پێشکەوت

لە کتێبی:
دەستووری زمانی کوردی
بەرهەمی:
تۆفیق وەهبی (1891-1984)
 3 خولەک  860 بینین

مامۆستام «کەرنێل ئیدی» کە لە ساڵی ١٩٢٣دا دەرزی ئینگلیزی پێ ئەوتم سەردەمێ ئارەزووی کردبوو کە زمانی کوردی فێر ببێ. چونکە ئەو دەمە چاپکراوی تری کوردی نەبوو، لەسەر ڕۆژنامەی «پێشکەوتن» کە لە زەمانی مێجەرسۆنا دەرئەچوو، دەسمان کرد بە خوێندن. لە دەرزا کەرنێل ئیدی بۆ تێگەیشتنی خۆی هەمیشە وەزیفەی کەلیمەکان و گەردانی فعلەکانی لێ ئەپرسیمەوە. من لەمانەدا بە تەواوی ناشی بووم؛ مەجبوور بووم بە لێوردبوونەوەیان. پرسێ کە کەرنێل ئیدی لە دەستوورا لێی ئەکردم ئەگەر تێ نەگەیشتمایە بۆی تەعریف ئەکردم. منیش لەسەر ئەو تەعریفە وێنەم ئەدۆزیەوە هەتا گەیشتمە پایەیێ کە بتوانم جوابی گەلێ پرسەکانی بدەمەوە.

کە بەم چەشنە دەزمایەم زۆر بوو بە خەیاڵما هات کە دەستوورێکی بچکۆلەی زمانی کوردی بنووسمەوە. ئەم بیرە هەر ئەوەندەم خۆش بوو کە تێی کەوم؛ هەتا هەڵم کەند قووڵتر بوو. کە نەختێ پێش کەوتم ناقۆڵاییی حەرفەکان ڕێیان لێ گرتم. دەمێکی درێژ و هێزێکی زۆرم لەبن کەندنی ئەم ڕێلێگرەیا بە کار هێنا. دەستوورەکە خۆی لە حەرفەکان یاخیتر بوو. هەر چیشم ئەنووسییەوە بۆ پەسەندکرانی پیشانی کەرنێلم ئەدا.

من لە کەسێ ئەچووم کە سووژنێکیان دابێتە دەس و هەڵکەندنی بیرێکی قووڵیان داوا لێ کردبێ. یان لە یەکێ ئەچووم کە داروپەردوویێکی زۆریان لە بەردەم کۆمەڵ کردبێت و وتبێتیان کە «کۆشکێکی گەورە هەیە کە لە عەینی ئەم داروپەردووە دروست کراوە. ئەبێ تۆ هەر خشتێ، هەر پارچە تەختەیێ، هەر بزمارێ، بە کورتی هەر پارچەیێ لەم داروپەردووە لە چ ژوورێک یان دەرگا یان پەنجەرە و دیوار و سەربانکی ئەو کۆشکەدا بە کەڵک هێنراوە، بەبێ ئەوە کە کۆشکەکە ببینی بدۆزیتەوە».

بەڕاستی ئەم کارە بۆ من دەردەسەرێکی گەورە بوو. چونکە دەستوورێکی کوردی کە بەکەڵک بێ نەنووسرابوو هەتا تۆزێ ڕێم لێ ڕووناک بکاتەوە. هەر تەقەلایێ بوو دام، هەر بێخەوییێ بوو کێشام؛ ئێستا ئەم دەستوورەم هێناوەتە مەیان. من ناڵێم کە ئەم کارەم بێ قسوورە، هەڵبەتە قسووری هەیە، بەڵام خاوەند ئینساف تەماشای گەورەییی کارەکە ئەکا و لێم ئەبوورێ.

لە بیرما نەبوو کە جزم جزم دەریبێنم، بەڵام چونکە لەسەر ڕۆیینم بۆ لەندەن، وتم ئەوەی لە چاپ دراوە دەریبێنم بەشکوو هەتا ئەگەڕێمەوە بخوێنرێتەوە وە کە جزمەکانی ترم دەرهێنا بۆ خوێندەوارەکان ئاسانییێ ببێ.