پەندی پێشینیان ١

لە کتێبی:
دیاریی مەهاباد
بەرهەمی:
مەلا غەفوور دەباغی (1927-1990)
 10 خولەک  9015 بینین
ئەگەر قسەی حەق لە من دەپرسی؟
تێر ئاگای نییە هەرگیز لە برسی
بە قەول و قەرار قەت مەخۆ فریو
بە هیوای جیرانە ویشکە تێکوشیو
گوێ بگرە زەریف! بۆ ئەم نەزیلە
مەسپێرە هەرگیز دووگ بە پشیلە
هەرچی خۆت نەیکەی بێ سودە کاکە
بە دستی خەڵکی مار بگری چاکە
لە نێو خاس و عام ئەم قسە زۆرە
ماڵی خۆنەخۆر بۆ چەکمەبۆره
لای گەوج و نەفام نەسیحەت بایە
یاسین بۆ گوێلک، بلوێر بۆ گایە
ئەو کەسەی کوورەی نەوسی لە جۆشە
وەک کەری ماندوو مەحتلی چۆشە
ناتەواوی هۆی قڕە و جەنجاڵە
بەلام سفرەی پڕ هێمنی ماڵە
کە ناعیلاجی ڕووی کردە ماڵت
حەریفی دایکت دەکەی بە خاڵت
پیاوی قەرزی کۆن و خزمی دوور وڵات
دێنێتەوە بیر گەر زۆری بۆ هات
خزم بە کاری قیامەت نایە
مەعلوومە دنیا هەر بۆ دنیایە
بەو کەسە دەڵێن عاقڵ و وشیار
دوو جار لە جێیەک پێوەی نەدا مار
بە کەسێک دەڵێن عەقڵی تەواوە
خەمی نان بخوا شوتی هەر ئاوە
جارێکت خواردم بە سندانت بێ
دو جارت خورادم نۆشی گیانت بێ
گاڕانەکەیان ڕادا بە زۆری
تازە دەپرسێ لە مانگا بۆری
ئاوری بن کایە بۆسۆی لێ نایه
دزی خۆماڵی لە گرتن نایە
دز و خاون ماڵ گەر ببنە هاودەست
گا لە رۆچناوە دەردێنن بێ هەست
ئەگەر بکەویە بەر هەڵمەتی شێر
قەت پەنا مەبە بۆ رێوی بێ خێر
جوابی قوزەڵقۆرت، سندان و دەردە
پێشینە دەڵێن جێی کڵو بەردە
وەختێک دەزانی مەعنای حەوسەلە
بە کەوچکە ئاوێ نەکەویە مەلە
زانیت کە حەریف لە خۆت زیاترە
شەڕی خۆتڕێن نەکەی چاتره
دەستێک نەتوانی بیبڕی لە بێخ
دەبێ ماچی کەی وەک جەنابی شێخ
مردم لە داخی ئەو زل پانێره
خۆی کردە وشتر لە ترسی گێره
وا مەشهوورە ساڵ هەوەڵ بەهاری
خۆشی و ناخۆشی دەکا دیاری
نەهاتە بەربار ئەگەر کەری زل
بۆخۆت بۆی بەرە بە شان و بە مل
وایان فەرمووە پیاوانی زانا
کۆسە چوو بۆ ڕیش سمێڵی دانا
بیستوومە لە زۆر پیاوانی ماقووڵ
شەر بە شمشێر و مامەڵە بە پووڵ
میوان نایەوێ سفرە ڕەنگین بێ
نانت جۆیین بێ، خوڵقت گەنمین بێ
پیاوی میوانگر چوو بۆ هەر جێیه
بێ منەت نان و خوانی خۆی پێیه
هەڵاتن عەیبە بۆ پیاوی شەڕکەر
بەلام هێندێ جار پێی دەڵێن هونەر
خودای تەعالا کار بێ جێ ناکا
تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
بۆ ئەم نەزیلەش گوێ رابدێرە
چێشتی پڕ کابان بێ خوێ یا سوێره
کەسێ نەگبەتی بێتە سەر شانی
پەڵووڵە بخوا دەشکێ ددانی
ئەگەر گڵوڵەی تۆ کەوتە لێژی
بە تەما مەبە کەس خاست بێژی
حەز دەکەی دوور بی لە گێرە و کێشه
بە قەد بەڕەی خۆت پی ڕابکێشە
پێم خۆشە گورگی وڵاتەکەی خۆم
بمخوا نەوەکوو شێری عەرزەڕۆم
ئەی خوێن مژی گەل! تا زووە بمرە
دەڵێن سەگی هار چل شەوی عومرە
زگ گورگی سەر مەڕ! بۆ وا فەقیری؟
خۆ تۆ هەوێنی نۆ مەنجەڵ شیری!
هەرچی مێروولە کردی بە ساڵێ
وشتر لێسی دا هەر بە قەپاڵێ
ئیش بە بێ زەحمەت مەحاڵە بوونی
پیاو ماسی بگرێ تەڕ دەبێ قوونی
ئاوت خواردەوە جارێک لە کانی
بەردی تێ مەخە، خۆ تۆ ئینسانی!
لەگەڵ کێ خواردت چایەکی تاڵی
خەیانەت مەکە بە سەر و ماڵی
خۆت ناحەز مەکە لە کن تەڵەبکار
حیساب بە دینار، بەخشین بە خەڵوار
هیچ عەیب ناکەی! دەبوو داڕزی
ڕەفیقی قافڵە و شەریکی دزی!
شایی لەگەڵ گورک ئەکەی بە درۆ
بۆ مەڕیش دەکەی شیوەن و ڕۆڕۆ
هیوام پێت نییە زل و بێ خێری
بە کەر ناوێری، بە کورتان شێری.
ئەوی دۆست دەیکا، پێی ناکرێ دوژمن
هەر جارێک ناشتا دەکا درۆزن
پیاو بەخزم و دۆست دەبێ کۆڵەوار
ناقەڵشێ، هۆرە لە خۆی نەبێ، دار
جێی مست و زللە، پێلەقە و شەقه
لە قەدیمەوە قسەی حەق ڕەقە
لەگەڵ ئەم بیر و باوەڕە چۆنی؟
دەڵێن چێشتی خۆش دیارە بە بۆنی.
زۆر بە نەفامم دێتە بەر نەزەر
کەسێ لە ئەسپ دابەزێ بۆ کەر
دار ویشک دەبێ بە ئاواتی باز
جارێک لە سەری بخوێنێ ئاواز.
بیستوومە پاروو لە زار بکەوێ
بۆ کۆش چاترە، نەک ئێرە و ئەوێ
ناحەقی کرا لە منی هەژار
جا فەڕقی چییە، چ گورگ و چ سوار
پێی ناوێ ئیتر ئەم فاک و فیکە
ئەگەر یەزد دوورە خۆ گەز نیزیکە
بچۆرە جێیەک هیچ کەس نەتناسێ
خۆت هەڵبکێشە پڕ بە کراسێ
بە ڕۆژ دەگەرێ بە کراسی کەتان
بە شەو دەچێتە نێو کوڵی کورتان
ئەوەی لە لای تۆ سووک و بەدناوە
لە کراسی خۆی دا وەکوو تۆ پیاوە
شۆین کڵاوی خوار مەکەوە خاڵە
فەرز لەوێ بێ سوننەت بەتاڵە
خۆ بە کوشت مەدە بۆ پاروی گەورە
بێ بەڵا نییە ئەو دووگە چەورە
هیچ سودی نییە ئیشی بەپەلە
هەر بو کاری خێر باشە عەجەلە
دۆست ئەو کەسەیە کە بتگرێنێ
دوژمن ئەوەیە پێت بکەنێنێ
دوژمنی زانا دەتکا سەربڵەند
دوستی بێ شعوور هەر دەتکا بە پەند
ئەو کەسە پیاوە بە خۆی نەخوڕێ
هیچ کەس لە پڕێ نەبوە بە کوڕێ
مەشهورە دەڵێن بەرخ هەتا سەر
لە بن سەوەتە نابێ دێتەدەر
ناحەقتە ئەگەر هیوات نەبێ پێم
من بەرخی نێرم بە کارت دەشێم
بەقایان نییە ئەسپ و ژن و چەک
بێجگە لە مانەش زۆرن بێ ئەمەگ
نانت بخە بەر سەگی بێ زمان
مەیدە بە پیاوی سپڵە و پێ نەزان
ئەم قسە گەلێ کۆن و لەمێژە
مردوو ئەگەر مرد لینگی درێژە
لە قەدیمەوە ئەم قسە قاوە
کۆیر هەتا دەمرێ بەتەمای چاوە
دۆستی کەسێک بە کاتی فەرعانە
بەجێت نەهێڵێ ڕۆژی تەنگانە
ڕێوی بە تەنیا لە کوون نەدەچوو
هەژگەڵێکیشی دەکێشا لەدوو
ئەگەر کووپەڕۆن بەتاڵ بوو سەری
گورپە وەفای بێ ناچێتە سەری
ئەگەر مەیلیان بێ سوار و پیادە
دەبن بە هاوڕێی کوێرەڕێ و جادە
بەرگەکەم شڕە لێمان ببوورە
کەوای سوور پڵاو دەخوا مەشهوورە
ئەمەش فەرموودەی قەدیمێکانە
بەرد لە جێگای خۆی قورس و گرانە
قسەی قەدیمی لە کەس مەپۆشە
دۆم هەتا ڕووت بێ مەزاقی خۆشە
ئەگەر نەم دیبا جەنابی باوکت
بێشک دەمردم، لە عەزرەت دایکت
لە شار و لادێ ئەم نەقڵە باوە
گیای شین بە جێگای سەختەوە ماوە
ئەم قسە ئەگەر تاڵیشە حەقە
دۆ هەتا زۆر بێ کەشک هەر ڕەقە
دووڕوو هەر وایە پیشە و ڕەفتاری
هەم لە ناڵ ئەدا هەم لە بزماری
ئەگەر دۆڕاندی پیاوی قومارکەر
نەڵێ بە گوونم دەبێ سەوداسەر
قەدیمی دەڵێن بۆ دەستەوەستان
هیچ فەرقی نییە گەرمێن و کوێستان
زۆری شوو لێ هەڵمەکێشە کاکە
ئاو لە ئاوەڕۆ دەر نەکەی چاکە
سەگ پشت ئەستوورە پەلامار دێنێ
بە قەوەی کلکی ئێسک دەشکێنێ
سەفەر و سەودا دوو بەڵگەی چاکن
تاقی کەرەوەی پاک و ناپاکن
ڕەنگە دەرنەچی لە ئیمتحانم
ئەگەر عەیبی تۆ تەواو بزانم
عەیبەکانی خۆت بێتە بەرچاوی
ڕەوا نابینی بە کەس بەدناوی
مەشهوورە دەڵێن خزم بە ددان
گۆشتیشت بخوا ناشکێنێ ئێسقان
کەس بە ڕواڵەت لێت مرچ و مۆنە
خوێن نابێ بە ئاو نەزیلەی کۆنە
هەر خوویەک مرۆ گرتی بە شیری
بۆی تەرک نابێ زەمانی پیری
تازە خۆت دەکەی تووش دەردەسەری
بە پیری سەری کەڵاش می کەری
بۆ ئێشی بچووک قەت تێ مەکۆشە
گۆم هەتا قوڵ بێ بۆ مەلە خۆشە
ئەوەی نەفام و بێ هۆش و گوێیە
کوتەک دەزانێ قۆناغی کوێیە
ئەمینی خەڵکە پیاوی داوێن پاک
ئالک زیاد دەکا لە خۆی ئەسپی چاک
دۆستی بەڕاستی کوا ئەم زەمانە
زۆرتری ڕەفیق بۆ نان و خوانە
بە دەس مسی قاڵ بکەی بە هەویر
نەک دەستە و نەزەر لە خزمەت ئەمیر
ئاشی فرە خێو ئەوەندە دێنێ
کاکی ئاشەوان خۆی بیقرتێنێ
گەورەیی خەرجی پێویستە مەگری
کێ بانی زۆرە زیاترە بەفری
وەک خۆهەڵکێشان عەیبێکی زلە
بە کروزانەوەش دێتەخوار پلە
بەکەر ناوێرێ زلی بێ هونەر
ڕەپەڕەپ دەکا بە کورتانی کەر
دەزانم لای تۆ ئەم قسە تاڵە
قەباڵە ئەگەر زۆر هات بەتاڵە
هەتا قەباڵەی خوێندەوە، ڕێوی
کەوڵی لە حاجەت خرا لە کێوی
ئەوەی پاشملە شا سەر دەبڕێ
شەرتە ئاشکرا قسەی دەربڕێ
کەو ئەو کەوەیە بەرانبەر بە کەو
بخوێنێ ترس و باکی نەبێ لەو
لە مردن ترسی نییە کوری شێر
هەر بۆ سەربڕین چاکە بەرخی نێر
بەو مەرگە دەڵێن جێژنە پیرۆزە
کە لەگەڵ گەل و ئاواڵ و هۆزە
براگیان هێستا ئەسپ نەکڕاوە
ئاخور هەڵبەستن خەیاڵی خاوە
هەتاکو ماوین هەوڵێ هیممەتێ
من تۆم بۆ چییە لە قیامەتێ
ئەوانەی خاوەن باخ و بێستانن
خەجاڵەتباری چلەی زستانن
گۆشت خۆرن هەموو دەعبای ئەم ناوە
کەچی هەر نێوی گورگ بەدناوە
تو پێت ڕەوا دیم ئەم کارە جوانە
نەقڵی کەڵاشی مام ئاشەوانە
دیارە هەموو کەس خۆشی دەوێ نان
بۆ لە سەردڵی دادەنێ گاوان
قەت لە شوێن چووان نەچێوە چاکە
بەس لێرە و لەوێ کای کۆن بە با کە
پیاو لە دۆستی کۆن نابێ واز بێنێ
ئاو دەڕوا هەر زیخ بەجێ دەمێنێ
ئاو بتبا مەچۆ سەر پردی نامەرد
چش با بخنکێی بە سەد ئێش و دەرد
پەسەندتر بووە چ ئێستا چ زوو
ڕێوی گەریدە لە شێری نووستوو
ژنی ماڵانگەڕ دەکەوێتە سواڵ
پیاوی زگەڕوو قەت نابێ بە ماڵ
وتیان بە گورگ تۆ دەبی بە شوان
دەستی کرد بە قوڕپێوان و گریان
وتیان بۆ دەگری خۆ کەسپی چاکە
وتی دەترسم درۆ بێ کاکە
نەم دیوە ئیشی هێندە ناقۆڵا
بـە سەردڕی خۆی ناقایلە جۆڵا
شوان دەڵێن شوانی پێ ئیفتیخارە
نان چنینەوەی لا عەیب و عارە
هەر کچیک دایک تاریفی دەکا
بۆ خاڵی دەبێ شوو بەوی دەکا
وەهای فەرمووە ڕەسووڵی ئۆمەت:
چوار شت لە چوار شت تێر نابێ قەت قەت
ژن لە مێردی باش، عەرز لە باران
ئینسان لە زانست، چاو لە ڕووی یاران
مانگا با کەڵیش بگرێ بەدزی
ئاشکرا دەزێ بێ دزی و فزی
سێ شت خەم لە دڵ دەردەکەن تەواو
ڕووی شۆخ و شەنگ و شینایی و دەم ئاو
وەک فەرموویانە پیاوانی حاڵی
قەت بۆ گا نابێ گوێلکی خۆماڵی
پەندێکی تریش هەیە لەم بارە
دەڵێن گای جووتی بە گوێلکی دیارە
قەدیمی دەڵێن درشت و وردی
زۆر سەیرە گڵمەت بگری بۆ بەردی
مریشک بۆ خۆی وەسەر نەکا خۆڵ
ناکرێ بە سەریا بە هیچ شان و قۆڵ
لە قەدیمەوە خواوەندی زانا
بو هەر زاڵمێک زەواڵی دانا
لە ئاشی زۆرت پێ چووە لە ڕێ
وەپەلە کەوتووی زوو بگەیتە جێ
لە سوورت دۆڕاند بەخێر نەیەوە
لە کا خەریکی تێی هەڵدێنیەوە