٣

لە کتێبی:
ژانی گەل
بەرهەمی:
ئیبراهیم ئەحمەد (1914-2000)
 18 خولەک  1008 بینین

جوامێر لە بیرکردنەوەدا گەیشتە ئێرە موچڕکەیەکی ئاودامانی وای پیا هات کە بەیەکجاری زنجیرەی بیرەوەریی لێک ترازاند، ئیتر مات و خەمبار چاوی بڕییە ڕێگاکە و تا گەیشتنە شاری «چ...» نە لە دیمەنی بەلادا تێپەڕیوی ڕێوبانا شتێکی تایبەتی سەرنجیانی خەریک کرد، نە جەمسەری بیرەوەریشی بۆ دۆزرایەوە کە وەکوو گوڵۆڵەی ئاڵۆزاوی لێ هاتبوو!

لە بەردەمی دایەرەی ئاسایشا دابەزین، بردیانە ژوورێ پاش سەعاتێ ڕاگرتنی ناخۆشی پڕبێزاری، پەنچەمۆر و چەند وێنەیەکیان وەرگرت، ناونیشان و کار و ناوی چەند ناسیاو و خزمێکی نزیکیان لێ پرسی و نووسی و دەستەبەریان کرد کە نابێ بە هیچ جۆرێ شوێنی دانیشتنی خۆی بگۆڕێ بەبێ ئەوەی پێشەکی ئاگاداری ئەوان بکا. ئەوسا بەرەڵڵایان کرد.

کە پێی خستە ئەو دیوی دایەرەکە، باوڵە تەنەکە کۆنە بچکۆڵەکەی دەستی دانا لە سەر ئەرزەکە، چاویکی گێڕا بە دەور و پشتی خۆیا. یەکەم جار دوای دە ساڵ خۆی دییەوە بەتەنیا بەسەربەستی ئەڕوا بێ ئەوەی کەلەپچەی لە دەستا بێ و یاساوڵێ بە سونگییەوە لە پشتییەوە بێ! پڕبەسییەکانی هەوای پاکی هەڵمژی. زەردەخەنەیەکی تەنک، بۆ چاوترووکانێ، چارەی ترش و تاڵی ڕووناک کردەوە. ئیتر پەرۆش و بێئارامیی گەیشتنە هیوای کوڕی و کاڵێی ژنی هەموو شتێکی کەیان لە گیان و مێشکیا شاردەوە. بەبێ ئەوەی تەنانەت ئەو گۆڕینە زۆرەی لە شەقامەکە و خانوو و دوکانەکانی ئەملا و ئەولاشیا ڕووی داوە ئەوەندەی تۆزێ سەرنجی ڕاکێشن یا گوێ بداتە دیمەنی کەژە ڕەنگاوڕەنگەکەی بەرامبەری، کە جاران دڵگیرترین دیمەن بوو لەلای، کەوا ئاوابوونی خۆر تارایەکی ئەرخەوانیی جوانیشی بەسەرا ڕاکێشابوو سەری داخست و چاوی بڕییە چەقی ڕێگاکە بەبێ ئەوەی هیچ شتێکی تایبەتیی تیا بەدی بکا. بە گوژم و گڕێکەوە کە هیچ لە لەشی لاوازی چاوەڕوان نەئەکرا خۆی ئەکوتا بەرەو ماڵ! بیری لەو سەرسامی و خۆشی و گەشکەیە ئەکردەوە کە وا بە ماڵاکردنی لە ناکاوی ئەیخاتە دڵی ژن و کوڕەکەیەوە. بەڵام نەء بێ گومان هیوا نایناسێ لێی دوور ئەکەوێتەوە، بەخێسەوە ئەڕوانێتە ئەم بۆرە زەلامەی وا خەریکە خۆی ماچ ئەکا و دەستی ئەکاتە ملی دایکی!

بەبەر چاوی مێشکیا تێ ئەپەڕێ کە کاڵێ بە دەنگێکی کپی بە فرمێسک ئاودراوەوە بانگی ئەکا ... «وەرە هیوا گیان ئەوە بابەیە! دەی دەستێ بکەرە ملی بابە، ماچێکی بەرێ دەی!» ئەو بەدوودڵی و نیوەڕەزاوە و ئەمیش بە جۆش و پەرۆشێکی زۆرەوە لێک نزیک ئەبنەوە. هیوا دەستە خەپەتۆڵەکانی ئەهاوێتە سەرشانی. ئەمیش دەم ئەنێ بە لاملیەوە، لەپێش ئەوەدا بکەوێتە هەڵمژینی، تێر تێر بۆنی پێوە ئەکات! نەء خۆ هیوا مناڵۆچکە نییە، تەمەنی دە ساڵە، لە هەموو شتێ تێ ئەگا. بێگومان دایکیشی ئەوەندە باسی ئەمی بۆ کردووە هەر کە چاوی پێی کەوت پەلاماری دەستی ئەدا ماچی ئەکا. بەڵام ئەم ئەوەندە گۆڕاوە لەوانەیە کاڵێی بەسەزمان خۆشی نەیناسێتەوە نەخوازەڵا مناڵێکی وەکوو هیوا!

لێرەدا گەیشتە سەر ئەو کۆڵانەی کە ئەبوو پێچ بکاتەوە بۆ ماڵی خۆیان لەپڕ ڕەق ڕاوەستا و لە جێی خۆی وشک بوو. ماڵی چی و حاڵی چی؟ ماڵ لە کوێ ماوە؟ هاتەوە بیری کەوا زۆر لەمێژە لاوەی ئامۆزای بۆی نووسیوە، ژن و کوڕەکەی بردۆتە ماڵی خۆیان، ژێرخانێکی داونێ و خانۆکەی خۆشی بۆ داون بە کرێ. لە کرێکەی مانگی دوو دیناری بۆ ئەم ئەنارد ئەوی کەشی لە خۆیانا سەرف ئەکرد.

هەر وەکوو ئەم بیرکردنەوە ناکاوە لە خەیاڵی دابێ و لووتی شکاندبێ هێز و گوڕ لە لەشیا نەما. گەڕایەوە دواوە قاچی بە کێش ئەکرد. کەواتە بەیەکگەیشتنەوەکەیان هیچ ئەو تام و خۆشییەی نابێت کە بە درێژاییی شەش مانگی دواییی زیندانییەکەی ئەم خۆی بۆ ئامادە ئەکات و خەیاڵی پێوە لێ ئەدا. لەبەر چاوی لاوە و ژن و مناڵەکانی لەکوێ ڕووی دێ ئەو شتانە بکا و ئەو قسانەیان پێ بڵێ کە لە دڵیا گینگلە ئەدەن؟ هیچ ...

― شتێکی ئاشکرایە کە تەنانەت ناتوانێ ماچێکی کاڵێش بکا! دەی قەی چێ کا! خۆ دنیا هەر ئەو چەند دەقیقەیە نییە کە تیایا بۆ یەکەم جار، دوای دە ساڵ، چاویان بەیەک ئەکەوێتەوە. ژیانێکی دوور و درێژیان لەپێشە، هەر ئەوەندەی هەیە کە خوا لە چورتم و تاوێری ڕۆژگار بیانپارێزێ، بەڵام زۆر سەیرە ... چۆن بیری چووبۆوە، کە لەو ماڵەدا نەماون. بە درێژاییی چەند ساڵ لاوە لە نامەکانیا باسی ئەوە ئەکا کە هیوا و دایکی لە ماڵی ئەوانن پێکەوە ئەژین. ڕاست ملی ڕێگای گرت و تا گەیشتە بەرماڵی لاوە پاش نەختێ سێودوو بە دەستێکی لەرزۆک لە دەرگاکەی دا. دوای ئیستێکی باش کوڕێکی هەشت نۆ ساڵە دەرگای لێ کردەوە. کە چاوی پێی کەوت دڵی داخورپا، تۆ بڵێی ئەمە هیوا بێ! بەڕاستی زۆر ڕێی تێ ئەچێ ئەو بێ.

گەلێ شێوەی لەو وێنەیەی هیوا ئەچی کە بە مناڵی گیراوە. ئەو وێنە نازدارەی، دوای گەلێ تکا و پاڕانەوە لاوەی ئامۆزای بەدزی دەسەڵاتدارانی زیندانەوە گەیاندبوویە ئەم، ئەو وێنەیەی بە درێژاییی چەند ساڵ هەر کە شەوی لێ ئەهات لەتۆی لێفەکەی دەری ئەهێنا و تا خەو بە لادا ئەیبردەوە پێی ڕائەبوارد و بەو تیشکە گەشە هێمنە پاکژەی لە چاوە ڕەشە پێکەنینیاوییەکانی هەڵئەقوڵا تاریکیی زیندانی ڕۆشن ئەکردەوە، وە هێشتا دنیا تاریک و لێڵ بوو کە لە خەو ڕائەپەڕی و دیسانەوە لەتوێی لێفەکەیا بەباشی ئەیشاردەوە، بۆ ئەوەی وەک وێنەکەی کاڵێ وەردیانە جانەوەرە دڵڕەقەکانی زیندانەکە، لە پشکنینێکی ناکاوا نەیدۆزنەوە و بەبەر چاوی خۆیەوە وەک دڕندە پارچە پارچەی نەکەن.

وای چ ڕێکەوتێکی خۆش ئەبێ هیوا گیان یەکەم چارەی ناسیاو بێ کە لە شاری «چ...» چاوی پێی بکەوێ.

مناڵەکە لە بێدەنگی و سەرنجدان و واقوڕمانی «کابرا» بە ئەندازەیەک پەشۆکا خەریک بوو دەرگاکە داخاتەوە جوامێریش لەبەر خۆیەوە ئەیوت:

هیوا! هیوا! مناڵەکە زیاتر شڵەژا و هەتا ئەهات دەموچاوی زیاتر نیشانەی ترسی لێ ئەنیشت بەتایبەتی کە دی کابرای لە دەرگادەر دەستی گرتووە بە تای دەرگاکەوە نایەڵێ پێوەی بداتەوە ... بە دەنگێکی پڕترسی نزیکتر لە هاوارەوە وتی:

― بۆ قسە ناکەیت مامە بڵێ چیت ئەوێ!

ئەم پرسیارە جوامێری لە چنگ شپرزەیی و بیرکردنەوە ڕزگار کرد بەئەسپایی بەبێ ئەوەی چاو لە کوڕەکەی بترووکێنێ پرسی:

― کاکە لاوە لە ماڵە؟

― مناڵەکە بەگورجی وتی:

― با بچم بزانم.

توند بە هەموو هێزی خۆی دەرگاکەی پێوە دا و جوامێری بە حەپەساوی و شەرمەزاری لە دەرێ هێشتەوە و خۆشی بەڕاکردن گەڕایەوە ماڵێ.

جوامێر دوای ئەوەی گرمەی دەرگاپێوەدانی مناڵەکەی لە گوێچکە ڕەوییەوە، پشتی کردە دەرگاکە و مات و بێدەنگ ڕاوەستا. حەزی لە دەرگای داخراو نەئەکرد تەنانەت ئەگەر ئەم لە دیوی دەرەوەشی بێ. وا دیار بوو دە ساڵی بەندیخانە، دە ساڵ ژیانی ناو زیندانی دەرگا خڕ داخراو کارێکی خراپی کردبووە سەر مێشکی. چەند دەقیقەیەک وەها بەلای جوامێرەوە لە چەند سەعاتێک درەنگتر تێ پەڕی، ترپەی ڕەوتێکی نەختێ گرانی لێ نزیک بووەوە دەرگا کرایەوە. لاوەی ئامۆزای، وەکوو دە ساڵ لەمەوبەر چۆنی بەجێ هێشتبوو هەروا سوور و سپی و خرپنە و ڕووگەش. لە بۆشاییی دەرگاکەدا وەستا، تەنیا گۆڕانێک کە جوامێر لە سەر و چاویا بەدیی کرد چەند موویەکی سپی هەڵگەڕاو بوون، بە لاجانگیەوە، کەوا لەناو مووە خورمایییەکانی کەدا سەرەتاتکێیەکی شەرمنانەیان ئەکرد! لاوە ڕوویەکی کەمێ گرژی تێ کرد و بە دەنگێکی گڕەوە، لێی پرسی:

― ها برا چیت ئەوێ؟ ئەمرێ، خزمەتێ؟

جوامێر سەری سوڕ ما، بە زەردەخەنەیەکی کاڵەوە کە هەر بۆ ئەوەی بوو تەریقیی خۆی بشارێتەوە، وتی:

― کاکە لاوە! چۆن؟ نامناسیتەوە، من جوامێرم. قسەکەی تەواو نەکردبوو کە چارەی لاوە بە تەوژمی شەپۆڵێکی شادمانی گەشایەوە، بە دەنگێکی پڕ تاسە و ئارەزووی بە خۆشی و گریان ئاودراو وتی:

― وەی جوامێر گیان! لێم ببوورە بەڕاستی نەمناسیتەوە، دەستیان کردە ملی یەک و ئەملا و ئەولای یەکتریان ماچ کرد. لاوە دەستی گرت و بردیە ژووری میوان. بەدەم گلەیییەوە پێی وت:

― ئاخر کاکی خۆم. نەئەبوو لە هاتنەوەت ئاگادارمان بکەی. بۆ وا لەناکاو ئەکەی بە ماڵا، ئەمە ئیشە؟

جوامێر وتی:

― خۆت ئەزانی کە مانگی جارێک لە بەندیخانە ماوەیان ئەداین نامە بنێرین بۆ کەسوکارمان. منیش لە نووسراوی سەری مانگا بۆم نووسیبوویت کە وا لەم مانگەدا ڕزگارم ئەبێ، ئیتر بەتەواویش نەمئەزانی بۆ کوێ و کەی ئەمنێرن تا ئاگادارتان بکەم. باش بوو خواوڕاستان کردیان، لەمەدا بەختم هەستابووەوە هەر لە خۆیانەوە بێ تکا و بێ پاکانە ناردیانمەوە ئێرە، لە پاشان لەوانە بوو بشمزانیایە ئاگادارم نەکردنایە، بۆ ئەوەی تووشی ئەزێتی بە پیرەوەهاتنتان نەکەم. لاوە قسەکەی لە دەم قۆستەوە و بە زەردەخەنەیەکی تاڵەوە وتی:

― نە بابە، بە پیرەوەهاتنی چی؟ وا دیارە تۆ ئاگات لە دنیا نییە بۆچی لە ترسی ژەندرمە کەس ئەوێرێ دەرکەوێ. ڕەنگە لە دە کەس یەکێ لەوانەی ئەتناسین لە شارا نەمابن، یان گیراون و براون بۆ زیندانەکان، یان هەڵاتوون و چوونە شاخی. لە سەر ئەمری فەرمانداری گشتی نابێ لە سێ کەس زیاتر پێکەوە بگەڕێن، شەوانیش لە سەعات هەشتی ئێوارەوە تا شەشی بەیانی چوونە دەرەوە قەدەغەیە. لەگەڵ ئەوەشا ئەم هەموو فەرمانە ناڕەوایانە کاری نەکردۆتە سەر چالاکیی لەشکری ئازادکردنی نیشتیمانی کە «ل. ا. ن»ی پێ ئەڵێن، کەم شەو هەیە نەدات بەسەر شارا، ڕۆژیش نییە لە کۆڵان و کووچەکانا چەند تەقەمەنی و نارنجۆکێ نەهاوێژن و زیانێکی زۆری گیانی و ماڵی لە دوژمن نەدەن. لاوە ئەم قسانەی وەک یەکێکی بۆ سکاڵاکردن زۆر تینوو، هەڵڕشت بۆ جوامێر، بەڵام ئەم بێزارانە وتی:

― تۆ جارێ واز لەم قسانە بێنە. ئەوەندەم لەم جۆرە قسەیە بیستووە گوێچکەم پڕ بووە! کوا هیوا و دایکیم بۆ بانگ کە ئەوە چییە ئەڵێی میوانی ژنتان هەیە وا منت هێنایە ئێرە؟

لاوە وەک لەناکاو زۆر دڵڕەقانە برینێکی کوڵێنرابێتەوە ڕەنگی هەڵبزڕکا و گرژی و مۆنییەکی ئازاراوی شاڵاویان بۆ چارەی هێنا، بەڵام کە سەری هەڵبڕی دی چاوی جوامێر چ پاڕانەوە و تاسە و ئارەزوویەکی لێ هەڵئەقوڵێ. هەرچی هێز و گوڕ هەبوو لە گیانیا دایە خۆی، بۆ ئەوەی بەشکوو بتوانێ ترووسکەیەکی ڕۆشنایی و خۆشی بخاتەوە ڕووی خۆی، بەڵام هەر زوو تێ گەیشت کە تەقەلاکەی بێسوودە بۆیە زیرەکانە گورج دەستی گرت بە چمکی قسەکەی دوایی جوامێرەوە، ڕاست بۆوە و پشتی تێ کرد و بە دەنگێکی گڕی لەرزۆک پێی وت:

― ماڵێکی دراوسێمان میوانە با بچم بەشکوو دەستێکیان پێوە بنێم.

لاوە کە لای جوامێر هاتە دەرێ ئیستێکی باشی بۆ کرد لە داڵانەکەدا تا نەختێ ڕەنگ و ڕووی هاتەوە سەر خۆی ئەوسا چووە ژووری دانیشتنی مناڵەکانی. خەبەری هاتنەوەی جوامێری دانێ و پێی وتن کە چایەکیان بۆ لێ بنێن و نانیش بۆ هەردووکیان هەڵگرن، حەمامەکەش گەرم کەن بۆ جوامێر. نەختێ چاویشی بە ژوورەکە و سەر و چاوی مناڵەکانیا گێڕا، مێشکی ئەوەندە خەریک بوو هیچیانی باش بەدی نەئەکرد، نەیئەزانی چەند وا ئەمێنێتەوە ئەگەر ژنەکەی نەیوتایە:

― کەواتە با بچم بەخێرهاتنێکی بکەم و بانگی کەمە ئێرە، بۆچی لە دیوەخان بێ. هەر ئەبوو لە ڕێوە بتهێنایە ئێرە خۆ ئەو بێگانە نییە، کێمان هەیە شەرمی لێ بکا؟

لاوە وەکوو لە خەو ڕاست کرابێتەوە بە ژنەکەی وت:

― نەء مەچۆ ... تۆ مەچۆ ... وەرە جارێ قسەیەکت پێ بڵێم ئەوسا خۆم ئەچم ئەیهێنمە ئەم دیو. ژنەکەی بردە لایەکەوە چەند قسەیەکی بە گوێچکەیا چرپاند و گەڕایەوە بەرەو ژووری میوان.

کە جوامێر بەتەنیا لە ژوورەکەدا مایەوە، لەگەڵ ئەو هەموو پەرۆش و بیرەوەرییە ورووژاوەشیا نەیتوانی سەرنجی خۆی لابدا لە گیرسانەوە بە ناوماڵی جوان و ڕێک و گرانی دەوروپشتیەوە لە دڵی خۆیا وتی بێگومان ئێستە لاوە حاڵی زۆر باشە، ئەم ناوماڵە بەنرخ و چاکە بەخۆڕایی نییە، منیش تووشی ئەم گاشەیە نەبوومایە ئێستا ماڵ و حاڵێکی باشم ئەبوو، بەڵام دیارە وەکوو لاوە نەئەبووم ئەو زیرەک بوو هەر زوو خۆی لە بەند و باوی مامۆستایەتی ڕزگار کرد. ئاخۆ ئێستا خەریکی چی بێ.

هەژدیهایەکە بۆ خۆی لە هوویە موویە ئەکاتەوە! منیش نەگیرامایە و لە کاتی خۆشیا پێش بخرامایە ئێستە مانگانەیەکی باشم ئەبوو. وای سەیرە خۆ من وام زانیوە دێمەوە سەر سەروەت و سامانی بابم تا ئێستە هیچ بیرێکم لەوە نەکردۆتەوە بە چی ئەژیم! خۆ فەرمانبەری ئەوە هیچ، بشمەوێ بە پوولێک ڕام ناگرنەوە. پەرۆشی چاو پێکەوتنەوەی هیوا و کاڵێ هەموو شتێکی لەبیر بردوومەوە، بەم خەیاڵە دیسانەوە هاتەوە سەر باسی هیوا و کاڵێ و دیسان هەموو شتێکی کەی لەبیر چۆوە و ئارامی لەبەر بڕایەوە!

کە لاوە هاتەوە ژووری میوان دیی جوامێر دەستی لە پشتەوە تێک ئاڵاندووە و وەک ڕابکات بەناو ژوورەکەدا دێت و دەچێ.

لای جوامێر وا بوو کە لاوە چووە یا دەست بە میوانەکانیانەوە بنێ و ئەم بەرێتە ئەو دیو، یان کوڕ و ژنەکەی بۆ بهێنی بۆ ئەم دیو. کە دیی بەتەنیا گەڕایەوە و بێدەنگ لە شوێنی خۆی دانیشتەوە، وەختە بوو لێک بێتەوە.

ڕووی کردە لاوە و بە دەنگێکی بەرز کە خۆشی ناساز و بێجێ هاتە گوێی، شیڕانی:

― کوا ئەوە تۆ بۆچی چوویتە ئەو دیو؟ ئەی مناڵەکانت بۆ نەهێنا، من خۆم پێ ناگیرێ تا میوانەکانتان ئەڕۆن.

لاوەش زۆر لەسەرخۆ بەڵام بە ڕەنگێکی زەردهەڵگەڕاو و دەنگێکی گڕی لەرزۆک وتی:

― جارێ تۆ دانیشە کاکی خۆم، پشوویەک بدە، نان ئەخۆین و خۆت بشۆ و بنوو ئینجا ...

جوامێر بەتووڕەیی سەری قسەکەی لەدەم سەند و وتی:

― پشووی چی و نان خواردنی چی و نووستنی چی؟ من بۆ ئەم شتانە نەهاتوومە ئێرە، من هیوام ئەوێ، هیوای کوڕم، ئەمەوێ بیبینم. ئەمەوێ بیگرمە باوەش ... تێر تێر ماچی کەم. لەپڕ دەنگی کپ بوو، گریان گەرووی گرت، وەکوو بپاڕێتەوە وتی:

― گیانەکەم کاکە لاوە! مەیکە بە گاڵتە دڵم ئەوەندەی تاڵە دەزوویەکی قرچۆکی پێوە ماوە بەرگەی ئەم چەشنە گاڵتانە ناگرم وا دیارە دنیا وێرانیش ببێ تۆ هەر لەسەر گاڵتە و گەپی خۆتی! کوان مناڵەکانم، بانگیان کە، لە خەو، لە خواردن، لە هەموو شتێکی کەی دنیا زیاتر تاسەی ئەوان، بیری ئەوان حەز بە دیتنی ئەوان ئەکەم. لاوە هەرچەندە ئەم هێرشە ناکاوەی جوامێر دڵی گوشی بەڵام خۆی گرت و لەسەرخۆ پێی وت:

― گیانەکەم وا دیارە باش لە قسەکەم نەگەیشتی، یان ڕاستییەکەی من باشم تێ نەگەیاندی، مەسەلەی گاڵتەوگەپ نییە هیوا و دایکی ئێستە لێرە نین بۆیە نەمهێنانە لات.

― ئەی لە کوێن؟ چوون بۆ ماڵی کێ؟ بنێرە بە دوویانا.

― لە مانگێ زیاترە چوونەتە دێی گوڵان بۆ ماڵی پوورت.

جوامێر قیژانی وتی:

― ئەی ئێستە چار چییە؟ کەواتە نایانبینم؟

― چار هەر ئەوەیە ئێستە وەکوو پێم وتی وا بکەیت، نانێ بخۆین و بچی خۆت بشۆیت و بنوویت و بەیانیش یەکێ ئەنێرم بە دوویانا.

― ئەبوو پێیان بڵێی کە ئەوەندە بەنگ نەبن بەتایبەتی کە ئەتزانی من ئەم مانگە زیندانییەکەم ئەبڕێتەوە!

هەرچی چۆنێ بێ ئێستە چار نییە ئەبێ ڕاوەستم تا بەیانی. بەڵام بەیانی من خۆم ئەچم بە دوویانا.

لاوە وەکوو شتێ ماتەمینییەک دایگرت، دوای ئێستێکی باش وتی:

― من هیچ بەباشی نازانم کە تۆ خۆت بچی بە دوویانا، دنیاکەی ئاخۆران و بخۆرانە، تۆش هەمووی یەک دوو ڕۆژە لە بەندیخانە ڕزگارت بووە. خوا نەکردە تووشی چورتمێ ببی لەوانەیە ئەم جارە بەسەرەوە تیا بچیت!

جوامێر تۆزێ بێدەنگ بوو ئینجا سەرێکی ڕاوەشان وتی:

― ڕاست ئەکەی خۆ من ناشبێ بەبێ ئاگادارکردنی دایەرەی ئاسایش لە شوێنی خۆم بجووڵێم، جا خوا ئەزانێ ئەوان ئیزنم ئەدەن یان نە! باشە خێری پێوە بێ، تۆ یەکێک بنێرە، بەڵام بەزوویی، بزانە ناکرێت هەر لە ئێستەوە بکەویتە مشوورخواردنی. بەشکوو شەوەکەی بکەوێتە ڕێ.

― ئەی گیانەکەم پێم نەوتی بەشەو چوونە دەرەوە قەدەغەیە! گازینۆ و چایخانە نییە و کەسم پێ نادۆزرێتەوە. جگە لەوەی بەیانیش بەر لە سەعات شەش کەس ناتوانێ لە ماڵ بێتە دەرێ.

― ڕاست ئەکەی کاکە لاوە قسەی تۆیە، لێم ببوورە بەڕاستی تاسە و بیری هیوا وا سەری لێ تێک داوم ئاگام لە هیچ شتێ نەماوە. بەڵام گیانەکەمی بەیانی زوو یەکێکی باشیان بنێرە بە دوودا. بابە چەند پارەی ویست تۆ دوو ئەوەندەی بدەرێ من ئەتدەمەوە هەر ئەو پیاوەتییەمان لەگەڵ بکا زوو بچێ و زوو بیانهێنێتەوە پێیان بڵێ لە ڕێگا هیچ بەنگ نەبن.

― پارەی چی کاکە؟ شەرم ناکەی ناوی پارە ئەبەیت! جارێ ئەم ئیشە هەمووی یەکدوو دیناری تێ ئەچێ کە هیچ کەماڵێکی نییە، جگە لەوە ئێمەمانان ئەگەر هەزار دینارتان بۆ سەرف بکەین لە چاکەتان دەرناچین، ئێوە لە ڕێگای نیشتمانا دەستان لە ژیان هەڵگرتووە، زیندانتان دیوە، ساڵەهای ساڵە لە ماڵ و مناڵی خۆتان دوور خراونەتەوە. لە خۆشی و ئازادی بێبەش کراون. ئێوە سەری ئێمەتان بەرز کردۆتەوە. جگە لەمە تۆ ئامۆزامی، بڕبڕەمی من پارەم بۆ کێیە بۆ تۆ نەبێ.

جوامێر بەتەریقییەوە وتی:

― باشە بابە تۆ خۆت چۆنی ئەزانی بە باش وا بکە سوپاس!

لاوە بە زەردەخەنەیەکی پڕبەزەیییەوە وتی:

― کەواتە با جارێ بچم بزانم شێوەکەیان بۆ ئامادە کردووین؟ من زۆرم برسییە بێگومان تۆش.

ئەوەندەی پێ نەچوو لاوە گەڕایەوە لای جوامێر، بە نەختێ تەریقییەوە پێی وت:

― داخم ناچێ شێوەکەمان ڕووی مەجلیسی نییە، هەروا نەختێ چێشتی نیوەڕۆمان ماوە، بۆیە پێم وتن هێلکەوڕۆنێکیشمان بۆ بکەن و لە ژوورەکەی خۆشیان بۆمان دانێن لەوێ ئەیخۆین. مناڵەکانیش لەوێن، حەز ئەکەن چاویان پێت بکەوێ.

وشەی مناڵەکان جوامێری وەک کەو چووان بۆیە پاش بێدەنگییەکی زۆر ئینجا بیری کەوتەوە کە ئەبێ قسەیە بکا ئەوسا وتی:

― هێلکەوڕۆنی پێ نەئەویست ئەوی هەبوو بەس بوو. خۆت ئەزانی من لە خۆما ئەوەندە چڵێس نەبووم، لە زیندانیشا ئەوەندە ماشەسپی و پیاز و چێشتی شێلم و ماشێنیان داوینێ هەموو خواردنێکی کەم لەلا فڕنی و فاڵۆزەیە.

کە چوون بۆ شێوکردن، دوو ئافرەت و چوار مناڵ لە ژوورەوە بوون ژنەکان کەوا دیاربوو خۆیان بۆ بەخێرهاتنی جوامێر ئامادە کردبوو، بەرزەپێ لە بەری هەستان، خێزانەکەی لاوە بە دەنگێکی دلێر و دەمێکی پاراوەوە و ئافرەتەکەی کەشیان بە دەنگێکی شەرماوی بەخێرهاتنی «کاکە جوامێر»یان کرد. چوار مناڵەکەش، یەکێکیان شیرەخۆرە بوو لەناو بێشکەدا پاڵ خرابوو گڕوگاڵی ئەکرد لەگەڵ دوو کچی هەشت نۆ ساڵان، مناڵی چوارەمیش ئەو کوڕە بوو، کە جوامێر لە کاتی دەرگا کردنەوەدا بە هیوای کوڕی تێ گەییبوو. ئەویش بە دوودڵی و تەریقییەوە لە مامە جوامێر چووە پێشەوە پڕی کرد بە دەستیا ماچی کرد و خێرا گەڕایەوە لای دایکی و پووری، کەوا بێدەنگ دوور لەو مێزەی لاوە و جوامێر لەبەریا دانیشتن بۆ نانخواردن، لە دەوری سەماوەرە زەردەکەیان دانیشتبوون. یەکێکیان فووی لە سەماوەرەکە ئەکرد و ئەوی کەشیان پیاڵەی لەسەر سینی ڕیز ئەکرد.

لاوە یەکە یەکە ناوی مناڵەکانی خۆی بە جوامێر وت. ئینجا بەگاڵتەوە پێی وت:

― خۆ پێویست ناکا نازداری خێزانیشم بەهێی ژن خوشکمت پێ بناسێنم!

جوامێر کە ناوی بەهێی بیست وەکوو شتێ تاس بردییەوە، چۆن ئەو ژنە کوتوکوێرە ڕەقەڵە پێست بە ئێسکەوە نووساوە ئەو بەهێ شۆخ و شەنگە ڕوومەت پەڕەی گوڵەیە کە پاش دە ساڵ شووکردنیش لە جوانەکانی شار ئەژمێردرا!

جوامێر خۆی پێ نەگیرا بەئەسپایی لە لاوەی پرسی:

― ئەرێ بەڕاست ئەوە بەهێ بۆچی وای لێ هاتووە؟

لاوە بەسەربادانێکەوە وتی:

― ئەگەر بێعار نەبوایە ئەوەشی نەئەما! جارێ با نانەکەمان بخۆین ئەوسا باسەکەت بۆ ئەگێڕمەوە. نامەوێ لە ئێستەوە دڵت بگرم. کە چوویتە ژوورەکەی خۆت لەوێ بەسەرپێوە باسی «بەهێ»شت بۆ ئەگێڕمەوە چونکە وا دیارە ماندوویت خەوت دێ، جگە لەوەش ئەڵێی پێش نووستن خۆم ئەشۆم.