە!

جوامێر بەحەپەسانێکەوە پرسی:

― مەئموور؟

ژنە بە ڕق و فیزێکەوە وتی:

― بەڵێ مەئموور! چی تیایە! ئەوانەی بوون بە مەئموور چییان لەو زیاترە! ئەرێ وەڵڵا، لە سایەی خوا و حکوومەتەوە مودیری بانقیشە.

جوامێر کە زۆر لە شێوەی قسەکردنی ژنەکە قارس بووبوو بەقێزێکەوە وتی:

― مودیری بانق؟ سەیرە! مەجیدی خاڵۆزام خوێندنی سەرەتایی تەواو نەکردووە، چۆن مودیری بانقە؟

ژنەکە بەتەوسێکەوە وتی:

― بە خوا بابە خزمی چاکیت! ئەوی بێگانە پێی ڕەوا بینیوە تۆ پێی ڕەوا نابینیت. ئەوە بۆچی لە عاستی ئێمە وایت کاکە جوامێر!

― مەسەلە ڕەوابینین و نەبینین نییە خوشکم! بیر لەوە ئەکەمەوە کە لەبەر چی بێگانە ئەم شوێنەی پێ ڕەوا بینیوە؟!

ئەمەی وت و بەتووڕەیییەکەوە هاتە دەرێ. لەبەرخۆیەوە ئەیوت بێگومان دەستی لەگەڵ دوژمن تێکەڵ کردووە بۆیە وا پێش خراوە. بەڵام من هەقم چییە بە سەرەوە، بۆچی وا قوشقی بووم؟ ڕەنگە لووتبەرزیی ژنە بێئابڕووەکەی وای لێ کردبم. بەڕاست ئەوە چی بوو خۆ ئەتوت تیاترۆیە.

قەی چێکا ژن لە ماڵی خۆیا چی لەبەر کات. من هەر بەتەواوی شووڵم لێ هەڵکێشا، ئەتوت بۆ شەڕکردن چووم نەک بۆ بەسەرکردنەوە. ڕێی تێ ئەچێ ئەو کوێرەوەرییەی نەسرینی پوورزامم تیا دی دەستی هەبێ لەو تووڕەبوون و شەڕپێ‌فرۆشتنەما.

زۆر ناخۆشە لایەک لەسەر هەق وا تووشی جەزرەبە ببێ و لایەکی کەش لەسەر ناهەق وا دەرگای خێر و بێری بۆ بخرێتە سەر پشت! لەم بیرکردنەوانەدا بوو، باش ئاگای لە دەوروبەری خۆی نەمابوو، کابرایەکی کەڵەگەتی ڕەشکەڵەی لێ هاتە پێشەوە و سەرێکی بۆ شۆڕ کردەوە، تا باشتر سەرنج لە دەموچاوی بدا، ئەوسا بەخۆشییەکەوە وتی:

ئەوە تۆی کاکە جوامێر. دەک بە خۆشی و خێر بگەڕێیتەوە، ئەوە کەی هاتوویتەوە؟ بڵێم چی خۆ ڕۆژەکەی لەوانەش نییە پیاو گلەیی لە دۆست و برادەران بکات کە لە هاتنەوەت ئاگاداریان نەکردووم. ئێی ئێستە چۆنی!

لەکوێ بوویت؟ چاوم ڕوون بووەوە.

جوامێر بیرکردنەوەیەکی ئەوتۆی پێویست نەبوو کە بزانێ خاوەنی ئەم دەمڕێژی قسەیە وەسمانی کۆنە دراوسێی ماڵی خاڵی باوکێتی، کە تا پۆلی شەشی سەرەتاییش لە قوتابخانە پێکەوە بوون.

دوای نەختێ قسەکردنی بێئامانج وەسمان لێی دووپات کردەوە:

― ئەوە لەکوێ بوویت؟

جوامێر سەرێکی داخست و دوای ئیستێکی کورت وتی.

― ویستم سەرێکی ماڵی مەجیدی خزمم بدەم، بەڵام، بە خوا نازانم بڵێم چی، کاشکی نەچوومایە!

وەسمان بەبزەیەکی مانادارەوە سەیرێکی جوامێری کرد و هیچ ورتەی نەکرد. جوامێر لەسەر قسەی خۆی ڕۆیشت:

― سەیرە! ژنەکەی ئەڵێ مەجید ئێستە مودیری بانقە. تێ ناگەم لە کاتێکا ماڵ نییە یەکێکی گیراو یا کوژراو یا هەڵاتوو نەبێ، نەخوێندەوارێکی وەکوو مەجیدی خزمم چۆن ئەکرێت بە مودیری بانق؟ بێگومان جاسووسییان بۆ ئەکات. ئەی چی! هەر ئەبێ وا بێت!

وەسمان کەوا هێشتا هەر سێبەری بزە مانادارەکە بەسەر لێویەوە مابوو، سەری داخست و دیسانەوە هیچ قسەی نەکرد. جوامێر بەسەرسوڕمانێکەوە وتی:

― ئەوە چیتە هیچ قسە ناکەیت؟ بزانم دەمت بوو بە تەڵەی تەقیو. چییە، لەبەر جاسووسی نەکراوە بە مودیری بانق، ها؟ وەسمان زۆر لەسەرخۆ وتی:

― نەء!

― ئەی لەبەر چی؟ کەواتە ئەیزانیت.

― لەبەر گەوادی، قوربان!

ئەم قسەیەی وەکوو تێسکەی تفەنگ هاویشت و لێی دا ڕۆیشت.

کە جوامێر کەوتە ڕێ بەرەو ماڵی پوورە خەجاوی هەر سەری با ئەدا. لەپاشا بەڕقێکەوە تفێکی کردە ئەرزەکە و وتی:

― کەریمی هاوڕێی بەندیخانەم بەدرۆی نەبوو کە هەمیشە ئەیوت:

«ئەمڕۆ ڕۆژی گەوادە ..!» سەری ژنی بە گۆڕی بابی مەجید، من چیمە بە سەرەوە، بۆچی پێی سووک ئەبم. کێ ئەزانێ ئێمە هەر خزمیشین. جگە لەوەی کەوا من ناوم لە دەفتەری زۆر کەسیشا کوژراوەتەوە. کێ حساب بۆ من ئەکات یا حسابی ئەو لەگەڵ من ئەکات. خوا بیکردایە زوو دەستم بگەیشتایەوە کاڵێ و هیوا شەرت بێ بمبردنایە بۆ وڵاتێ بە ساڵێک یەکێکی ناوی ئەم شارەی نەبردایە! ئەرێ بەڕاست چی بکەم بۆ پارە!

بۆچی سەرێ لە خانۆچکەکەم نەدەم بزانم چیی لێ هاتووە؟ ئەگەر کرێچی کاولی نەکردبێت ڕەنگە ئیمڕۆ پارەی چاک بکات. وەکوو بیرم بێت بەپێی نامەیەکی لاوە شەقامێکی پانیان بە بەردەمیا بردووە، نرخی زیادی کردووە. ملی ڕێی گرت، بەڵام ئەوە چییە کوا هیچ خانوو دیار نییە! تۆ بڵێی ڕێگاکەی لێ تێک نەچووبێت.

― نەختێ سەرنجی دایە خانووەکانی تەنیشتی، ئەوە ماڵی میرزا سەعیدە، ئەوە شانشینە ڕووخاوەکەیەتی هیچ دەستی لێ نەدراوە، ئەوە ماڵی ڕەشەی ڕەنجبەرە وەکوو دوێنێ بیریەتی، کە چوو بە ئامە خانی ژنی وت بچێ ئاگای لە کاڵێ بێت تا ئەم ئەچێت مامانی بۆ بانگ ئەکات و دێتەوە. تەنیا خانووەکەی ئەمان دیار نییە، ئەڵێیت لەسەر کاغەز بووە و بە لاستیک سڕراوەتەوە! شوێنەکەی تەخت و پاک وەک لەپی مست وایە. لەپڕ هات بە بیریا کە ئەمە یەکەم جار نییە تەختانی وای تیادا ئەبینێت. هەر ئەمڕۆ هەشت نۆ شوێنی وەکوو جێ‌ماڵەکەی خۆیانی تیا چاو پێ کەوتووە.

هیچ لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەیەکی پێ ناوێت. ئەم شوێنانە خانوون و بەبلدۆزەر تەخت کراون. بێگومان خانووی ئەو کەسانەن کە لای میری بە تاوانبار دانراون. بەڵام ئەبێ کەی وای لێ کرابێت؟ خۆ ئینشاڵڵا بە بۆنەی بەربوونییەوە تەختیان نەکردووە! لە کاتی گرتنیشیا ئەم نەریتی خانوو تەختکردنە دانەهاتبوو. ئێستە دەی، کەی وێران کرابێ وا وێران کراوە و بڕاوەتەوە بەڵام بۆچی لاوە لەم کەین‌وبەینە ئاگاداری نەکردووە؟

ڕەنگە نەیوێرابێت بۆی بنووسێت. بەڵام ئەو هەتا ئەم مانگەش کە تیایا بەر بووە مانگانەی ئەم کاولبووەی بۆ ناردووە، کەوا دیارە لە چەند ساڵ کەمتر نییە تەخت کراوە! ئەوە ئەو شەقامەیە کە لاوە بۆی نووسیبوو دوو خانوو بەولای هینەکەی ئەما تێ ئەپەڕێت. وای چ زۆردار و کافربابن، وا دیارە ئەیانەوێ پڕ بەپڕی وشەی ماڵوێرانکردن ماڵی پیاو وێران بکەن.

ئەگینا وا بەناهەق و ناگوناح دە ساڵ فڕێیان دایە زیندانەوە، ماڵ‌ بە بلدۆزەر تەختکردنی بۆچییە!

هەناسەیەکی هەڵکێشا و لەبەرخۆیەوە وتی:

― مەڵبەندی دڵداریمان بوو لەگەڵ کاڵێ. چەندی پێی وتم دەستی لێ نەدەم، تەنیا هەڵیگێڕمەوە و سواغێکی بدەم. بەڵام من لەبەر دایکم چاوم بەرایی نەئەهات تیا دانیشم، یا ئەبوو بگوێزمەوە یان تێکی بدەم و سەرلەنوێ دروستی کەمەوە. کۆن بوو، هیچ کرێی نەئەکرد، پارەکەشی هیی کاڵێ بوو. دوای مردنی دایکی کانی و ئاوەکەیانی لە لادێ فرۆشتبوو.

هەقیشی بوو، هەموو پارەکەمان ئەدا بە کرێ خانوو بێ ئەوەی هیچمان دەس کەوێت. کێ ئەیزانی تووشی چورتمی وا ئەبین! بۆ نەچم سەرێ لە ماڵی مامە ڕەشەی ڕەنجبەر نەدەم! ماڵێکی چاکن، بە چ ڕوویەکی خۆش و گەشەوە ئامە خانی ژنی هات بەپیرمەوە لەو ڕۆژە ڕەشەدا. با بچم، بێگومان کارەساتی ئەو ڕۆژەی زۆر چاک لەبیرە. لێی ئەپرسم با بۆم بگێڕێتەوە، بزانم کاڵێ چۆن مناڵەکەی بوو. هیچ مامانیان دەسکەوت! لەکوێ دەستیان ئەکەوێت. بە چییا ئەزانرێت کەوا نازێ گەڕاوەتەوە! مامانی نەهێناوە! لە کاتێکا من بەبرینداری برابووم بۆ بەندیخانە. ئامە خان ژنێکی دەم و کاوێژ خۆشە، ئێستا داستانەکەم بە جۆرێک بۆ ئەگێڕێتەوە وەک هیچ نەقەومابێت، چەند بە دەمی خۆشە کە ئەڵێ: «هەر سەر سەلامەت بێ ئیتر باقی هیچ نییە».

لە دەرگاکە چووە پێشەوە و ئەڵقەڕێزەکەی لێ دا و ڕاوەستا تا دەرگاکەی بۆ بکرێتەوە، بە تیلایییەکی چاویش ئەیڕوانییە کەلاوەی خانووەکەی خۆی. ئا ئەوە شوێن ژووری نوستنەکەیان بوو. لەو ڕۆژە ڕەشەدا کاڵێ لەسەر جێگاکەی لەوێدا کەوتبوو. وای چ ڕۆژێک بوو، بڕوا و نەیەتەوە، چییە؟ ئەوە ئەڵێی کەسیان لە ماڵ نین. بەتوندتر لە دەرگاکەی دا بەڵام هیچ دەنگێ نەبوو. مناڵێکی دە دوانزە ساڵە بەوێدا تێپەڕی لە دوورەوە تەماشایەکی جوامێری کرد وتی:

― مامەکە! پوورە ئامینە لە ماڵی ڕەسووڵی دارتاشە، کوڕەکەیان گیراوە.

ئەگەر ئەڵێیت بۆتی بانگ بکەم؟

جوامێر وتی:

― نە گیانە قەی ناکات ئەڕۆم جارێکی تر دێمەوە، ئیشێکی ئەوتۆم پێیان نییە!

مناڵەکە لێی دا بڕوا، جوامێر پرسی:

― ئەی کوڕی باش! ئەو کەلاوە کۆنە. ماڵی کێ بووە وا تەخت کراوە؟

مناڵەکە گەڕایەوە نزیکی و بە دەنگێکی ئەسپایی وتی:

― ناوی نازانم! بەڵام ئەڵێن ماڵی پیاوێکی گەورەیە دەمێکە گیراوە!

جوامێر هەر وەکوو بترسێ لەوەی نەوەکا مناڵەکە بزانێ کە ئەم خۆی ئەو «پیاوە گەورەیە»یە، گورج پرسیارێکی کەشی لێ کرد:

― باشە ئەی ئەزانی ئەو ڕیزە دوکانەی بەرامبەرمان هی کێن؟

― هی ماڵی میرزا قادرن. حکوومەت دوکاندارەکانی لێ دەرکردن و دایخستن چونکە جاسووسێکیان لە بەردەما کوشت. دەستەکەیان خۆش بێ زۆر پیاوێکی خراپ بوو.

جوامێر لەباتی ئەوەی گوێی لە وەرامی مناڵەکە بێت، بیری لەوە ئەکردەوە کە تۆ بڵێیت هیواش مناڵێکی وا ژیرکەلەی زیرەک بێت! خۆزگە لێرە ئەبوون، چەند دونیا ئەگۆڕرا! بەڵام چییە ئەوە لاوە هیچی دیار نییە، پێشینان جوانیان وتووە: «تێر ئاگای لە برسی نییە» ئەگینا وا بێباکانە نەئەجووڵایەوە بەرامبەر بە هێنانەوەی هیوا و دایکی. تا جوامێر لەم بیرکردنەوانە بووەوە مناڵەکە لە چاو ون بووبوو. ئەویش لۆش لۆش ملی ڕێی ماڵی لاوەی گرت و گەڕایەوە. هیوایەکی بەو خانووچکەیە هەبوو ئەویشی هەرەسی هێنا. دەی گوێ مەدەرێ! خوا ئەکات هەر هیوا ڕاستەقینەکەی بەزوویی و بەسەلامەتی ئەگەڕێنەوە، ئیتر هەموو شتێک ئاسانە و ئەم هیوایانەی کەش هەموو دێنە دی!