قاسید وەرە مژدە بەرە بۆ لای هەموو لاوە

لە کتێبی:
دیوانی عاجز
بەرهەمی:
عاجز (1929-1967)
 2 خولەک  666 بینین
قاسید وەرە مژدە بەرە بۆ لای هەموو لاوە
ئیمان غەلەبەی کردووە، کوفریش بووە بڵاوە
بەم عیدە برینی دڵی بێچارە کولاوە
ئەم لاوە وەکو لاولاوە تەماشا کە چ لاوە
وەستاوە ئەوەند خاوە دەڵێی خاوە ڕواوە
ئەم دڵبەرە وەک حەیدەرە بێ خەنجەرە ناوی
قاتیلە وەکوو فیلە بە حیلە قەدی لاوی
بەو لەنجەیە بەم پەنجەیە قەت ناکا تەداوی
قەد عەرعەرە لەب شەککەرە ڕەنگ ئەسمەرە چاوی
غەممازە پڕی نازە دەڵێی بازە لە ڕاوە
ڕەنگینەوو شیرینە چو هەنگینە لە شانە
ئەم دلبەرە بۆ نەشتەری وەک تیغی دەبانە
کردی دڵی عوششاق و غەریبان بە نیشانە
کون کون بو جگەر تیری بە پڕ هات لە کەوانە
فەوتاوە کە کوژراوە دڵم کاری کراوە
ئەو دڵبەری خاڵ عەنبەری لوقمانی دڵم رۆی
وەک بەدر و هیلالە کو غەزالە بە مشک و بۆی
جەللابە گوڵم بۆیێ بە دڵ بۆ دەری ئەو ڕۆی
ڕووی وەک گوڵە مووی سونبولە خاڵ فلفلە ئەبڕۆی
شمشێرە موژەی تیرە بە سەد لیرە کڕاوە
ئەم دەوڵەتە پڕ سەولەتە بەم زولفەی کو مارە
لەم باغەوە لەدداغە بە داغە وەکو نارە
لەم حاڵە بە ناڵە دڵی شەیدا بوو بە پارە
ئەم قامەتە ئەم سوڕەتە ئەم نەقش و نیگارە
مەعلوومە لە عالەم کە بە پڕگار نەکشاوە
دڵ خەستەیی دەم بەستە لەبەر حەسرەتی حوسنی
بێ هەستە لەبەر دەستە لەبەر سەروەتی حوسنی
بێ بەختە لەسەر تەختی لەبەر کەسرەتی حوسنی
سەرمەستە عەجەب مەستە لەبەر دەوڵەتی حوسنی
خۆی بوویتە جەفا پشت لە وەفا مەیلی نەماوە