ناوی مانگەکان بە کوردی کراوە بە شیعر
لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
2 خولەک
1673 بینین
بەهار
[یەکەم مانگی بەهار]
ئەووەڵی بەهار «خاکەلێوە»یە
نەسیمی عەتری گوڵی پێوەیە
بولبول بۆ گوڵشەن وا بەڕێوەیە
غونچەش وا خەندەی بەسەر لێوەیە
[دووەم مانگی بەهار]
«بانەمەڕ» دووەم مانگی بەهارە
کاتی شەفافی گوڵ و گوڵزارە
کاتی کوێستان و جێگە و هەوارە
خاوەن مەڕ و ماڵ دەستیان بە کارە
[سێیەم مانگی بەهار]
«جۆزەردان» مانگی سێیەمی بەهار
بۆ فەلاح پەیدا ئەبێ ئیش و کار
کاتی زەردبوونی سەوزی و مێرغوزار
بولبول لە دووری گوڵ ئەکا هاوار
هاوین
[یەکەم مانگی هاوین]
«پووشپەڕ» ئەووەڵی مانگە بۆ هاوین
جەژنی بەدەنە و کاتی خۆین جمین
ڕۆژ ئەچتە بورجی سەرەتان بە تین
لە سەحرا سپی ئەبێ گیای شین
[دووەم مانگی هاوین]
«گەلاوێژ» دووەم مانگە ئەی برا
ئەستێرەی زوهرە ئەچێتە جەوزا
مەریخ لە مەشریق زوو ئەبێ پەیدا
لە ئاخیری مانگ شەو زیاد ئەکا
[سێیەم مانگی هاوین]
سێیەمین مانگی ناوی «خەرمانان»
کاتی خەرمان و زەخیرە دانان
شددەتی گەرما و تلووعی میزان
لە بورجی ئەسەد ڕۆژ ئەبێ پەنهان
پاییز
[یەکەم مانگی پاییز]
«ڕەزبەر» ئەووەڵی پاییزە گیانە
شەو و ڕۆژ هەردوو یەکسانە
لە بورجی عەقرەب هێندە بزانە
ڕۆژ داخڵ ئەبێ لەم چەند ڕۆژانە
[دووەم مانگی پاییز]
«خەزەڵوەر» دووەمین مانگە لەو وەقتە
گەڵاڕێزانی دار و درەختە
ڕۆژ چەند ڕۆژی تر وەها ڕێکەوتە
داخلی بورجی قەوسە لەو وەختە
[سێیەم مانگی پاییز]
«سەرماوەز» سێیەم مانگی تەواوە
شەو بۆ درێژبوون کاتی نەماوە
سەرمای پاییزە سەرمای بەدواوە
لە ئەووەڵ مانگی زستان بەستراوە
زستان
[یەکەم مانگی زستان]
«بەفرانبار» ئەووەڵ مانگی زستانە
کاتی بارینی بەفر و بارانە
زۆری نەماوە لەم چەند ڕۆژانە
دەست کا بە زیادی ڕۆژ لەم ڕۆژانە
[دووەم مانگی زستان]
«ڕێبەندان» دووەم مانگە لە زستان
ڕێبەندان زۆری ئەبێ لە کوێستان
بەرگی فەقیران ئەدڕێ لە سەرمان
چلوورە و سەهۆڵ بە گوێ سوانان
[سێیەم مانگی زستان]
سێیەمین مانگی «ڕەشەمە»ی ناوە
نیشانەی وایە زستان نەماوە
دەنگی پشیلان بە میاوە میاوە
داوود و مریەم ئیشیان تەواوە