جوملە

لە کتێبی:
دەستووری زمانی کوردی
بەرهەمی:
تۆفیق وەهبی (1891-1984)
 4 خولەک  664 بینین

49

جوملە بەیانکردنی حوکمێکە؛ وەکو،

ئاگر ئەسووتێ. با لە کوێوە یێ. دەفتەرەکە بێنە. سلێمانی شارێکی خۆشەویستی کوردستانە.

ئەمانەی سەرەوە جوملەن؛ چونکە هەر یەکی حوکمێ بەیان ئەکەن. هەندێ لەم جوملانە کورتن و هەندێکیان درێژن؛ چونکە هەندێکیان بیرێکی کورت و هەندێکیان بیرێکی درێژ پیشان ئەدەن.

50

جوملە یان بەیانی، یان پرسی، یان فەرمانی ئەبێ:

1- جوملەی بەیانی ئەوانەن کە شتێ بەیان ئەکەن؛ وەکو،

من ئەچمە سابڵاخ. پیرەمەگروون بەرزە.

2- جوملەی پرسی ئەوانەن کە پرسێ ئەکەن؛ وەکو،

بۆ ناچییە سابڵاخ؟ ئایا تۆ ئەم ئێوارێیە لە ماڵەوە ئەبی؟

3- جوملەی فەرمانی ئەوانەن کە فەرمان دائەدەن یان ئەپاڕێنەوە، وەکو،

دەرگاکەم لێ بکەرەوە.

کەرتەکانی جوملە

51

جوملەیێک -کورت بێ، درێژ بێ- لە دوو کەرت دوروست ئەبێ:

1- باسلێکراو

2- باس

52

باسلێکراو لە جوملەیێکا ئەو کەلیمەیەیە کە ناوی ئەو کەسە یان ئەو شتە ئەبا کە لێی ئەدوێین؛ وەکو،

بەفر ئەبارێ. هۆدەکە ساردە.

لەم جوملانەدا کەلیمەی «بەفر»، «هۆدەکە» باسلێکراون.

53

باسلێکراو ئەبێ ناو بێ یان کەلیمەیێ بێ کە لەباتی ناو بە کەڵک هێنرابێ؛ ئەو کەلیمەیەی لەباتی ناو بە کەڵک ئەهێنرێ پێی ئەڵێن بۆناو؛ وەکو،

مناڵەکان ڕۆیین، ئەوان ڕۆیین.

54

باس لە جوملەیێکا ئەو کەرتەیە کە ئەو خەبەرە پیشان ئەدا کە لەحەق باسلێکراو ئەدرێ؛ وەکو،

بەفر ئەبارێ. هۆدەکە ساردە.

لەم جوملانەدا «بەفر»، «هۆدەکە» باسلێکراون. «ئەبارێ»، «ساردە» باسن.

55

ئەگەر باس هەر لە کەلیمەیێ دوروست بووبێ ئەم کەلیمەیە پێی ئەڵێن فیعل؛ وەکو،

من ئەخوێنم.

56

ئەگەر باس لە چەند کەلیمەیێ دوروست بووبێ ئەو کەلیمەیە لە باسلێکراو ئەدوێ فیعلە، ئەوانی تر بۆ تەواوکردنی مەعنای ئەو لێی کۆ بوونە[تە]وە؛ وەکو،

بایەکە ئەمڕۆ لقوپۆپی دارتووەکە ئەشکێنێتەوە.

لەم جوملەیەدا «بایەکە» باسلێکراوە، «ئەمڕۆ لقوپۆپی دارتووەکە ئەشکێنێتەوە» باسە. «ئەشکێنێتەوە» فیعلە.

57

باسلێکراویش ئەتوانێ لە چەند کەلیمەیێ دوروست ببێ؛ کەلیمە زیادەکان تەواوکەری ئەبن؛ وەکو،

ئەمڕۆ بایێکی زۆر توند دارەکە ئەشکێنێتەوە.

لەم جوملەیەدا: «بایێکی زۆر توند» باس لێکراوە، «با» ناوە، باسلێکراوە، «یێکی زۆر توند» بۆ تەواوکردنی مەعنای هاتوونە پاڵی.

58

فیعل ناووکی جوملەیە. حەتتا فیعلێکی گەردانکراوی کەسدار، سەربەخۆ جوملەیێکە؛ چونکە حوکمێ بەیان ئەکا؛ وەکو،

من ئەڕۆم. ئەڕۆم.

وێنەی یەکەم جوملەیە؛ چونکە «من» باس لێکراوە، «ئەڕۆم» باسە.

وێنەی دووەمیش جوملەیە؛ چونکە ئەویش حوکمێک بەیان ئەکا؛ لەمەدا کاری باسلێکراو بۆناوی «م» ئەیبینێ.

باسی ناتەواو

59

فیعلی «بوون»ی ناتەواو باسێکە کە هەمیشە بە یاریەی کەلیمەیێکی ترەوە حوکمێ بەیان ئەکا؛ لەبەر ئەمە پێی ئەڵێن باسی ناتەواو؛ وەکو،

سنە شارە.

لەم جوملەیەدا: «سنە» باسلێکراوە. «شارە» باسە. «ە» باسی ناتەواوە، «شار» تەواوکەریەتی.