مەغرووری و لەخۆباییبوون
لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
2 خولەک
600 بینین
لە خەوی غەفڵەت هەڵسە بێدار بە
نەفست سەرکەشە زۆر ئاگادار بە
وەسوەسەی نەفست بڵندت ئەکا
لەسەر ڕووی زەوی ئەتبا بۆ سەما
عالەمێ لەژێر پێی خۆت ئەبینی
چاوێ هەڵێنە تا خۆت ببینی
لە خۆت بایی بووی، لووتت بڵندە
ئاگات لە خۆت بێ، لەبەر پێت کەندە
وا حاڵی مەبە ئەم جێگایەی تۆ
بۆ تۆ دانراوە قابیلە بۆ تۆ
پاڵت داوەتۆ لەجێی ئەمیران
جێگەی تۆ دیارە کوڵبەی فەقیران
نەتبیستووە قسەی ئەیاز و مەحموود
گەر خۆت بناسی لێ وەردەگری سوود
لە کەسب و کارا ئەووەڵ شوان بوو
زۆر ژیر و وریا و سیفەت جوان بوو
ئەسووڕایەوە بێ پارە و مەعاش
کەپەنک لەبەر لە پێیا کڵاش
لەبەر ژیری خۆی خەڵاتی کرد شا
حورمەتی پێدا بردییە بارەگا
بە لاوەیی دا کەپەنک و کڵاش
بوو بە خاوەنی شکۆهـ و مەعاش
بابی نەبوو قەت ڕۆژێ لە ڕۆژان
ئەچوو بۆ لایان سەری لێ ئەدان
بە نەفسی ئەگوت ئەحواڵت باشە
هی تۆیە ئەمە کەوش و کڵاشە
شا عاشیقی بوو چونکە زۆر ژیر بوو
کەوڵ و کڵاشەی دایم لەبیر بوو
نەتبیستووە فیرعەون بایی بوو تەمام
لووتی بەرز کرد، وتی: من خودام
ئاخری شەیتان بە ڕیشیا ڕیا
لە ئەحواڵی خۆی نەبووەوە وریا
تۆش کە خادیمناسناوی ئەدەبیی مانای ناوی خۆت
چییە و بزانە ئاگات بێ لە خۆت