جەژنێک لە کۆیە

لە کتێبی:
دیوانی میرزا غەفوور
بەرهەمی:
میرزا غەفوور (1870-1938)
 3 خولەک  505 بینین
چییە ئەم شۆر و غەوغایە؟ لە ڕووی عالەم نومایانە
لە هەر لایێ تەماشا کەی، گوڵ و گوڵدەستە ئەفشانە
لە هەر کوچە و گوزەرگای، دەبینی جەمعی خاس و عام
کە موستەغنین لە عوشرەتدا قەدەح نۆشن بە پەیمانە
دەبینی دەستە دەستە سەف بە سەف پیر و جوان ئەمڕۆ
بە عەیش و نۆش، مەشغوڵن، لە گۆشەی باغ و بوستانە
تەحەییور مام، گوتم: ئایا دەبێ ئەمڕۆ چ قەوماوە؟
کە ئەم وەزعییەتە چی بێ؟ جیهان یەکسەر چراخانە
مەگەر ڕۆژی قیامەت ڕەستخیزی کردووە ئەمڕۆ
چریکەی بولبول و ناڵە و سەدای قومری و مورغانە
ڕەقیبیش هەر وەکوو سەگ دێ و دەچێت و، هات و چۆیەتی
دەبینی، غونچەگوڵ پشکووتووە، بولبول غەزەڵخوانە
منی میحنەتزەدەی دووری، سوالم کرد لە ڕووی تەعزیم
کە چی پێم پێکەنین، وتیان: چییە ئەم خانە وێرانە
دەبێ ئەم غەمزەدە نەیزانبێ ئەمڕۆ مەوسمی عیدە
سەدایی ناڵە و نەی و بەربوت لە ڕووی گەردوون لە دەورانە
لە ڕووی ئەلتافەوە وتیان، غەریبی بێ نەوا هەستە
تەماشا عیدە، نەورۆزە، لە هەر لا جەژنە سەیرانە
گوتم: یاران زەدەی زەخمی فیراق و تەعنی ئەغیارم
سەرم سەودایە، سینەم پڕ لە داخی لالە ڕوویانە
ئەمن تەقسیمی حەق، بێ قیسمەتی کردووم و مەئیووسم
کە دڵ مەحروومە دوو جەژنە، بە ئومێد جەژنی قوربانە
ئەگەر حەق فرسەتم دا، خۆم بکەم قوربانی باڵاکەی
تەنافی گەردەنم بێ تایێ لەو زوڵفە پەرێشانە
مەکەن مەنعم بە شەیدایی، دڵم پێی خۆشە ئەم حاڵە
چییە؟ کاڵای عومرم بێ، فیدای ئەو چاوە کاڵانە
چ حاجەت ئێستە تەعریفی کە شۆخێکی هەمارایە
دەڵێم ئاهووی تاتارە و وەڵێ کەبکی خەرامانە
بە نیمە غەمزەیی چاوی دەکا تاراجی موڵک و دڵ
هیلالی جووتە ئەبرۆکەی فریبی کوفر و ئیمانە
سیەهـ ماری سەری زوڵفی وەها پێچانی گەردنمە
بە مەعلوومی خەڵاس نابم لە دەس ئەو جووتە مارانە
بە سەد لوقمان و ئیفلاتوون عیلاجی دەردی من ناکەن
مەگەر لوتفی خودایی بێ و نیگاهی لەو دوو چاوانە
تەلەف بوو مایەیی عومرم لە پێناوی، کە چی ئێستا
بە خەندە پێم دەڵێ چی بووە؟ چییە ئەم داد و ئەفغانە؟
فیدایی چاوی کاڵی بێ، سەر و سەرمایە و سوودم
بە قوربان لێوی ئاڵی بێ، وەکوو گوڵغونچە خەندانە
لە بەدبەختیمە یاخۆ کەس نەبوو ساحیبی مروەت بێ
بڵێ چیی لێ بەسەر هات ئەو غەریبی کونجی خانانە
وەرن بەشقی خودا با یار نەبێ موجریم بە خوێنی من
شەهادەت بەن کە بێ دەخلە، ئەجەل لەم وەقتە میوانە
چ ڕۆژێکی عەزیزە یا ئیلاهی گەر نەسیبم کەی
بڵێن: «میرزا غەفوورناسناوی ئەدەبی»، کوشتە و شەهیدی تیری موژگانە