٤

لە کتێبی:
ژانی گەل
بەرهەمی:
ئیبراهیم ئەحمەد (1914-2000)
 16 خولەک  1384 بینین

دوای نانخواردنێ کەوا لاوە بەزۆریش جوامێری تیا بۆ نەهێنرایە قسە، هەستان. لاوە جوامێری برد ژوورەکەی پیشان بدا، بەسەرپێوە باسی بەهێشی بۆ کرد کە چۆن ئەبیستێ لە خۆنیشاندانێکی نیشتمانیدا کوڕە تاقانەکەی کوژراوە، باوکە پیرەکەشی ئاگری جگەر هەڵی ئەگرێ ئەچێ بۆ سەرا لاشەی کوڕی بدۆزێتەوە. کە ئەگاتە بەر دەرکی سەرا ئەبینێ خەڵکێکی زۆری وەکوو ئەو چوون بۆ دۆزینەوە و وەرگرتنەوەی لاشەی کەسوکاریان. هەموو لە بەردەمی دەرگای داخراوی سەراکەدا وەستاون.

ئەوەندەی پێ ناچێ دەرگایان بۆ ئەخەنە سەر پشت کەدوا کەسیان لێ ئەچێتە ژوورێ خڕ دەرگایان لەسەر دائەخەن و هەر ئەو شەوە یەکێ سەر و سێ ساڵ حوکمیان ئەدەن. بەرەبەیان (پێش ئەوەی شار لە خەو هەستێ بێدەنگ و سەنگ ڕەوانەی زیندانی «ن...»یان ئەکەن. محە ئاوەڵزاوام پیر ئەبێ بەرگەی ئەرک و ئازاری بەندیخانە ناگرێ، ساڵێکی بەندێتییەکەی ناباتە سەر, ئەمری خوا بەجێ ئەهێنێ. خۆشت ئەزانی ئەوی ڕۆژ پەیدای نەکردایە نەیبوو شەو بیخوا جا بەهێیە ئەم کارەسات و کوێرەوەرییەی بەسەر هاتبێ سەیر نییە ئێسقانیشی مابێ؟ کاکە جوامێر! مەپرسە ئەم خەڵکە لە چ حاڵێکا ئەژین کەس خاوەنی سەربەستی و ژیان و نامووسی خۆی نییە بە درۆی مەزانە ئەگەر بڵێم ئێوەی بەندیخانە ئازادتر و دڵنیاتربوون لە ئێمەی بەناو بەرەڵڵا! باوێشک ئەدەی، خەوت دێ بچۆ خۆت بشۆ و بنوو. پێشەکی پیرۆزت بێ. شەوت باش و خەوت خۆش.

جوامێر وتی:

― پێکمانەوە ...

لاوە چەند هەنگاوێک دوور کەوتەوە و لەپڕ گەڕایەوە وتی:

― ئەوە چییە خۆ من ئەڵێی سەرخۆشم! حەمامەکەشم پیشان نەدایت.

ئەوەتە لەتەنیشت ئەو ژێرخانەی بەرامبەرتەوە چرای ڕێگاکەشت بۆ دائەگرسێنم کە لێت تێک نەچێ. ڕەنگە لەبەر گەرما خەویشت لێ نەکەوێ سەد ئەوەندە ماندوو بی! دەی درێژەم دایە تۆش باوێشک ئەدەی. بۆ نایەی خۆشتنەکەت بخەیتە سبەینێ؟

جوامێر وتی:

― بەقوربان لێم گەڕێ ساردم مەکەرەوە خۆم لە خۆما لە خۆشتن بێزارم ئێستە خۆم نەشۆم تا دوو هەفتەی تر هەر نایەتەوە بیرم، ئێستە لە هەموو کاتێ باشترە، بەیانی کە هەستام وەک دۆزیبێتمەوە وەهایە. (بە دەنگێکی پڕسۆز و نەختێ بەرز بانگی کرد) گیانەکەمی لاوە سبەینێ مەسەلەکەی هیوات بیر نەچێ!

لاوەش بەماتییەکەوە وتی:

― ئینشاڵڵا!

جوامێر کە دەرگای حەمامی کردەوە سەری سوڕ ما ئەوەتەی هەبوو نەک لە حەمامی وادا خۆی نەشتبوو هەر چاویشی پێ نەکەوتبوو. بانیۆ سپییەکەی هەر ئەبریسکایەوە وەکوو بیستبووی خواپێداوەکان ئەو حەوزە پڕ ئەکەن لە ئاو و بۆنی خۆش ئینجا خۆیانی پێ ئەشۆن. هات بە بیریا خۆی لەو بانیۆیەدا بشوا. دەستی برد «شیرە»یەکی کردەوە لێشاوێک ئاوی سارد بە سەروگوێلاکیا هاتە خوارەوە دایچڵەکاند ئینجا بەرەبەرە و بەوریاییتر هەر چۆنێ بوو شێرەی ئاوی سارد و گەرمی بانیۆکەی دۆزییەوە و بەری دانەوە کە پڕ بێ. خۆی ڕووت کردەوە، دوای نەختێ چاوگێڕان بە خاولیی ڕەنگاوڕەنگی بە چاکلەدا هەڵواسراو شووشەی بۆنی خۆش و هەموو جۆر سابوونی خۆشتندا، قاچی خستە ناو بانیۆکە پێی هەڵخلیسکا بە گازی پشتا کەوتە ناوی! هەندێ ئازاری ئەژنۆ و ئانیشکی گەیشت. دوای نەختێ لە ئاوە شلەتێنەکەدا خۆی پاڵ خست. کە حەسایەوە لە کانگای دڵیەوە هەناسەیەکی هەڵکێشا و لە دڵی خۆیا وتی: خۆزگە هیوا و دایکی لێرە ئەبوون بێگومان هەموو ئازاری بەندیخانەم بە ماچێکیان لەبیر ئەچۆوە. دەی زۆر زۆری ڕۆیشتووە کەم کەمی ماوە. خوا موقەدەر نەدا دوو ڕۆژی تر لێرەن. سابوون و لیفکەی گرت بە دەستەوە و کەوتە خۆشتن. خۆشیی حەمامە لە کاشی ڕەنگاوڕەنگ دروستکراوەکە و ئەو ختووکەیەی ئاوە شڵەتێنەکەی بانیۆکە هی لەشی ئەدا، خۆشتنێکی کەی هێنایەوە بیری. دە ساڵ لەمەوبەر کە ئەگیرێن هەتا سێ مانگ ماوەی خۆشتنیان نادەن. ئەوانیش ئەکەونە شکایەت و شکایەتکاری و مانگرتن تا میری ناچار ئەبێ هەر پانزە ڕۆژ جارێک ماوەی خۆشتنیان بدا.

لەبەر ئەوەی جوامێر لەبەردەمی خۆپیشاندانەکەدا بریندار کرابوو بە یەکێ لە سەرکردە گەورەکان دانرابوو بۆیە لە زیندانێکی یەک کەسییا گیرابوو.

جا هاتەوە بیری چۆن نیوەڕۆیەک یەکێ لە وەردیانەکان دەرگاکەی لێ کردەوە و پێی وت کە هەستێ خۆی کۆ کاتەوە بۆ خۆشتن ئەمیش نە جلی پاک، نەهیچ شتێکی هەبوو لە خاولییەکی چڵکن بەولاوە کە جێی هەموو شتێکی پێ گرتبوو. کە لە زیندانە تاریکەکەی هاتە دەرێ تا ماوەیەکی باش چاوی هەڵنەئەهات لەبەر تیشکی گەشی خۆر بۆیە هەروا کوێرانە دووی دەنگی پێی یاساوڵەکەی پێشەوەی کەوتبوو کە ئەوەندەی پێ نەچوو دەرگایەکی بەتوندی کردەوە و ڕاوەستا تا ئەم گەیشتە لای دەرگاکە. ئەوسا پاڵێکی پێوە نا بەڵام بەختی هەبوو لەباتی ئەوە خۆی بکەوێ بەر زەلامێکی تر کەوت کە لە ژوورەکەدا وەستابوو دای بە دیوارە چینکۆکەدا. یاساوڵەکە پێی وتن خۆتان ڕووت بکەنەوە، وا هاوڕێکەی کەشتان هات. وای وت و پاڵی نا بە زەلامێکی کەوە. ئینجا پێی وتن: ژوورەکەی لاتانەوە حەمامە هەرسێکتان پێکەوە ئەچنە ژوورێ. ئەبێ بە پێنج دەقیقە لە خۆشتن ببنەوە چونکە بەندییەکان زۆرن و هەمووشی هەر سێ حەمام هەیە.

دەرگاکەی لەسەر داخستن و وتی پاش پێنج دەقیقە لێ نەبووبنەوە بە ڕووتی ئەتانهێنمە دەرەوە، نەڵێن حکومەت زاڵمە و وەردیان کافر! ئۆباڵی خۆتان بە ئەستۆی خۆتان!

بەندییەکانی تر کەوا دیاربوو لەبەر نەشارەزایی، جلی چڵکنیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو بیشۆن، بەنائومێدی جلەکانیان دانا و هەر سێکیان خۆیان کرد بە ژووری حەمامەکەدا کە بریتی بوو لە چوار دیوارێکی چینکۆ، بنکەکەی چیمەنتۆڕێژ کرابوو، تانکییەکی گەورەی قیر پڕ کرابوو لە ئاو، لەو دیوەوە ئاگریان ئەدا. تەنەکەیەکی نەوتیش پڕ کرابوو لە ئاوی ساردی لیخن، بۆ هەرسێکیشیان قوتووە پەنیرێکی بەتاڵ دانرابوو کە ئاوی پێ بکەن بە خۆیانا. لە پەلەپەلیدا نەیانئەزانی چی بکەن، یەکێکیان نەختێ لە ئاوی تانکییەکەی کرد بە دەستیا توێخێکی داپڵۆخان، هیچ شتێ نەبوو لە حەمامەکەدا کە لەسەری دانیشن چیمەنتۆکەش ئەوەندە داخ بووبوو بە پێشەوە خۆیان پێ ڕانەئەگیرا چۆن خۆ بشۆن و چی بکەن؟

بە ناچاری نیوەی ئاوی ساردی تەنەکە نەوتەکەیان ڕشت کە ئەویش شڵەتێن بووبوو. دوو سێ قوتوو ئاوی گەرمیان تێ کرد و کەوتنە خۆشتن.

لە یەک کاتا هەرسێکیان دەستیان ئەبرد بۆ قوتووەکە کە ئاو بکەن بە خۆیانا. کردیان بە نۆرە تا دووانیان کەفەکەیان لە سەریان کردەوە ئاوی بن تەنەکەکە ئەوەندە داخی ببوو جوامێر نەیوێرا بیکا بە سەریا. ئەمانە لەم حاڵەدا بوون، هێشتان دەستیان لە لەشیان نەداوبوو کەوا بۆنی چڵک و ئارەقیان پیاوی گێژ ئەکرد، لەپڕ کابرای یاساوڵ بە خۆی و قامچییەکەیەوە کردی بە ژوورا و شیڕانی بە سەریانا: ئەوە چییە هێشتا لێ نەبوونەوە؟ یاڵڵا دەی هەستن بڕۆنە دەرێ خۆتان پۆشتە بکەنەوە. کە ڕوانی یەکێکیان «جوامێر» هێشتا سەر و چاوی هەر سابووناوییە و خەریکە بە دەست لێی ئەکاتەوە. پڕی دایە تەنەکە ئاوە گەرمەکە و بەجارێ کردی بە سەریا، جوامێر قیژەیەکی شێتانەی لێوەهات لە ئازاری داپڵۆخانی سەروگوێلاک و شان و ملی، کابرای یاساوڵ دایە قاقای پێکەنین. بە قەمچی و شەق و پاڵەپەستۆ هەرسێکیانی پێش خۆی دا بۆ ژووری سارد! ڕوانییان سێ بەدبەختی تر خۆیان ڕووت کردۆتەوە بە دڵی خۆش و ڕووی گەشەوە چاوەڕوانی خۆشتن ئەکەن.

جوامێر بە مانگێ ئەوسا سەروگوێلاک و شان و ملی پێستیان هێنایەوە. دوای ئەم بەپەنگکردنە تەگبیریان کرد کە لەمەولا بە هەرسێکیان یەکێکیان بشۆن، بۆ ئەوەی بتوانن لە پێنچ دەقیقەکەدا شتێ بکەن بە شتێ. بەڵام کاربەدەستانی زیندانەکە هەر زوو بەمە ئەزانن بڕیار ئەدەن کە لەوەلا ئیتر هەر جارە سێ کەسی تازە بنێرن بۆ خۆشتن پێکەوە.

لەگەڵ ئەمەشا بەندییەکان گوێ نادەنە ئەم پیلانەی بەندیخانە و هەر لەسەر ڕێگەی خۆیان ئەڕۆن ئەگەرچی هی وایان ئەبێ کە بە ساڵی جارێک نۆرەی خۆشتنی نایەتە سەر.

جوامێر لەناو ئاوی شڵەتین و حەمامی کاشی ڕازاوەی ماڵی لاوەدا ئەو حەمامەی زیندانی خۆیانی بیر کەوتەوە. هەناسەیەکی هەڵکێشا. بەدوای خۆ وشککردنەوە جلە کۆنەکانی لەبەر کردەوە هەستا چووە ژووری نوستن ئەوەندە کفت بوو هەر خۆی کرد بە ژێر جێگاکەوە ئیتر خەوی لێ کەوت بێ ئەوەی هیچ ئاگای لە نەرم و شلیی پێخەکەوەی بێ.

هێشتا دنیا تاریک و ڕوون بوو جوامێر لەخەو ڕاپەڕی. لە پێشەوە نەهاتەوە بیری لە کوێ نوستووە، چاوێکی بە دەور و پشتی خۆیا گێڕا و سەرنجێکی دایە تفاقی ژوورەکە ئینجا بیری کەوتەوە کە لە کوێیە.

کە دیی هێشتا ڕۆژ زووە پێخەفەکەی کێشایەوە بەسەر دەموچاویا.

یەکەم جار بوو لە ماوەی دە ساڵا کە لە ناونوێنی وا نەرم و شلا نوستبێ.

زۆری لا خۆش بوو بنوێتەوە. بەڵام لەپڕ وەکوو شتێک مێشکی ورووژا گورج پێخەفەکەی لەسەر چاوی لابرد. ئەوە نزیکەی دە ساڵە لەم ساتەدا لەناو جێگادا نەبووە، ئیستا کاتی ژماردنیانە پێنج پێنج وەکوو مەڕ لەناو حەوشەکەدا مۆڵیان ئەکردن لە بەردەمی ژووری فەرمانداری زیندانەکەدا، هەروەکوو ئێستەش هاوڕێکانی مۆڵ کراون و بەچیچکانەوە دانیشێنراون.

هەی چە کافربابێکن! جاری وا هەیە سەعاتێک زیاتر ئەو خەڵکە بەو چەشنە ئەهێڵنەوە بەبێ ئەوەی یەکێ بوێرێ بار بگۆڕێ. وای بە حاڵی ئەو کڵۆڵەی پێی شل ئەبێ، دەست ئەخاتە سەر ئەرز یا دائەنیشێ. وەردیانێکی چەتەوڵ بە قەمچی دایئەگرێ، بگرە کوێت یەشێ!

جوامێر لەم چەشنە بیرکردنەوەیەدا بوو کە لاوە بەئەسپایی دەرگای ژوورەکەی قڵیشاندەوە، کە دیی جوامێر بەخەبەرە هاتە ژوورەوە وتی:

― ڕۆژ باش کاکە جوامێر ئەوە هەستاوی؟ ئێمە لەمێژە هەستاوین لە خەو، بەڵام نەمویست خەوت لێ تێک دەم وتم ماندووە با بنوێ. کەواتە هەستە با بچین نان و چاکەمان بخۆین.

جوامێر دووی کەوت بۆ ژووری نانخواردن، بەدەم بەرچایی کردنەوە ئەم قسانەیان کرد:

― منیش دەمێکە هەستاوم، بەڵام شەوێ باش نووستم تا بەیانی جووڵەم نەکردووە.

لاوە وتی:

― کەواتە ئاگات لە تەقوهووڕی ئیمشەو نەبووە! دەنگی تەقەکان ئەوەندە نزیک بوو، دوور نییە هێزی «ل. ا. ن» هاتبنە شارەوە. ئینجا خوا ئەزانێ ئیمڕۆ لەشکری میری چی بە خەڵک ئەکا! بێگومان کوژراو و بریندار لە هەردوو لا و لە بێلایەنیش هەیە. هەر کە تەقە بڕایەوە لەشکری میری وەکوو گورگی هار ئەکەوێتە ناو شار. جارێ لای هەر گەڕەکێکەوە تەقە دەستی پێ کردبێ ئەوە وای بە حاڵیان هەرچی پیاوی ناوداری تیا مابێ کە تا ئێستا نەگیرابێ یا خۆی بە میری نەفرۆشتبێ، هەموویان ئەگیرێن، دەستبەسەر ئەکرێن و دوور ئەخرێنەوە لە ناوچەکە. خۆ ئەو کڵۆڵەی قەوانی فیشەکی لەبەر ماڵا بدۆزرێتەوە ئەوا بە سەروماڵەوە تیا چووە. ئەوە هیچ ڕەنگە هەر لە ئێستەوە ماڵپشکنین دەستی پێ کردبێ. لە مانگی پێشوودا کە گەڕەکی «س»یان پشکنی، بۆ بەدبەختی لە ماڵی مارفەڕەشی خەزووری ئەفراسیاوی خاڵما لە کۆنە بیرێکا دەمانچەیەکی قەرەبینای ڕزیوی ژەنگاویی زەمانی تەقیانووس ئەدۆزنەوە. بەبێ پرسیار و قسە، نزاری کوڕی کەوا تاقە پیاوی ماڵی ئەبێ، ئەگیرێت و حوکمی حەوت ساڵ زیندانی ئەدرێ بە سەردا. کە ئەوقاتەکەی بە ئەندامانی عورفی ئەڵێ ئەم دەمانچە ژەنگاوییە کۆنە بە کاری هیچ شتێ نایە و هیچ زیانێکی پێ ناکرێ هەر بەناو دەمانچەیە! سەرەکەکەیان پێی ئەڵێ:

ڕاستە قسەی تۆیە، ئێمەش هەر لەبەر ئەوە لەباتی هەڵواسین بە حەوت ساڵ زیندان وازمان لێ هێناوە، ئەگەر دەمانچەدارینەی مناڵانیشتان لا بدۆزینەوە هەر حوکمتان ئەدەین چونکە نیشانەی حەز لە چەککردن و بەکارهێنانێتی کە ئەمەش گەورەترین مەترسییە بەرانبەر بە مانەوەی دەسەڵاتی حکوومەت! لەو ڕۆژەوە ئەوقاتەکە نەیوێراوە بچێتە بەردەمی عورفی بۆ هیچ موحاکەمەیەک. کوڕەکەش ونە و بێسەروشوێن، کەس نازانێ بردوویانە بۆ کوێ! ماڵیان بەقوڕ گرت ژنەکەی لە برسانا بە کۆشێ مناڵەوە پەنای بردە بەر ماڵی باوکی کە ئەبێ لە دەمی خۆیان پاروویان بۆ بگێڕنەوە. دایکی ئەفراسیاویش چووە ماڵی خزمێکی لە لادێ. زۆری لەگەڵ خەریک بووم کە بێتە ماڵی ئێمە نەهات. ئەیوت چاوم بەرایی نایە ئیتر لەم شارەدا دانیشم ئینجا ڕەنگە تۆش بزانی کە ئەفراسیاو چۆن بیر و باوەڕێکی کۆنەپەرستانەی هەیە نەک ئێستا کە لە چل تێ پەڕیوە، لە تافی هەرزەکاریشیا کە هەموومان کەم و زۆر تێکەڵی بزوتنەوەی نیشتمانیی ئەوسایە بووبووین ئەو گاڵتەی پێ ئەکردین. بەیاننامە بڵاوکردنەوە و کۆبوونەوە و قسە لە وەزعی نیشتمانی کردنمانی بە شتێکی بێکەڵک و زیاندار ئەزانی! سیاسەتی بە کاری گەورە پیاوان دائەنا، واتە ئەوانەی دەڵاڵ و جامبازی ئیمپریالزمن لە داگیرکردنی وڵاتەکەمانا! ئەوساش و ئێستاش لای وایە بەگژاچوونی هێزی پڕچەکی خاوەن تۆپ و تەنک و فڕۆکەی ئیمپریالیزم لەخۆ بە کوشتدان بەولاوە ناوێکی کەی نییە.

جوامێر کە لە پێشەوە بە دڵ و لە پاشا بەبێزاری گوێی لە قسەکانی لاوە ئەگرت هەڵی دایە وتی:

― گیانەکەمی تۆ جارێ واز لەم باسانە بێنە، وەختی زۆرمان هەیە ئەم قسانەی تیا بکەین بچۆ مشوورێکی هیوا و دایکیم بۆ بخۆ هەستە زوو، لە ڕێی خوادا یەکێکی شارەزا و باش بدۆزەرەوە بینێرە بەدوویانا.

― داخم ناچێ ئیمڕۆ ناتوانین هیچ بکەین.

جوامێر بەگرژییەکەوە وتی:

― چۆن؟ چۆن ناتوانین هیچ بکەین؟ تۆ خۆت شەوێ بەڵێنت نەدامێ کە بەیانی زوو یەکێک ئەنێریت؟ گیانەکەمی ئەمەندە کەمتەرخەمی تیا مەکە!

― ڕاستە من بەڵێنم داویتێ بەڵام من چووزانم شەو پەلاماری شار ئەدرێ!

جوامێر بەتووڕەیییەکەوە وتی:

― پەلاماردانی شار هەقی چییە بەسەر ئیشی ئێمەوە؟

لاوە وتی:

― گیانە تۆ بەخۆڕایی خۆت سەغڵەت مەکە، ئەو شەوانەی کە شاری تیا ئەدرێتە بەر تەقە بە ڕۆژ نایەڵن قوش لە شار بچێتە دەرەوە، بە حسابی خۆیان بەدووی پەلاماردەرەکانی شەوا ئەگەڕێن کە لایان وایە ئەوان مەلن و شاریش قەفەسە لێدەرچوونیان نییە.

جوامێر ئاهێکی هەڵکێشا وتی:

― ئەبوو بزانم ئەوە بەختی من نییە کە لەگەڵ بەربوونما دنیام بۆ بگۆڕدرێت بە بەهەشت. ئەو بەختە ڕەشەی بە خوتوخۆڕایی تووشی دە ساڵ گرتن و ماڵوێرانیی کردم ئێستەش وا بە ناوچەوانمەوە وەک داخی لێی هەڵکەندراوە.

لاوە ویستی دڵخۆشیی بداتەوە بەزەردەخەنەیەکی کاڵەوە وتی:

― ئەم قسە پڕوپووچانە چین؟ چارەنووس مانای چییە، ئەگەر بەنیادەم لە بوونییەوە کردار و ڕەفتار و هەموو شتێکی خۆی لە ناوچەوانی نووسرابێ ئیتر هەوڵ و تەقەلا و تێکۆشان مانایان چییە و بەکەڵکی چی دێن؟، جوامێر وتی هەوڵ و تەقەلا و تێکۆشین هەر ئەتگەیەننە ئەو پلە و پایە و شوێنەی کە لە چارەت نووسراوە! بڕوانە چەند هەزاران، میلۆنان خەڵک تێ ئەکۆشن، هەوڵ ئەدەن کەچی نانیان بە دۆدا ناگات! زۆری واش هەنە چ هەوڵ و تەقەلایەکی ئەوتۆش نادەن کەچی ئەڵێی پارە بە سەریانا ئەبارێ. چاوێ بگێڕە بەناو هاوڕێکانی قوتابخانەمانا بزانە چەندیان گەیشتوونەتە ئەو پایەی کە مامۆستاکانمان بەپێی تێکۆشان و زیرەکیی خۆیان بۆیان دائەنان؟؟ کوان یەکەم و دووەم و سێیەمی هەموو ساڵەکانی خوێندنمان! ئەوەش تەوەزەل و گێل و گەوجەکان کە مایەی گاڵتە و قەشمەریی هەموان بوون بزانە چ لە مەیدانی کاسبی و کاری ئازاد و چ لە مەیدانی فەرمانبەریدا چ شوێن و پایەیەکی دیاریان هەیە، کەوا بە خەوی شەوانیش بەبیری خۆشیاندا نەهاتووە.

لاوە پاش ئیستێکی کەم وتی:

― ئەوی ڕاست بێ من ئەم چەشنە قسانە ناچنە مێشکمەوە بەلای منەوە بەختیاری یا سەرکەوتن بەری لەسەر ڕۆیینی تەقەلایەکی ڕێکوپێکە بەرەو ئامانجێکی دیاریکراو لە ڕێی تایبەتیی خۆیەوە و لەبەر تیشکی تاقیکردنەوەی خەڵک و خۆت.

جوامێر هەناسەیەکی ساردی هەڵکێشا وتی:

تۆ هەر ڕایەکت هەبێ بەرانبەر بە بەخت و شانس ئەوەندەی تۆزێ کار ناکاتە سەر بیری من چونکە ژیانی خۆم بەڵگەی گەورە و ئاشکرای بێشانسی و بەدبەختییە.

― دەی با جارێ واز لەم باسانە بهێنین. ئیمڕۆ نیازت چییە ناچیتە دەرەوە نەختێ خۆت بخافڵێنی و بزانی شارەکەمان چیی بەسەر هاتووە؟

بەڵام ئاگات لە خۆت بێ دڵت بۆ هیچ ناسیاوێکی کۆنت نەکەیتەوە ئەو خەڵکە خراپ گۆڕاون و برا باوەڕی بە برا نەماوە.

جوامێر بەبێزارییەکەوە سەرێکی بادا و وتی!

― نە بابە من هەر تاقەتی قسەکردنم نەماوە کەوتووم بە دەردی خۆما.

نەختێ سەریشم دێشێ. ئەگەر هەیە یەک دوو ئەسپرینم بەرێ ئەچمەوە ژوورەکەی خۆم ڕەنگە هەر نەشچمە دەرەوە!

تا لاوە پاکەتێ ئەسپرینی بۆ هێنا ئەم چووە ژوورەکەی لەسەر جێگاکەی لێی پاڵ کەوت. دوو دەنکی قوت دا و نەختێ چاوی لێک نا. کە چاوی کردەوە هێشتا چێشتەنگاو نەبووبوو بیری کردەوە چی بکات و چۆن ڕۆژ بەرێتە سەر. تاقەتی چوونە دەرەوەی نەبوو بۆ کوێ بچێ و بۆ لای کێ بڕوات. بێگومان بەشی زۆری هاوڕێ و ناسیاوەکانی یا گیراون یا خۆیان گەیاندۆتە «ل. ا. ن» یا کوژراون، یا مردوون وە یا ئەوەندە ترسێنراون هەر زەندەقیان ئەچێ ئەگەر چاویان بەم بکەوێ. ڕەنگە ئەگەر ڕێی خۆ لێ هەڵەکردنیشیان نەبێ وەکوو گول لێی ڕائەکەن ئەمانە هەمووی لە سەرێکەوە، لە سەرێکی کەشەوە دیارنەبوونی هیوا و دایکی دابووی لە باڵی، هەروەها ژیانی تەوەزەلی و کەم چالاکیی دە ساڵی زیندانیش دەماری مراندبوو بۆ شتی پێویستیش تاقەتی هاتوچۆی نەمابوو نەخوازەڵا سووڕانەوەی بێئامانج بۆیە لەگۆترە یەکێ لەو چەند کتێبەی گرت بە دەستەوە کەوا لاوە لە ژوور سەری بۆی دانابوو. لەسەر جێگاکەی ڕاکشایەوە کەوتە خوێندنەوەی بەڵام هەرچەندی ئەکرد مێشکی بۆ گلێر نەئەکرایەوە و جەمسەری قسەکانی نووسەری بۆ نەئەدرا لەیەک. هەر وشەیەکی خەیاڵێکی لە دڵا ڕاست ئەکردەوە بەناچاری کتێبی لێ دانا و خۆی هاویشتە سەر باڵی سیمرغی خەیاڵ و ئەویش خێراتر لە برووسکە هەڵی گرت بەرەو بەهەشتی یادگار.