ئەی سەنەم تا کەی بناڵم من لە دووریی ڕێ و خێ

لە کتێبی:
دیوانی عاجز
بەرهەمی:
عاجز (1929-1967)
 1 خولەک  821 بینین
ئەی سەنەم تا کەی بناڵم من لە دووریی ڕێ وو خێ
بەس بە ناحەق پێم نیشاندە غەین و ڕێ وو بێ وو تێ
غوربەتیش یەک جار وەها زوڵمە لە عاشق چاوەکەم
مروەتت بێ پێم بفەرموو ڕێ وو حێ وو میم و تێ
ڕەحمەتت وەسلە لە بۆ من ئەی گوڵی باغی ئیڕەم
تۆم بەسە حەتتا لە باتی حۆری جیم و نوون و تێ
جەننەتی من قامەتی سەروی تووە و گوڵزارەکەی
پڕ لە نارنج و لیمۆیی سین و یێ وو نوون و هێ
سینە پڕ سۆزە لە تاووت وەک سەماوەر وا لە جۆش
وا نەزیک سوتانەکەم کە، ئەلف و ئەلف و گاف و ڕێ
ئاگری عیشقت لە بۆ من ئەستەمە ئەی دڵبەرم
زێدە گەرمە مەیلی وەسلی حێ وو سین و نوون و تێ
حوسنی تۆ بێ شک گەیشتە حەدد و میقداری نیساب
موستەحەققم بێنەحیسسەی زێ وو کاف و ئەلف و تێ
بۆ زەکاتی باغ و بێستانی جەماڵت هاتووم
نامەوێ زیاتر لە حەققی شین و ڕێ وو عەین و یێ
پڕ خرۆشە دڵ وەکو بولبول لە دەوری غونچە گوڵ
جارێ دڵ خۆش کە حەبیبم عەین و ئەلف و جیم و زێ