١١

لە کتێبی:
ژانی گەل
بەرهەمی:
ئیبراهیم ئەحمەد (1914-2000)
 18 خولەک  1042 بینین

بەیانی کە جوامێر لە خەو هەستا ڕوانی جێگای سێیەمی ژوورەکە هێشتا هەر چۆڵە بەڵام شاهۆ شانی داداوەتە سەر سەرینە بەرزەکەی و فیشەی جگەرەی دێت. بەیانی باشیان لە یەک کرد.

جوامێر پرسی:

― کوان جەماعەت کەسیان دیار نین! تۆ بڵێی تا کەی دانیشتبن؟

― بەڕاستی منیش وەکوو تۆی لێ ئەزانم، ئەوەندە ئاگاداری هەڵسان و دانیشتنیان نیم. زۆری بۆ چاوپێکەوتنی تۆ هاتم، بە دڵ تاسەم ئەکردیت.

جوامێر بەتەریقییەکەوە وتی:

― سوپاست ئەکەم، خۆش بی یا خوا. ئیتر بڵێین چی ئەوە دنیایە. نازانم چۆن بڕۆین و خاوەن‌ماڵ لەکوێ بدۆزینەوە؟ هیچ نەبێ ماڵئاوایییەکی لێ بکەین. لام وایە چاکتر ئەوەیە هەڵی نەسێنین لە خەو، بێگومان تا درەنگ نەنوستوون!

شاهۆ هەناسەیەکی هەڵکێشا وتی:

― ئارەزووی تۆیە چۆن ئەڵێیت وا ئەکەین.

ئەمان لەم قسانەدا بوون کچێکی دە دوانزە ساڵە دەرگای ژوورەکەیانی کردەوە وتی:

― نافەرموون دەموچاو بشۆن تا بەرچاییتان بۆ بهێنم، یا حەز ئەکەن بنوونەوە؟

جوامێر وتی:

― بەرێ وەڵڵا ئەمانەوێ دەموچاو بشۆین و ئیتر هیچ پێویست بە بەرچاییخواردن ناکات.

ژنێک کەوا دیار بوو لەودیو دەرگاکەوە وەستابوو وتی:

― چۆن بێ بەرچایی ئەڕۆن خۆ ماڵە دۆم نییە. کاوە پێی وتین کە هەڵی سێنین، جا ئەگەر ئەفەرموون با خەبەری بکەینەوە.

جوامێر وتی:

― نا خوشکم پێویست بە هەڵساندنی کاکە کاوە ناکات، خوا چی داوە بۆمانی بهێنن ئەیخۆین و ئەڕۆین. فەرقی چییە خۆمان خاوەن‌ماڵین.

ڕووی کردە کچەکەی و پێی وت:

― تۆش کچۆڵەکەم شوێنی دەست و چاوشتنمان نیشان بدە!

جوامێر و شاهۆ بێدەنگ بەرچایییان کرد و ماڵاوایییان لە ئافرەتەکە کرد کەوا دیار بوو ژنی کاوە بوو. هاتنە دەرەوە.

چەند هەنگاوێک لە ماڵەکە دوور کەوتبوونەوە شاهۆ وتی:

― بە لای منەوە گوناهێکی گەورەیە لاوانی ئەم نیشتمانە داگیرکراوە لە کاتێکی وا تەنگانەدا، کە دوژمن دەستی ناوەتە بینی و پێویستی بە دوا چۆڕی گوڕ و تینی نابایەخترین کەس هەیە، شەوگار بەم جۆرە بەسەر بەرن!

جوامێر هەر بۆ ئەوەی شاهۆ وا تێ نەگات کە گوێی لە قسەکەی نەگرتووە پرسی:

― بۆچی ئەمانە کەسیان لە بزووتنەوەدا هەر هیچ جۆرە هاوکارییەک ناکەن؟

― ڕەنگە جاروبار پیتاکێک، شتێک بدەن یا بۆ شەوێ دوو شەو پەنای خەباتکەرێک بدەن ئەگینا باوەڕ ناکەم هیچی کە بکەن.

جوامێر وەک پاکانە بۆ خۆی بکات وتی:

― ئێ کەواتە سەرزەنشت کردنەکەیانت نەختێ توندە، کاڵا لە قەد باڵایە، ڕەنگە هەر ئەوەندەیان لەدەست بێت!

شاهۆ نەختێ بە گرژی وتی:

― نەخێر ئەم چەشنە کەسانە بەپێی حاڵ و ماڵیان لە وزەیانا هەیە گەلێک لەوە زیاتر یارمەتی بدەن، جگە لەوەی نالەباریی کار و دڕندەییی دوژمن و گرانیی ئەرکی شۆڕش ئەیخاتە ئەستۆی هەموو ڕۆڵەیەکی دڵسۆزی ئەم نیشتمانە کە زۆر زیاتر لە توانای خۆشیان تەقەلا بدەن لەپێناوی خەباتی ڕزگاریدا. وەکوو ئەزانیت توانای ئینسان ئەگەر بە باشی و بە دڵ و ڕێکوپێک بخرێتە کار توانایەکی بێسنوور و بێپایانە.

جوامێر لەسەرخۆ وتی:

― هەرچۆنێک بێت بە بیری من ڕەوای هەق نییە بەم چاوە تیژەو ئەم حسابە وردە لەگەڵ ئەم چەشنە کەسانەدا بکرێت، کەوا دیارە خۆیان بەباشی هەست بە ئەرک و فەرمانی نیشتمانی و نەتەوەییی سەر شانیان ناکەن. بەپێچەوانە پێویستە لەسەر وشیاران لەبریتی سەرزەنشکردن و تانووت لێدان دڵیان ڕابگرن و وەکوو مناڵ بیانلاوێننەوە و لەگەڵیان خەریک بن تا ئەو هەستکردنەیان ڕاست ئەبێتەوە و ئەگاتە ئاستی پێویستی خۆی. ئەوسا کە لە خەم ئەڕەخسێن، ئەتوانن نەک هەر وردترین حسابیان لەگەڵ بکەن، گەورەترین فەرمانیشیان پێ بسپێرن. چونکە بە لای منەوە، کاڵای فیداکاری و لەخۆبوردن لە قەد باڵای هەست پێکردنە نەک هیی ماڵ و حاڵ. بۆیە پیاو ئەترسێ لەوەی، کە لە ڕووی بێ هەستییەوە لەگەڵ ئەو زەبروزەنگ و زۆردارییەی دوژمنان ئەم هەموو سەرزەنش و پلار و توانجەی دۆستانیشیان پێ هەڵنەگیرێت. لووس و باریک تەنگەی لێ بکەنەوە و بڵێن: ئێمە کەری ئەم بارە نین. تفی خۆتان بکەن و بڕۆن!

جگە لەمە بە لای منەوە پیاو نابێت لە چاوی خۆیەوە سەیری خەڵک بکات و هیچ حسابێک بۆ توانا و لەدەستهاتن و باری تایبەتی و گشتییان نەکات. ڕەنگە هەندێ لەمانە بەتەواویش هەست بە پێویستیی سەرشانیان بکەن، بەڵام لەبەر هەندێ هۆ نەتوانن وەکوو یەکێکی تر بە سەروماڵەوە و سەرومڕ خۆیان بهاوێژنە گێژاوی ئەم خەباتە خوێنینەوە. لەم قسانە نیازم ئەوە نییە کەوا پاکانە بۆ گەلۆر و گەندەپیاوان بکەم. بەڵام لام وایە ئەبێ لە پێش ئەوەدا کە حوکم بەسەر یەکێکا بدەین هەر سەیری دڵی خۆمان و بیروباوەڕی خۆمان نەکەین. ئەبێ لەباری سەرنجی ئەویشەوە تەماشایەکی شت بکەین. وە کە ویستمان بۆ چاککردنی هەوڵ بدەین لەو باری سەرنجەوە تێ هەڵچین. جگە لەمە لە خراپترین بەراوردکردنا کورد وتوویەتی:

«موویەک لە بەراز ببێتەوە هەر باشە!».

جوامێر کە لە قسەکانی بووەوە بەباشی تێگەیشت کەوا پارێزگاریی خۆی ئەکات نەک هیی کاوە و ئەوان ...

شاهۆ پاش ئیستێک وتی:

― تەنیا لەوەدا لەگەڵت نیم کە ئەڵێیت موویەک لە بەراز بێتەوە هەر باشە.

ڕاستە باشە، بەڵام ئێمە ئەمانە بە بەراز نازانین و ئەگەر بە بەرازمان بزانینایە ئەو مووە پیسەی ئەوانیشمان نەئەویست، سەد جار پێشینانیش وایان بوتایە، ئێمە ئەمانە بە خۆ ئەزانین و لە خۆمانیان جیا ناکەینەوە، یان هەر هیچ نەبێ تا ئێستا جیامان نەکردوونەوە، بۆیە ئەبێ ئەوەندە موومان بدەنێ کە دوژمنی پێ بخنکێنین. جگە لەمە تێکڕا قسەکانی کەتم بەدڵە.

دوای ئیستێک هەر بۆ باسگۆڕین جوامێر پرسی:

― ئەرێ بەڕاست خۆ پێت نەوتم ئێستا چی دەکەیت و چۆن ئەژیت؟

― شاهۆ هەناسەیەکی هەڵکێشا وتی:

― خۆت ئەزانی ئەوە بوو کاتی خۆی لەبەر نەبوونی وازم لە خوێندن هێنا و لەگەڵ باوکم بە ماڵەوە چووینە شاری «م». پاش بەینێ خوا پیاوێکی باشی بۆ ڕەخساندین، باوکمی لای خۆی و منیشی لە کۆمپانیای «ج» دامەزراند. بەم چەشنە تۆزێ بووژاینەوە، تا پێرار باوکم ئێوە خۆش.

منیش بەناچاری ملم دایە بەر بەخێو کردنی برا و خوشکەکانم. پار کرێکارانی کۆمپانیا بڕیاریان دا کە مان بگرن بۆ وەرگرتنەوەی نەختێ لە هەقی خوراو و بەری ڕەنجی براوی خۆیان. بەڵام لەباتی ئەوەی هەق وەرگرین هەندێکیان لێ گرتین و ژمارەیەکی زۆریشیان لێ دەرکردین!

منیش بەر کەوتم، ئەوسا بە ناچاری «م»م بەجێ هێشت و هاتینەوە ئێرە.

ئێستا لە ماڵی باپیرماین ژوورێک و بەر هەیوانێکیان داوینێ تێی خزاوین، بەو دوو پوولەی کۆم کردبووەوە ئەژین، بەڵام ژیانێکی کولەمەرگی، هیچ ترووسکایییەکیش لەبەر دەمما نابینم.

لێرەدا گەیشتنە سەری دووڕێیانێ کە ئەبوو جیا ببنەوە.

جوامێر سەرێکی با دا و وتی:

― خوا چاکی کات!

― خوا چاکی ناکات تا خۆت چاکی نەکەیت. ئەڵێیت چی لەگەڵت بێم تا لای ماڵی لاوە، خۆ پێت ناخۆش نییە؟

― نا، بەپێچەوانە زۆر زۆریشم پێ خۆشە. بەڵام حەز ئەکەیت با بە کۆڵانانا بڕۆین هەم دووریش ئەکەوینەوە و هەم کەمترین خەڵکیش ئەمانبینێ.

― باشە ئارەزووی تۆیە.

ماوەیەک بێدەنگ ڕۆیشتن. جوامێر بیری لەوە ئەکردەوە کەوا پاش ئەم داوای لەگەڵ هاتن کردنەی شاهۆ، بێگومان بۆ ماڵی کاوە هاتنەکەشی هەروا بۆ چاوپێکەوتنی ڕووت نەبووە، بەڵام ئەبێ بۆ چی هاتبێ بۆ لای و چی لێ بوێ! هەرگیز ئەوەندە گێل نییە داوای یارمەتی لەم بکات!

وەک شاهۆ ئاگای لە بیرکردنەوەکەی جوامێر بێت، لێی نزیک بووەوە و بە چرپەیەک، کە چۆڵیی کۆڵانەکە زۆر بێ جێ پیشانی ئەدا، لێی پرسی:

― باشە کاکە جوامێر وا بەر بوویت و هاتیتەوە ناومان، ئەی نیازت هەیە لەمەولا چی بکەیت؟

جوامێر وەک یەکێک بیەوێت لە وەرامدانەوە هەڵبێت وتی:

― جارێ تۆ خۆت کەوا ئەوە ساڵێکە هاتوویتەوە نازانی چی بکەیت، ئەی منێ کەوا هەمووی هەفتەیەک نابێ گەڕامەوە چۆن وا زوو گەیشتبمە بڕیارێک!

شاهۆ وتی:

― قسەکەت زۆر بەجێیە، بەڵام من بڕیام داوە چی بکەم (نەختێ دەنگی نزمتر کردەوە)، وتی: من بڕیارم داوە تێکەڵی شۆڕش ببم و چارەنووسی خۆم ببەستم بە چارەنووسی گەلەکەمەوە.

جوامێر پاش ئیستێکی باش وتی:

― هیوام هەیە سەرکەوتوو بیت.

شاهۆ بێباکانە وتی:

― سوپاست ئەکەم، بەڵام ئەگەر سەرکەوتووش نەبم منیش وەکوو ئەو هەزاران کەسەی تر. ئەگەرچی هیچ گومانیشم لەوەدا نییە کە لە دواییدا هەر سەرکەوتوو ئەبین!

نەختێکی تر بێدەنگ بوونەوە، جوامێر لە دڵی خۆیا پەشیمان بوو لەوەی کە ڕێی دا شاهۆ لەگەڵی بێت تا ماڵەوە، ئەبوو پێی بڵێ کارێکی تایبەتیی خۆی هەیە و لێک جیا ببنەوە، چی داوە لەم چەشنە قسەوباسە. لەپڕ شاهۆ وتی:

― ئەوە من کاکی خۆم، ئەی تۆ نیازت چییە؟

جوامێر دوای ئیستێک بەدوودڵییەکەوە وتی:

― من! من هێشا هیچ بڕیارێکم نەداوە! جارێ نازانم!

― نابێ، چۆن؟ قەی ناکات بڕیارێکی تەواوت نەدابێت، بەڵام هەر شتێکت لە مێشکی خۆتا گەڵاڵە کردووە. تۆ بڵێیت بە درێژاییی ئەم دە ساڵە بیرێکت لە دواڕۆژی خۆت نەکردبێتەوە؟ ئەڵێن زیندانی هەر بە هیوای دواڕۆژ ساڵ ئەبات سەر، بەتایبەتی دوا ساڵی هەرخەریکی پیلاندانان ئەبێ بۆ پاش دەرچوونی.

لە کاتی قسەکردنی شاهۆدا، چەند جار هات بە بیری جوامێردا کە پێی بڵێ: دە بیبڕەوە، باوکم بیبڕەوە! ڕووی نەهات، کەچی کە لە قسەکەیا گەیشتە ئێرە. لەباتی ئەوە وتی:

― ڕاستە، ڕاستە، قسەی تۆیە.

ئێی! کەواتە ئێستە نیازت چییە کاکی خۆم؟

―نیازم ئەوەیە هەوڵ بدەم پاروویە نانم دەس کەوێت لەگەڵ ژن و کوڕەکەم لە قوژبنێکا سەری خۆمان کز بگرین، دەست بگرم بە کڵاوی خۆمەوە با نەیبات و خەریکی خزمەتی ئەوان بم. زۆرم داخی کردووە بە گەروویانا، بۆیە ئەمەوێ هۆیان بۆ بکەمەوە، ئەو ژیانەی ماومە لەپێناوی بەختیاری و خۆشیی ئەوانا بەختی بکەم.

شاهۆ، هەرچەندە لە سەرەتاشەوە بەخۆلادانی جوامێر لە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ شتێکی لە دڵ گەڕابوو، بەڵام بە تەوازع و کەمدووییی بۆ لێک دابووەوە، لەبەر ئەوە کە ئەم قسانەی وا بەبێ پێچ‌وپەنا بۆ کرد وەک لە بانێک بەری بدەیتەوە وا بوو. چونکە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ قسە پڕ دڵسۆزی و ژیرانەکانی پێشوویا نەئەگونجان. پاش نەختێ تاسبردنەوە، سەرێکی با دا و لێوێکی هەڵقورتان و بێدەنگ چاوی بڕیە چەقی ڕێگاکە.

جوامێریش، زۆرتری وەکوو ئەوەی ناڕەزایییەکی دەروونی خۆی بەربەست بکات، نەختێ بە تووڕەیی و گرژی وتی:

― چییە، وا دیارە قسەکانت بەدڵ نییە؟ ئەی گوایا چی بکەم؟ بڵێ بزانم چی ترم لە دەست دێ؟

شاهۆ لەسەرخۆ پرسی: جارێ تۆ پێم بڵێ ئەوەی وتت نیازە یان بڕیار؟

جوامێر پاش ئیستێکی کورت بەشپرزەیی وتی:

― بۆ؟ فەرقی چییە؟ ئەوەیە ئیتر، نیازم، بڕیارم، ئاواتم، هەموو شتێکم هەر ئەوەتە!

شاهۆ بێباکانە وتی:

― سەیرە! چۆن ئێستە تۆ، دوای دە ساڵ حەپسی و کوێرەوەریی بێتاوان، بڕیارت داوە بگەڕێیتەوە ناو ماڵ و مناڵی خۆت؟ هەر وەکوو نە بات دیبێ نە باران! بەڕاستی دڵێکی سەیرت هەیە!

جوامێر دوای نەختێ بێدەنگیی گرژ، کەوا نیشانەی زۆرانی هێز و ئارەزووی تێکەڵ و پێکەڵی جیاوازی دڵ و دەروونی، ئاشکرا دیار بوو، پەککەوتووانە وتی:

― ئەی چارەم چییە؟ وا نەکەم چی بکەم؟ بە لای خۆمەوە ئەمە ڕێگەی هەرە چاک و ڕاستە بۆ دواڕۆژم. هیچ چاریەکی کەم نییە و لەمە بەولاوە کوێرەڕێیەکیش بەدی ناکەم، سەرم لێ تێک چووە، ئاگام لە هیچ نەماوە.

نەک کەس هەر هیچیش ناناسمەوە، دنیا هەمووی گۆڕاوە، منیش وەک ئەسحابی کەهفم لێ هاتووە. باشە ئەی ئەگەر وا نەکەم چی بکەم! ئەم قسانەی جوامێر کەوا زۆرتر بنکەندی و هەرەسهێنانی بڕیارەکەی پیشان ئەدا، هیوایان لە دڵی شاهۆدا ژیانەوە و بەڕوویەکی گەشەوە وتی:

― جارێ تۆ لەوە بگەڕێ کە من پێت بڵێم چی بکەیت، چی نەکەیت. با لەپێش هەموو شتێکا سەرنجێ بدەینە ئەو ڕێگایەی بە لای تۆوە ڕێگەی هەرە چاک و ڕاست و ئاسانە بۆ دەست پێکردنی ژیانی تازەت، بزانین وەکوو تۆ بۆی چووی وایە؟ یان هەر ڕاست پێچەوانەی بۆچوونەکەی تۆیە؟ با هەر لە سەڵدا پیا بێین. جارێ ئەو پارووەنانەت لەکوێ دەست ئەکەوێت؟ یەکێکی وەکوو تۆ، داخی دە ساڵ زیندانی سیاسی بە تەختی تەوێڵەوە، بە تەمای چ پارووەنانێکە؟ کێ کار ئەدا بە تۆ؟ کام خاوەن‌کار ئامادەیە، شوێنکارەکەی خۆی بخاتە ژێر چاودێریی هەمیشەییی پۆلیسی سیاسییەوە، لەبەر چاوی کاڵی ماڵ و مناڵی کاکە جوامێر گیان؟ ئەمە هەمووی لە کاتێکا کەوا هیچ خاوەن‌کارێک نییە بە هۆی ئەم شەڕەوە کاری نەکەوتبێتە کزی و تووشی تەنگوچەڵەمەی ئابووری نەبووبێت و هەر مانگە ژمارەیەک لە کرێکارە کۆنەکانی کەم نەکاتەوە و لە هەل و بەهانە نەگەڕێ بۆ ئەوەی لەوانی کەش خۆی ڕزگار کات و دەرگای کارگەی لێ داخات و ئەو سەرمایەیەی ماویەتی لەسەرخۆ بیخوات. ئەمە ئەگەر حکوومەت دەرگای کارگەداخستنی بۆ نەکات بە مانگرتن و هاوکاری لە کردەوەی شۆڕشگێرانەدا و نەیخەنە کامپی گیراوەکانەوە. ئەمە پارووەنان. خۆ ئەو قوژبنەش کە ئەتەوێ تێی بخزێیت و سەری خۆتی تیا کز بگریت، کوا لە سەرانسەری وڵاتا قوژبنی وا ماوە کە پیاو خۆی تیا حەشار بدات، هەی ماڵوێران! لەپاشا نیازت لەم سەری خۆکزگرتنە چییە؟ ئەگەر نیازت ئەوە بێت کە خۆت لە پۆلیسی سیاسی بشاریتەوە ئەوە دووی کڵاوی بابردوو کەوتوویت! لە هەر شارێک بیت، لە هەر قوژبنێکا خۆت مەڵاس کەیت، لای ئەمان وەکوو لە بەندیخانەدا کەوتبی وەهایە. ئیستەش ئەگەر ئەم چەند ڕۆژە ئەڵێیت وا لێت گەڕاون و گوێت نادەنێ، ئەیانەوێ خۆت و دۆست و ناسیاوەکانت هێمن بکەنەوە و ترستان دەرچێت، بەشکوو لە هەلی خۆیا چەند نێچیرێکی باشت پێ ڕاو بکەن. ئەگەر لەبەر ئەمە نەبوایە ئێستە وەکوو سێبەر بەدووتەوە ئەبوون.

جوامێر، کەوا حەپەساو، گوێی لە قسەکانی شاهۆ گرتبوو وتی:

― تێ ناگەم پۆلیسی سیاسی چی لە من ئەوێت! ملیان بشکێ با هەر بەدوومەوە بن. کە من هیچ نەکەم و لە هیچا نەبم و دەستم گرتبێ بە کڵاوی خۆمەوە چیم لێ ئەکەن؟

جوامێر وتی: با لەم کۆڵانەوە بڕۆین تا قسەکانمان تەواو بکەین.

پاش ئیستێک شاهۆ وتی:

― لام وایە خۆشت بەبێ گیروگرفت پێ لەوە ئەنێیت کە هەرچی چۆنێک و هەرچی چەندێک دەست بە کڵاوی خۆتەوە بگریت، ناتوانی ئەوەندەی پێش گرتنەکەت توند دەست بەم کڵاوە شڕە سووکەی ئێستاتەوە بگریت. کەچی ئەوە بوو دیت چۆن ئەو هەموو گۆشەگیری و لە خەڵک خۆدوورخستنەوە و لە ئارەق و قومار خۆ نوقوم کردنەت، کە خەڵک وەکوو نموونە بۆ سەیر ئەیگێڕنەوە، بە کەڵکی هیچت نەهاتن، بری ڕۆژێکت نەکەوتن. بەناهەقی، ناگوناهـ دە ساڵ هاویشتیانیتە کونی زیندانەوە. ئەمە ئەوسا کە هێشتا هەر ناویشیان نەئەزانیت. ئەی ئێستە چۆن ئەتوانی ئەمە بکەیت کەوا بە یەکێ لە سەرکردەکانی خۆپیشاندانە خوێنینەکەی ٢٥ی تشرینت ئەزانن؟ وە کەوا لەسەر ئەو دە ساڵ حوکم دراوی؟ ئەوەشت بیر نەچێ کە ئەو سایەی تۆیان حوکم دا و گوێیان نەدایە دەستی توند بە کڵاوەوە گیراوت، دوژمن لە هەڕەتی گوڕ و فیزیا بوو، ئیمپریالیزم بە حسابی خۆی تازە بە سەرکەوتوویی لە شەڕ هاتبووە دەرێ و وای ئەزانی دنیای بۆ تەخت بووە. بزووتنەوەی نیشتمانی بە حەچولووری سەگ و کردەوەی چەند گێرەشێوێن و مناڵوتاڵ و هەڵمەتەکاسەیەک ئەزانی. لای وا بوو کە هەر بەوەی ئێسقانێ بهاوێتە بەردەمی هەندێکیان و دارێ بماڵێ بە هەندێکی تریانا، ئیتر بزووتنەوەکە تەفروتوونا ئەبێت و دنیای بۆ ئەبێت بە ماستی مەییو. بەڵام ئەی ئێستە چۆن کەوا لە سەرانسەری وڵاتا ئاگری شۆڕش بەر بۆتەوە و لە هەر چوار لاوە گوللە ئەبارێ بە سەریا و لە هەموو جێیەک ژێر پێی ڕۆ ئەچێ و وەکوو سەگی هاری چوارچاوی لێ هاتووە و سێبەری خۆشی لێ بووە بە دوژمن، ئێستا ئەم قسەیەی تۆ هەر خەیاڵی خاوە و خەوی بەنگکێش! بە شەق‌ دەستت لە کڵاو پێ بەر ئەدەن و نەک هەر ئەیدەن بەدەم ڕەشەباوە، ئەی هاوێژنە ناو ئاگری نێڵەنێڵی شۆڕشیشەوە. نەک هەر بەتەنیا کڵاوەکە، بەو سەرەشەوە کە تیایەتی.

شاهۆ پشوویەکی دا و سەرنجێکی جوامێری دا بۆ ئەوەی لە کاری قسەکانی خۆی بکات. بینی بە ئەندازەیەک دڵ و گوێ و هۆشی داوەتە قسەکانی، ئەو موسڵمانە پاکە سادەیەی هێنایەوە بیر کە گوێ بۆ مەلا شل ئەکات لە کاتێکا کەوا باسی ناخۆشیی گۆڕەوشار و تین و تاوی ئاگری جەهەننەمی بۆ ئەکات. کە زانی دەسڕێژەکەی بەر جێگەی کاریگەر کەوتووە، بێبەزەیی لەسەر هێرشی خۆی ڕۆیشت و وتی:

― جا لەبەر ئەمە بە لای منەوە دوور نییە کە ئەم خەونە خۆشەی تۆ، لە کاتێکی ئاسایی و شوێنێکی تایبەتیدا، لە هەزار کەسا یەکێک بتوانێ بیهێنێتە دی. بەڵام لە کاتێکی وا ئاگرباران و ئاخۆران و بخۆرانا لە وڵاتێکی وەکوو ئەمەی ئێمەدا، کە بووە بە دوو بەشی بەتەواوی لە یەک جیاوازەوە، دوو بەشی بە خوێنی سەری یەک تینوو، بەشێکی دەستەی دوژمنانی نیشتمان کەوا لە هێزی ڕاستەوخۆی ئیمپریالیزم و کۆنەپەرستە خاین و نۆکەرە نیشتمانفرۆشەکان پێک هاتووە، ئەوی کەشیان بەرەی بزووتنەوەی ئازادکردنی نیشتمانییە. ئا لەم ڕۆژەدا، لە وڵاتی ئێمەدا گۆشەگری و دەست بە کڵاوی خۆوەگرتن، نە شوێن و نە کاتی باسکردنیان هەیە. جگە لەوەی کە هیچ یەکێک لەم دوو دەستەیە لێت ناگەڕێن بەو جۆرە بمێنیتەوە، تا تەنانەت نایەڵن ببی بە «کابرای لە هەردوو جەژن بوو»ش. ئەتخەنە ناو دوو شیوەنەوە، ئەویان ئەتگرێ چونکە ناوت لای پیسە و دەستی لەگەڵ تێکەڵ ناکەی، ئەمیشیان بە خایەنت دائەنێ چونکە لەگەڵیا نیت و بەم قسە و باسە دڵساردکەرەوانەت هێزی لێ ئەتەکێنیتەوە و دوژمنی بەهێز ئەکەی. بۆیە سەرەنجام هیچ چارەت نامێنێ، ئەبێ لایەک بگریت. ئەو لایەی پێویستە یەکێکی وەکوو تۆش بیگرێت، ئەوەندە زانراو و دیار و ئاشکرایە، تەنیا ناوبردنیشی جنێوپێدان و بەکەردانانێکی ڕاست و ڕەوانە، دوور لە ڕووی تۆ.

جوامێر بە دەنگێکی ماتی گڕ وتی:

― بەڵێ بەڵێ، زۆربەی قسەکانی تۆ بەجێن، بەڵام من حاڵم خراپە، نازانم ژن و ماڵەکەم چییان لێ هاتووە؟ نازانم چییان لێ بکەم؟ زۆر بێکەس و بێدەرەتانن. گەلێ کوێرەوەرییان دیوە لە ناوچەوانی منەوە، ئەوەندە هەقیان لەسەرم هەیە کە هەر هیچ نەبێ دووچاری دەرد و مەینەتی کەیان نەکەم!

شاهۆ وەکوو شتێ ماتەمینییەک دای گرت. پاش نەختێ، بە دەنگێکی پڕبەزەیی لەسەرخۆ، وتی:

― کاکی خۆم! ژن و مناڵی تۆش وەکوو هیی ئەم هەموو خەڵکەی کەوا بەشی هەرە زۆریان ساڵەهای ساڵە بەدەست برسێتی و نەخۆشی و نەبوونییەوە ئەناڵێنێ بەبێ ئەوەی کە هیچ شتێکیان بەرامبەر بە دوژمنیش کردبێ، کە بگوترێ بۆیە ئەم دەردانەی کردوون بە گژا.

لێرەدا زۆر نزیکی ماڵی لاوە بووبوونەوە، جوامێر حەزی نەکرد پێکەوە بچنە بەر دەرگاکەیان، بۆیە ڕاوەستا. شاهۆش لەسەر قسەی خۆی ڕۆیشت:

جا کە حاڵەکەت ئەمە بێت، ئەوانەی کوێرەوەریی ماڵ و مناڵیان و کوژران و لەناوچوونی خۆیان و کەسوکاریان لە ڕووی ئەو خەباتەوە بێت کە لەپێناوی ڕزگاری و سەربەرزی و کامەرانیی نیشتمان و گەلدا ئەیکەن، ئەوانە فیداکارییەکەیان لەپێناوی ئازادکردن و شادکردنی ماڵ و مناڵی هەمووانایە، لەپێناوی سەندنەوەی هەقی خورا و وڵاتی داگیرکراوی گشتمانایە، بۆیە ئەبێ شانازی بکەن بەو کوێرەوەری و دەرد و مەینەتی و کوژران و گیرانەوە، کە تووشی ئەبن.

شاهۆ پشوویەکی دا، سەروچاوی زەردهەڵگەڕاو و گرژی جوامێری سەیر کرد، بەزەردەخەنەیەکی خۆشەوە وتی:

― ها، ئەوە بیر لە چی ئەکەیتەوە؟

― بیر لە خۆم، لە تۆ، لە گەل، لە نیشتمان، لە مناڵەکانم، لە مناڵی خەڵک، نازانم و تێ ناگەم، سەرم لێ شێواوە! هەرچۆنێک بێت ڕابواردن و قسەکانمان خۆش و بەکەڵک بوون. خوات لەگەڵ، هیوام هەیە زوو چاومان بە یەک بکەوێت.

شاهۆ بە ڕێوە بە خۆی ئەوت: ئەوەی کە لەگەڵ دەسکەوت و زیانی خۆتا بیر لە هیی خەڵک و گەلیش بکەیتەوە، هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو دۆزینەوەی ڕێی ڕاست بۆ یەکخستن و پێکەوەگونجاندنی دەسکەوتی خۆت و گەل و پێکەوەبەستنیان. کەواتە ڕاست ئەکات جوامێر، ڕابواردن و قسەکانمان بەکەڵک و خۆش بوون و ئەبێ زوو زوو یەکتری ببینینەوە.