چیم گەرەکە
(دەرمانی برین)
لە کتێبی:
دیاریی مەهاباد
بەرهەمی:
مەلا غەفوور دەباغی (1927-1990)
2 خولەک
896 بینین
بو دەوای کۆنە برینم، مەیی کۆنم گەرەکە
کاسەیەک پڕ لە مەیی میسیۆلیئۆنم گەرەکە
گوڵی بێ بۆن و بەرام دیمەنی بێ نرخە لە لام
من گوڵی ئاڵی عەتردار و بەبۆنم گەرەکە
من بزەی لێو و قسەی خۆشە دەبزوێنێ نەشەم
کەی مڕومۆچ و خوڵق ناحەز و مۆنم گەرەکە؟
نانی ویشکی قەوەتی مشکە، هەتا بۆم دەلوێ
پشتەمەغزەی قەڵەو و چێشتی بەڕۆنم گەرەکە
قەت بە کیلۆ و سییە تێر نابێ زگی خۆم و مناڵ
دەس بدا میوە بە خەروار و بە تۆنم گەرەکە
یارەکەم زیز بووە، لێم دوورە، بڵێی ئاشتی وەبێ؟
گوێم لە دەنگی نییە، شێت بووم، تەلەفۆنم گەرەکە
دڵ بە سەد هاوەڵی بێ مێشک و نەزان ناسرەوێ
هاودەمێکی وەکوو تۆماس ئەدیسۆنم گەرەکە
بۆ تەسەلکردنی خۆم و گەلی داماو و هەژار
سەروەتی ڕاکفیلێر و لۆرد کەریتۆنم گەرەکە
دەمەوێ ڕازی دەروونم بە خەڵک ڕاگەیەنم
دوو بلیندگۆی مەزن و مایکڕۆفۆنم گەرەکە
کۆت و شاڵواری ئوڕووپایی ئیتر ناکەمە بەر
ڕانک و چۆغەی مەرەز و دەسکری خۆنم گەرەکە
لە تەماشای شەق و تۆپ بازیی ئولەمپیک وەڕەزم
حۆقەحۆقی کەڵ و گامێش و شەقۆنم گەرەکە
هەرکەسێ دۆستی گەلی کوردە، بە دڵ خۆشم ئەوێ
ئەو کەسەی میللەتەکەم نایەوێ، چۆنم گەرەکە؟
ترس و باکم نییە، ویستی گەلەکەم دەردەبڕم
خەڵکە لێم کۆوە بن، ئەمما تریبۆنم گەرەکە
من لە ڕۆژنامەوە ئەخباری سەحیح نایەتە گوێم
رادیۆش لوتفی نییە، تەلفیزیۆنم گەرەکە
شارەکەم لایەکی ڕووخاوە بە چی چاکی وەکەم؟
ئەهەک و ئاسن و سیمان و بیتۆنم گەرەکە
حافزناسناوی ئەدەبی م، نیمە بە ماکینە وەشۆرم جل و بەرگ
ڕەقە سابوونی مەراغە و ئەسپۆنم گەرەکە
خواردنم کەم بووە، چەن حەفتەیە گیراوە مەدەم
پیپسی سارد و سوێن ئاب و سیفۆنم گەرەکە