پێشەکیی ڕەسوڵ ڕەش ئەحمەدی

لە کتێبی:
دیاریی مەهاباد
بەرهەمی:
ڕەسوول ڕەش ئەحمەدی
 4 خولەک  724 بینین

بەنێوی خوای مەزن کە یارمەتی دام ئەم بەرهەمە جوانە کۆ بکەمەوە.

کەند و کڵۆی ڕێگای ژیان ئەوەندە زۆرە کە ئینسان هەر چەند لە مەزرای چۆڵ و چەتوون و سامناک و بێ دەرەتانی چەرمەسەری ڕەهەندە بووبێ، هێشتا هەست بەوە دەکا چوارچێوەیەکی پۆڵایین ڕەگ و لەش و ئەندامیان لەنێو خۆ گرتووە و ئەشکەنجە و ئازاری ئەدەن. ژیان ئەو قۆناغە بێبەقایە لە نێوان دوو نەبوونی نادیارا مەیدانێکی پان و بەرینە بۆ هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەی ئینسان تا بەڵکوو بتوانێ بەرهەڵستی نەزانی و دڵڕەقی ڕاست ببێتەوەو پڕ بەدەمی بۆ ڕزگاری ئینسان لەدەست ئینسان هاوار بکا و قەڵای زۆرداران تێک بڕوخێنێ و دونیای برایەتی و خۆشەویستی بەدی بێنێ.

چ خۆشە ئەو کاتەی ئینسان بۆ وەی بژی و خوێن لە ڕەگ و ئەندامی لەشی دا بە زەبری خۆشەویستی بەرەی ئادەمیزاد پل بدا و ئاسەواری گورگە بە ڕوالەت بەستەزمانەکان نەمێنێ و ئینسانە ئازادەکان بتوانن لە سروشت و دەستکردی خوداوەندی بۆ پێشکەوتن و خزمەت بە یەکتر کەڵک وەرگرن. یەکەم جار نییە مەلا غەفووری (حافز) ئەناسم و ناشمەوێ بەو قسانە ئەدیبێک بە عەزیزانی ئەدەب پەروەر بناسێنم، چونکی ئەوەی ڕاستییە قەڵەمێک کە لە پێناوی برس و ترسا لە ڕێ هەتڵە نەبووبێ ڕێی هەڵەڕۆیی ناگرێتەبەر و زۆر بە ئاسانی جێی خۆی ئەکاتەوە و هەوڵ ئەدا لە دەردەکان بدوێ، ئەو دەردانەی ساڵەهای ساڵ لەگەڵمان بوون و خاوەن بیر و بڕوایەکان ناسیویانن بۆ لەناو بردنی ئەو ئێش و زامانەی ژیان تێکۆشاون و تەنانەت ئەگەر تێگیراوییەکیان لە ژیانیدا بەدی هاتووە هەوڵیان داوە بە شێوەی پەند و مەتەڵ بۆ بەرەی دوای خۆیان بیهێڵنەوە تا ئەو گرێ پوچکە یان هەڵەیە ڕۆژگارێکی سەرلەنوێ دووپاتە نەبێتەوە و دەرسی لێ وەرگرن، بەڵام کوا ئەوڕۆ وایە؟

خەم و دەردی ژیان ئەو کات بە ڕاستی و دروستی دێتە سەر کاغەز و قەڵەم ئەتوانێ لاپەڕەکان بە درکاندنی ئەو دەردانە بنەخشێنێ کە نووسەر یان شاعیر وەک هەموو خەڵکی لایەنگر لە ناو دەردا ژیابێ خۆی لە خەڵک و دەردەکانیان بێگانە نەزانێ. جا کێ لە مەلا غەفوور زۆرتر خەمی ژیانی بە ئەستۆوە بووە و دونیای ڕووناکی ئینسانەکانی وا بە تاریکی دیوە؟

کوتنی دەردەکانیش ئەو کات ئەتوانێ باش و بەجێ بێ کە خوێنەر لە بیستن و شارەزا بوون بە سەریاندا کاڵەی چارەسەری هەڵبەستێ و هەستێ و دەرمانێک بۆ ئەم هەموو کەموکۆڕییانەی ڕێگای ئینسانی دیل بە دەست ژیانەوە بدۆزێتەوە، بۆ من کە هەموو کات ئاواتم ئەوە بووە بزەی خۆشی بخەمە سەر لێوە بەبار و گۆنا ماتەم گرتۆکانی ئینسانی لێ قەوماو و هەناسەسارد.

جێی شانازییە توانیم بە هاتوچۆ و تەقەلای بێ وچان بەسەر زۆر گیروگرفتاندا زاڵ بووم و بەرهەمەکانی مەلا غەفوور کە لە درێژەی تەمەنیدا سەوزایی بەهار و گەشە و تروسکەی ئەستێرەکانی بە چاوی دڵ دیوە کۆ کەمەوە و بەو چەشنە بەرگری لە لەناوچوون و فەرامۆش بوونی ئەم هەستە خاوێنە بکەم.

بە پێویستی دەزانم سپاس بکەم لە مامۆستای هەژاران، هەژاری پایەبەرز لەوەی چەند شەو و ڕۆژ لە حاڵێکدا نەخۆش بوو لە ماڵە هەژارانەکەی ماوەمان گرت و شێعرەکانی مەلا غەفووری بە تەرازووی شیعرناسان لە باری تەرز و ماناوە هەڵسەنگاند و بڕوای خۆی لەو پێیەدا دەربڕی.

جا ئێستا بە یەکەوە گوێ بۆ بەسەرهات و ناسینی ئەم شاعیرە دڵ بە خەمە ڕادەگرین، بەو ئاواتەی کە ئاواتی هەموو ئینسانە باشەکان بێتە دی و بتوانین ئەوتۆ کە شیاوی پلە و پایەی ئەو شاعیرەیە ڕێزی لێ بگرین و نەهێڵین لەوەی زیاتر بە دەستەنگی و هەژاری ژیان بەرێتە سەر.