باسی گەشتوگوزارێکی خادیم و بەسەرهاتی

لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
 1 خولەک  513 بینین
غوڵامی سادەی خاوەن غوڵامان
تاری لە دەستا ئەهات خەرامان
غوڵامان لە پشت سەری سەف بەستە
غوڵامان لەپێش دەستی بە دەستە
پەنجەی تارزەنی ڕەنگی حەنایی
ئەگریجەی خاوی ڕەنگی خورمایی
پەنجەی کە لێدا لە یەک تاری تار
بە جارێ سەد تار ئەکەوتنە هاوار
زەمزەمەی تاری، تاری ئەو یارە
تاری دڵمی کرد بە دووسەد پارە
سەدای عوود و تار مەحوی ئاغۆشی
نەفەس ڕشتەیی شەمعی خامۆشی
بە نەغمە و ناڵەی تاری پڕ ئەسەر
مەزاقی شەوقم پڕ بوو لە شەکەر
بە ڕوویی خۆش و ئاوازی خۆشی
ئەیخوێند مەقام و دەستگای دەروێشی
پەردە و تەرانەی ئاوازی شۆری
شۆری خستمە سەر کاتێ ئەیگۆڕی