بۆ دووریی دولبەر وەڵام ناردن

لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
 1 خولەک  667 بینین
بۆ دووریی ئازیز دەستەکەی چەپگەرد
هاویشتی بۆ کوێ چووە مۆرەی نەرد
وەعدەی سەفەر هات، ئەی نەسیم ئامان
بۆ لای ئازیزم بچۆ وەک جاران
بە زوبانی حاڵ قسەی بۆ بکە
ئەووەڵ سەلام و دوعای لێ بکە
دووەم لە حاڵی پەشێوی حاڵم
لە بەختی بەد و برانی ماڵم
لە بێ قەراری لە دەستی دووری
لە بێ ئارامی لە ناسەبووری
لە سۆزی شەرار ئاگری هیجران
لە ناسۆری زام تیرەکەی موژگان
لە قرچەقرچی جەرگی جەفاکێش
لە وەلوەلەی دەرد دەروونی دەروێش
لە کزەی خوێناو لە چاوان هاتوو
لە گرانی بار قامەت دووتا بوو
لە بێ خەوی شەو ئەلوەدای سەحەر
لە ناڵەی ئەعزا لە سۆزی جگەر
لە هاواری تەن ماڵاوایی گیان
لە دەستی فەلەک ناڵەی ئەلئەمان
ئەمانە یەک یەک بۆ ڕۆحی ڕەوان
بە ئەدەب بکە تەقریر و بەیان
بڵێ دەروونم پڕ لە زووخاوە
ئەسبابی مردنم ئامادە کراوە
با بێ بۆ چارەی دەردی گرانم
مەرهەم دابنێ لەسەر زامانم
مەرهەم و لوتف و ڕەحمی ئەو یارە
لە دڵی «خادیمناسناوی ئەدەبی» دەر کا پەژارە