پەندی پێشینیان ٤

لە کتێبی:
دیاریی مەهاباد
بەرهەمی:
مەلا غەفوور دەباغی (1927-1990)
 10 خولەک  1492 بینین
هێندێ تێکهەڵچوون جێی هومێد نینە
شەڕی کۆنە قین گەرم و بەتینە
خەیاڵ خەزێنەی بە کەس نەداوە
زێر دۆزینەوە خەیاڵی خاوە
ئەم پەندە کەڵکی بۆ گوێدێرانە
کێ لە سەر سەبرە، لەسەر خێرانە
کەری دێز دەکا حەز لە تۆپینێ
تاکوو خاوەنی زەرەر ببینێ
بیری هەر لە لای هەل و هەڵمەتە
چووزانێ گورگ، مەڕ بە قیمەتە
قەسەم بەو کەسەی نەزا و نەمەرگە
تۆبەی بەڕاستی گورگ هەر مەرگە
تاکوو بز شیر دا و بەشی داپیر دا
ئەو کلکە قوڵەی ڕێویی فەقیر دا
قیل سپی دەبێ، بێ درۆی فەڕزی
کلکی وشتریش دەگاتە عەرزی
تا گورگ دەکا تۆبە وەک نەسووح
سەبری ئەییوبی دەوێ و عومری نووح
ئەم نەقڵە دڵی پیاو دەکاتە بەرد
قەل بە قەل دەڵێ: ڕووت ڕەش بێ نامەرد!
ئەو کەسەی دەبوو نەدۆڕێ، دۆڕا
بۆ ئاسنی سارد دەکوتی لەخۆڕا؟
نەسیحەت ناچێ بە مێشکی کەردا
کێ دیویە بزمار بڕوا بە بەردا؟
عاملانی کەسێ خوڵقابێ ناحەز
هەروەکوو گوێزە بیدەی لە گومبەز.
چون کۆشکی هیوات بناغەی بۆشە
پێشت پۆڵا بێ، پاشت کڵۆشە.
بەسمان بە سەردا لێدە گیز و فیز
پێوەدان خۆشە، نەوەک ویزەویز.
دەڵێن نابارێ لە هەموو هەوران
دڵنیاش مەبە لە سووڕی دەوران.
لاوی کورد لە خۆی بەستێ فیشەکدان
هیچ شایەک قەبووڵ ناکا بە سەپان.
ئەمەش نەقڵێکی لەمێژ و کۆنە
پاداران بگرە، بێ پا هی خۆنە.
ئەوەی تۆ قینت لێ بوو، خرا گڵ
دەجا چنگێ ڕۆن هەڵسوو لە سەر دڵ
لە ترس و خۆفی ماری بەدکردار
لە پەنای ئاگر خۆم داوە حاشار
خۆشیم نەدیوە لەم ڕۆژگارە
وەتی هەم ئیمسال خۆزگە بە پارە
دەستی تەماحت هێندە پان مەکە
خاوەنی کەڕەم پەشیمان مەکە
ئەم نەقڵەیان زوو کرد بوە شیعار
بە قوونی موفلیس ڕیشی تەماحکار
کچ شوو کا دایک دەماخی سازە
کوڕیش ژن بێنێ، توندە مەجازە
خەڵک لە دەس تۆ دەمێکە یاسە
قڵپ ئەبێتەوە کە پڕ بوو کاسە
پێم سەیرە تۆ زۆر بە خۆت دەنازی
نە سەری سیری، نە قونچکی پیازی
نە هێندە تاڵ بە، تف بتخاتە دەر
نەوا شیرن بە، قوتت دەن یەکسەر
زۆر کوتن چییه؟ ڕیس و گوریسە
تا یەکێک دەڵێی دووان ببیسە
پیاو ماڵی دەوێ و ژنان زێڕ و زیو
بزن خەمی گیان، قەساب خەمی پیو
ئەوەی لێی دەدا لافی قەیسەری
کونی مشکی لێ بۆتە قەیسەری
هەر لە کۆنەوە وا هات و وا چوو
گوڵچن دڕوویان بە دستیدا چوو
کێ کۆی کردەوە بە زەحمەت و ڕەنج؟
کێ بەختەوەر بوو بە گەنجی بێ ڕەنج
شۆرشی کاوە بۆ فەرەیدوون بوو
کاری خاتوون و ناوی مەیموون بوو
کوێخای لێکەوتوو مێی دەرەبەگە
گورگ کە پیر بوو، مەخسەرەی سەگە
ژیشک بە فەرخەی خۆی دەڵێ ڕۆڵە
بێچووی کێ بە قەد تو نەرم و نۆڵە؟
لە بەر دڵی من، نە قاقووم، نە قوو
نەرم و شل نینە بە سەت یەکی توو
لای باوەڕنەکەر خۆت ماندوو مەکە
تەقەی بۆ بێنە لە بنی کوولەکە.
ئەگەر ناتخورێ تۆ بنی ڕانی
چیتە لە ماندوو نەبوونی شوانی.
ژن ئەگەر ناوی سووکی دوا خستی
خێرا سێ بەردەی بنێ لە مستی.
پیاو ئەگەر هاوڕێ نەبوە هاوبیری
دەڵێن سێ بەردە و ماڵی فەقیری.
عەیبی یەک کوتن لە عەقڵ دوورە
دیارە وەک تفی سەر بەرەو ژوورە.
لە چاوی خۆتا نابینی گاسن
شووژن دەبینی لە نێو چاوی من.
دەزانێ ئەوی بە بیر و ژیرە
خەتی خوار لە بن سەری گای پیرە.
خواوەندی مەزن کار بێ جێ ناکا
تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا.
کەسێ لە مەیدان گۆ دەباتەوە
کاتی ڕق هەستان قین بخواتەوە.
پیاوەتی و ئیشی مەردانە کردن
لە بەخشین دایە، نەک تۆڵە سەندن.
چون بە دەرد دەخوا، چارەی دەردی کە
شێف و وەردی که، لە سەر بەردی کە.
کەچەڵ دەرمانکەر بوایە بێ گومان
لە پێشا سەری خۆی دەکرد دەرمان.
ئەگەر لێ گەڕێ شۆفاری بەدفەڕ
ئاو دەخواتەوە گورگ لەگەڵ مەڕ.
درۆزن شتی لە بیر نامێنێ
حافیزەی کەمە، زوو دادەمێنێ.
کەنگێ درۆزن جێگەی بڕوایه؟!
تەنانەت دەڵێن دوژمنی خوایە.
وتیان بە ڕێوی شاهیدت کێیە؟
وتی: کلکی خۆم، باوەڕم پێیە.
بەیتی ڕۆستەمیان سەر لەبەر شەوێ
خوێندەوە، یەکێ هاتە جواب لەوێ:
کاکە گیان مەڵێن قسەت بێ جێ بوو
نەمزانی ڕۆستم، نێر بوو یا مێ بوو!
ئەڵێن حاڵی بوون لە نان و پڵاو
تامی خۆشترە، بەبێ چاو و ڕاو.
دەعبای وا هەیە دەخۆی گۆشتەکەی
دەعباشە دەبێ گۆشتی دەرخوارد دەی.
پێم خۆشە لاشەم لە دووم بکێشم
بەڵام منەتی ناکەس نەکێشم.
هەر بە مناڵی شێرەکوڕ دیارە
لاوێچ نموونەی خەروار و بارە.
ئەوی قەرزی کرد بە تەمای داهات
هیوای پێ نەبێ، تایەکی داهات.
هەوەڵ جێگای ڕمب وەبەر چاو بێنە
بە دڵنیایی ڕمب بچەقێنە.
چکۆلەترین کردەوەی عیسان
لە سەد قسەی زل باشترە دیسان.
ئەستەمێک نییە کە هاسان نەبێ
پیاو ئەو پیاوەیە هەراسان نەبێ.
بیستوومە دەڵێن مار هەتاکوو مار
نەخوا، نابێتە هەژدیهای زۆردار.
حەز دەکەی نەچیە ژێر زنجیر و کۆت
دامەزرێ لە سەر پەت و سینگی خۆت.
کێ ڕازی نەبێ بە بەخت و بەشی
تەمەن سەر دەبا بە چارەڕەشی.
ژن دەڵێ نانی وشکیم دەست کەوێ
خۆشە، نەک پڵاو لە پەنای هەوێ.
پاشایەتییە ماڵی بەتەنێ
کیتەڵەی تەنێ، بەهەشتی بەنێ.
قازانی مێردان بە حەوت ساڵ جارێ
دێتە کوڵ، بەڵام دەڕژێ بە جارێ.
مشتەی هەمانە و داسی ڕەمانە
زۆر باوە لە ناو دۆستی زمانە.
بۆیە وەڕەز بووم من لەم ژیانە
ڕێوی لە حاستم شێری ژیانە.
خراپت بۆ خۆت دانەنا کاکە
خوداش و خورماش، تەگبیری چاکە.
ئازا کوڵی دڵ دەڕێژێ بە قین
بێ دەسەڵاتیش بە گریان و شین.
بەینێکە بڕوات بە کەس نەماوە
"نێرە بیدۆشە" لە تۆ ڕووی داوە.
ناندێن کون مەکە، لێت خواردبێ نان
چێژەت لە خوێ کرد، مەشکێنە خوێدان.
هەرچی نەبووبێ نەیانفەرمووە
بیری دواییت بێ، ئەوی چوو چووە.
وریا بە نامه! تا نەختێ زووە
تا زۆڵەچەرم ئاو نەیبردووە.
من لە خەڵکم بیست، تۆش ببیسە لێم
جام دەڵێ بشکێم بەڵام نەزرینگێم
لە دووی وێڵ مەبە تازە بێ سوودە
باز لە بەرەگە دەرچوو بێهوودە.
قسە بێ کەڵکە دڕێژ و زۆر بێ
کەم و دڵگر بێ، نە زۆر بێ و بۆر بێ.
زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە
زووتر قەرەبووی بۆ دەکرێتەوە.
دەرفەتە هەرچی دەسبەجێ کریا
خۆزگە بەو خوێنە شەو دێ بە سەریا
برین تا گەرمە سووک و بێ ترسە
کە ساردەوە بوو بە ژان و قورسە
سووتاوە لە سوێی خاڵی گەردەنێ
هێند تامەزرۆیە بە دۆش دەژەنێ
ڕووبینی و ڕیا بۆ بەرحوزوورە
چاو حەیا لە چاو دەکا، مەشهوورە
سەولە زیاد نابێ بە کلکەسووتە
وڵامی دەدرێ بە تووتە تووتە
خاڵە گیان! بۆیە پێت دەڵێم خاڵە
چۆلەکە بگری بۆ ئەو مناڵە
نابووتی دەستی پەڵپ و بیانووم
لە ساجی عەلی ناوم کەبانووم
تاسەم لێت نەشکا ناردی بە دووتا
بۆ نانی بەسەر سێڵەوە سووتا؟
هاوین چوو، دڕا لێفەی فەقیری
چەن تاڵە ژینی فەقیری و پیری
ژن تۆسنیش بن، لە فەقیریانە
تۆران و زیز بوون شیر و تیریانە
پیاو چەقۆیە، ژن بۆتە هەسانی
تیژ و کولی ئەکا بە هۆی زمانی
ڕق هەیە چەن ماڵ ئاوەدان دەکا
ڕقی واش هەیە ماڵ وێران دەکا
هێدی به، تا خوێن دەبزوێ لە ڕەگ
قەدیمی دەڵێن شەڕ هاتوە بۆ سەگ.
شەڕ ئیرادە بەو سەر و سمێڵەوە
تووشیش بووی، ڕێگای ئاشتی بێڵەوە.
زۆر دەرهەڵ مەبه، هۆش مەتارێنە
چاوت سوور نەبێ، کەف مەچارێنە.
کاکی خۆم دنیا زۆری پێ دەوێ
ڕۆژیکی وا دێ چاو وە چاو کەوێ.
وەک دەڵێن هەر کێو وە کێو ناکەوێ
ئادەمێ حۆجەی بە یەکتر ئەوێ.
مەشهوورە بزن بۆ تاقە شەوێ
جێگای خۆش دەکا لە کوێ وەرکەوێ.
کەسێ بە پیری فێر ببێ پڵاو
لە باتی دەمی، دەس دەبا بۆ چاو.
دەڵێن ئادەمی تەیری بێ باڵە
لە چۆڵ و چیا وێڵ و عەبداڵه؛
گا لە پێدەشتە، گا لە دەم یاڵە
ڕۆژێ دووروڵات، ڕۆژێ لە ماڵە
دوو شت هەن باشن، هەم هۆی نەمانن
ئاگر و ئاون وا بێ ئامانن.
کەسێ تاوس و تووتی خۆش دەوێ
ڕێی هیندوستانی دەبێ بەرکەوێ؛
کێ شۆری کەعبەی لەسەری دابێ
دەربەستی چەقڵی موغیلان نابێ.
باب دەستەڵاتی دا بە عەولادی
دەبێ بچێژێ دەردی بێ مرادی
کێ لە زۆرزانی، بابای عەیارە
نێوبانگی لە گشت دێهات و شاره،
کێ بە قەت هەمو کەس قین ئەستوورە
کێ لە خوێن ڕشتن ئازا و جەسووره،
کێ ڕۆژی دەعوا مەردی مەیدانە
سوارچاک و ڕەشید، شێری دەورانه
کێ ترس و باکی نییە لە دوژمن
پێی بانادرێ هەرگیز بەنی ژن
پێت درێژ مەکە زیاد لە ئەندازە
سەرەڕۆ مەبه، ئیزن بخوازە
بە کەڵەزەڕی بۆت ناچێتە سەر
دنیا بە پووشی نەگیراوە سەر.
لە چاونەزێری وازبێنی چاکە
بەو گەز و ڕبەت نادەنێ کاکە
دوعات ئەوە بێ شیرین تاڵ نەبێ
قەت ناتەباییت لە نێو ماڵ نەبێ.
ژن بە پیاوی کوت تۆ هیچ مەکڕە
ئیتر دەبێتە چەپەرە شڕە
بێ وەفا زۆرن لە ژن و پیاوا
چاکە و پیاوەتی دەدەن بە ئاوا،
بێ بەقا و سپڵەن هەروەک پشیلان
سێبەریان چەشنی توودڕک و شیلان.
بی، هەنار و بەی کەی دێنێتە بەر؟
شەختە نابێتە شنەبای سەحەر
ماڕێک بەخێو کەی بە قەند و شیری
خزمەتی بکەی تا کاتی پیری،
چاکە لەگەڵ ئەو بکەی بەردەوام
بە دەوریدا بێی وەک بەندە و غوڵام،
ڕۆژێ لە قاچ و قولت دەئاڵێ
پرزەت لێ دەبڕێ، دەتخاتە چاڵێ؛
وایە ئاکامی دۆستایەتی مار
بە وتەی مەشهوور: شەرعی مار بە دار!
شێر هەرگیز ناخوا جێ دەمی ڕێوی
ئەگەر لە برسان بمرێ لە کێوی،
هەڵۆ ناچێتە هێلانەی قاڵاو
گەر هەڵپڕووکێ لەبەر سوورەتاو.
ماڵ چونکی هەرا و هوریای کەم بووه
هەر دەڵێی ئاشە و ئاوی کەوتووە
دەڵێن مامە گیان گونت بە چەنده؟
دەڵێ بە سەنگ و تەرازوو بەندە!
گەر بۆ تۆ هەبێ لەچک بەسەرێ
بۆ منیش دەبێ کڵاو لەسەرێ
چون قوڵەفیتنە ئاوری بن کایە
ناکۆکی وا زوو کۆتایی نایە
دەڵێن سەگێک چوو ئاشی لستەوە
سەگێکی تر چوو پاشی لستەوە
قەت پیاوی تووڕە نەدوێنی چاکە
بەڕوو لە دەمیا تەقیوە کاکە
ئەوەی لە هیچ کوێ بۆت زەوت نابێ
ڕەنگە ئاڵەتی لە قنگ کرابێ
هێند بە پەلەیە بووکی ڕازاوە
هەر دەڵێی ئەسپی بۆ زین کراوە
چون تووشی خەم و مەینەت و داخ نی
عیسا گرتووتی و مووسا تێی ئاخنی
چاوچنۆک ئاوا قۆڵمان لێ هەڵکا
خۆزگەم بە کفن دزی هەوەڵ کا
هەر لە خۆم نەدەن، بدەن لە هاوڕێ
پێم لە جەواڵی کا و گزرە دەدرێ
هاوسێ ماڵێکمان هەبوو بێ مناڵ
لە کووچە و کۆڵان کە دەیدی مناڵ