لە داغی زولفی یار و عاریزی وەک لالە سووتاوم
لە کتێبی:
دیوانی وەفایی
بەرهەمی:
وەفایی (1844-1902)
1 خولەک
955 بینین
لە داغی زولفی یار و عاریزی وەک لالە سووتاوم
بە ڕەنگی لالە بۆیێ داغدار و غەرقی خوێناوم
دوو چاوی مەستە بێبادە، مەلایک ڕوو، پەریزادە
پەری دێوانەیی کردووم، مەلایک دەستی لێداوم
لە سەودای خەتتی یاقووتی لەب و کاکۆڵی ڕێحانی
وەکوو زولفی شکستە تێکشکاو و خاو و شێواوم
لەبەر چاوت کە ڕەمزی نوکتەبازی مەکتەبی حوسنە
وەها مەستم لە ڕەنگی حەرفی مەعنا لەوحی شۆراوم
لە نێو سەیلی سوروشک و سۆزی دڵ حەیران و مەبهووتم
لە دووریی تۆ عەجەب ماوم! نە خنکاوم، نە سووتاوم!
عیزار و زولفی تۆ - بێشک - شەو و ڕۆژ پێکەوەن ئەمما
شەو و ڕۆژ پێکەوە؟ لەو وەجهە من حەیران و داماوم
تەلیسمی بابلە، سیحری حەڵاڵە - قەد ڕەها نابم -
وەفاییناسناوی ئەدەبی! یا بە داوی زولف و ڕەمزی چاوە گیراوم؟