عەجایب ڕوویی یار پڕ نوورە ئیمشەو
لە کتێبی:
دیوانی عاجز
بەرهەمی:
عاجز (1929-1967)
1 خولەک
746 بینین
عەجایب ڕوویی یار پڕ نوورە ئیمشەو
لە باغی سینە نارنج زۆرە ئیمشەو
ئومێدی نابوو تا ئێستا لە خۆشی
دڵم لاکین گەلێ مەسروورە ئیمشەو
لە خۆشی وا سەرم سوڕماوە یاران
نەزانم خەونە یاخۆ شورە ئیمشەو
دوو مانگی یەک شەوە و ڕۆژێک لەسەر وان
وەرن کێ دیویەتی ئەم جۆرە ئیمشەو
ئەیانوت نەبووە قەت یەک شەو کە کۆ بن
بەڵام دیارە وتەی چاوکۆرە ئیمشەو
ئەگەرنا بۆ دەبینم ڕۆژ و دوو مانگ
لە دامێنیان دوو زەهرەی سوورە ئیمشەو
وەرن سەیر و تەماشای عەردی ڕەنگم
بکەن چۆن ڕوون بووە بەم خۆرە ئیمشەو
ئەگەر خەونە خودایە شەو درێژکە
هەتا مەحشەر لە بۆم ڕابێرە ئیمشەو
هەتاکو تێر بکەم خۆشی لە یاران
ڕەقیبی سەگ سیفەت لێم دوورە ئیمشەو
وەگەر ڕاستە درێژ کە ژینی بەندە
لە جێی جەننات و قەسر و حوورە ئیمشەو
وەرە «دڵخۆش» بگۆڕە ناوی عاجزناسناوی ئەدەبی
بە خۆشی جان و دڵ مەشهوورە ئیمشەو