باسی ئەو کەسانەی کە بۆ جاهـ و ماڵی دونیا، هەموو شتێ قبووڵ ئەکەن
لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
1 خولەک
525 بینین
تالیبی دونیا لە عوقبا بێبەشە
تالیبی عوقبا لە دونیا دڵڕەشە
نەفسی بەدخوو بیگری وەک ماکەرە
گەر بەری دەی میسلی ئەسپی سەرکەشە
زاهیری پاک و بە باتین پیس و بەد
ڕووسپی مەعلوومە هەردوو ڕووی ڕەشە
تەڕ زوبان و چاپلووس و لەفزخۆش
دڵ لە مەعنا هەر وەکوو قیڕی ڕەشە
ئەهلی دونیا چەشنی دونیا بێ وەفا
ماندوو و سەرگەشتە هەر وەک باڕەشە
قەولی بێ نوقسان و عەیبە چی ئەڵێ
فیعل و کرداری ئەبینی پڕ غەشە
ژینی دونیا بێ بەقایە فانییە
قابیلی تیعدادە پێنجە یا شەشە
ماددەی گوڵزارە ئەمما مەعنەوی
هەربەری یا سێبەری وەک ئاتەشە